عەین دارە، شارێکی مێژووییە لە ڕۆژئاوای گوندی عەین دارە، پێنج کیلۆمەتر لە باشووری شاری #عەفرین# دوورە. ئەم شارە شوێنەوارییە سێ لای دەشتاییە و زەوییەکەی زۆر لەبارە بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و لە لای ڕۆژئاواوەش دەکەوێتە سەر ڕووباری عەفرین.
ئەم شارە شاکارێکی مێژوویی سەرنجڕاکێش و تایبەتە، لە چەندین باڵەخانە و پارچەی شوێنەواریی گەورەی وەک پەرستگەیەک، پەیکەری ئاژەڵی باڵدار، پەیکەری #ئەبولهۆل، # بەردەنووس، باڵەخانەی مێژوویی و پەیکەری بەردینی خواوەند عەشتار پێکهاتووە.
ئەم شارە شوێنەوارییە لە دوو بەشی باکوور و باشوور پێکهاتووە:
بەشی باشوور: بریتییە لە پارچە زەوییەکی 2500 مەتری کە کەمێک لە ئاستی ڕووی زەوی بەرزترە. بە گوتەی شوێنەوارناسان مێژووی دروستبوونی ئەم گوندە بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە و نزیکەی 10 هەزار ساڵ پێش ئێستا خەڵک لەوێ ژیاون. (ئەم بەشەی گوندە شوێنەوارییەکە تەنها یەک جار هەڵکۆڵینی زانستی بۆ کراوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵێک کەلوپەلی بەردینیی و پێکهاتەی باڵەخانە دۆزراونەتەوە، کە مێژووەکەیان بۆ چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە).
بشی باکوور: بەشی باکووری گوندی شوێنەواری عەین دارە دابەش دەبێتە سەر دوو لق.
لقی یەکەم: لە پارچە زەوییەکی تەخت بە ڕووبەری 4600 مەتری چوارگۆشە پێکهاتووە و شاری ژێر زەویی پێی دەڵێن. بە گوتەی شوێنەوارناسان ئەم بەشە لە شارە شوێنەوارییەکە، لە کۆتاییەکانی دوو هەزار ساڵ پێش زایین بە کۆمەڵێک دیوار و بنکەی چاودێری و چوار دەروازە پارێزراو بووە، تا ئێستاش بەشێک لەم شوێنانە ماونەتەوە. (ئەم بەشەی گوندی شوێنەواری عەین دارە تا ئێستا هیچ کارێکی شوینەواریی و کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە).
لقی دووەم: لێرە گردی بەناوبانگ و مێژوویی عەین دارەی لێیە، ڕووبەرەکەی 7500 مەتری چوارگۆشەیە، شوێنەوارناسان شاری سەرەوە (فەوقانیە)ی پێ دەڵێن. گرنگترین شوێنەوارەکانی ئەم بەشە پەرستگایەکی گەورە و مێژووییە، کە هێشتا مێژووی دروستکردنی بە تەواوی دیار نییە، بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەی بۆ ئەنجامنەدانی کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینی شوێنەواریی دەگەڕێتەوە، بەڵام مێژووی نیشتەجێبوون لەم شارە شوێنەوارییە تا سەردەمی #عوسمانییەکان# بێ دابڕان بەردەوام بووە.
سەرچاوە شوێنەوارییەکان ڕایان وایە مێژووی دروستکردنی ئەم پەرستگەیە بۆ سەردەمی #هیتی# و #هورییەکان# دەگەڕێتەوە. بیناسازییەکەی نزیکە لە شێوازی بیناسازیی هلێنستی کە تێکەڵەیەکە لە شێوازی بیناسازی هوری و میتانی، ئەم شێوازەش لە ناوچەکانی باکووری سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) باو بووە.
ئەم ناوچە شوێنەوارییەش هەر وەک ناوچە شوێنەوارییەکانی تری ڕۆژئاوای کوردستان بە هۆی بەردەوامی شەڕ و نالەباریی ژینگەکەی، دوچاری تێکچوون و ڕووخان بووەتەوە، تەنانەت لە ساڵی 2018 بە هۆی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکانی تورکیا نزیکەی 60%ی ئەم پەرستگەیە ڕووخاوە و وێران بووە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]