تورکیا: بەکارهێنانی سینەما وەک چەکێکی کاریگەر لە دژی کورد و کوردستان...
29. 10. 2017
#بەکر شوانی#
لە تورکیا، کورد یەکەمجار ساڵی 1951 لەسەر دەستی هەردوو دەرهێنەر عاتیف یڵماز (1925-2006) و حسێن پەیدا (1919-1990) لە فیلمی گۆڕەکەم لە بەرد هەڵبکۆڵندا گەیەنرایە سەر پەردەی زیوینی سینەما. دواتر یڵماز گونەی (1937-1984) ، چ وەک دەرهێنەر و چ وەک سیناریۆنووس، لە فیلمەکانیدا لەسەر کورد کاری کردووە. لە فیلمە تورکییەکانی ساڵانی نەوەدی سەدەی ڕابردوویش بەدواوە کورد بۆ یەکەمجار بە ناو و زمانی خۆیەوە دێتە سینەمای تورکییەوە و بینەر گوێی لە زمانی کوردی دەبێت. فیلمی گەشتی بەرەو خۆری یەشیم ئوستائۆغڵو و فیلمی پیاوی گەورە و ئەڤینی بچووکی خەندان ئیپەکجی دوو نموونەی فیلمەکانی ئەو سەردەمەن. وەک ئەکتەریش؛ تاریق ئاکان، هاکان بالامیر، تویرکان شۆرای، هولیا کۆچیغیت، فاتمە گیریک، شەنەر شەن، کەمال سونال و ئەلیاس سەلمان لە سینەمای تورکیدا نوێنەرایەتیی کوردیان کردووە.
ئەوانەی سەرەوە چەردەیەک لە و زانیارییانەن کە نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کورد موسلیم یوجەل لە دووتوێی پەڕتووکێکی هێژادا بەناوی کوردەکان لە سینەمای تورکیدا بە زمانی تورکی بە چاپی گەیاندووە. نووسەر لەم پەڕتووکەدا چەند بابەتێکی وەک ساڵانی قەدەغەکردنی زمانی کوردی لە تورکیا و سیاسەتەکانی ئاسیملاسیۆن و مێژووی سینەمای تورکی و ڕۆڵی کورد و نیشتمانی کوردانی لە و سینەمایەدا داوەتە بەر باس و توێژینەوە. پاشان بە دوای وەڵامدا گەڕاوە بۆ کۆمەڵێک پرسیاری لە جۆری: لە سینەمای تورکیدا زمانی کوردی چۆن لە ناو زمانی تورکیدا شاردراوەتەوە؟ کەی بۆ یەکەمجار زمانی کوردی لە سینەمای تورکیدا بەرگوێ کەوتووە؟ کاراکتەری کورد لە فیلمەکاندا چۆن نمایش کراوە؟... سینەمای تورکی ساڵانێکی زۆر کاراکتەری کوردی وەک کەسانی پەرپووت و نارێکپۆش و پۆشەری جلوبەرگی مایەی پێکەنین و کەسانی خاوەن ژیانی خێزانیی نامۆ و ئاغا و شێخ و چەتەی ناشارستانی نمایش کردووە. ئەو سینەمایە هەموو کاتێک هەوڵی داوە ناسنامەی ڕاستەقینەی کورد بشارێتەوە و هاتووە لەبری ئەوە کاراکتەری خەیاڵیی کوردی خوڵقاندووە و هەوڵی داوە لە و ڕێیەوە شتێک بخاتە ڕوو کە لە مێژووی هاوچەرخی تورکیادا بەڕۆژهەڵاتی/کورد ناو براوە و ئەو دەستەواژەیەیش لە ڕوانگەی زۆرینەی کۆمەڵگەی تورکیاوە هێما بووە بۆ دواکەوتوویی و نەزانی و عەشیرەتگەرایی.
بە چاوگێڕان بە ئەنجامی توێژینەوە و گەڕانەکانی موسلیم یوجەلدا بۆمان دەردەکەوێت کورد لە سەدان فیلمی تورکیدا کراوە بە بابەت، یان کاراکتەری کورد خزێندراوەتە ناو فیلمەکانەوە. بەڵام ئەو کاراکتەرانە هیچ کاتێک نوێنەرایەتیی کوردی ڕاستەقینەیان نەکردووە، یان وردتر بڵێم؛ نەویستراوە نوێنەرایەتیی کوردی ڕاستەقینە بکەن. ئەم کاراکتەرانە زمانێکی تورکیی خراپ بەکاردەهێنن، کەسانی بێ ناو و بێ کەسایەتین، سەرتاپای ژیانیان لەسەر بنەمای شەڕی نێوان عەشیرەتەکان و تۆڵەسەندنەوە داڕێژراوە و لە خەم و ئازار و هەژاری و نەداری بترازێت، هیچ شتێکی تر لە ژیانیاندا نییە. ئەوانەیشی کاراکتەری کوردیان لە سینەمای تورکیدا نمایش کردووە، هەموویان ئەکتەری تورکن و لەسەرەوە ناوی هەندێکیان براوە. ئەو کوردانەی کە ئەو ئەکتەرانە ڕۆڵیانیان گێڕاوە، بەردەوام بریتی بوون لە چەتە، ئاغا، مافیا، یان کوردی لادێنشینی نەخوێندەوار و ناشارستانی. لە ڕێی ئەو کاراکتەرانەوە کورد وەک کەسانی سەختەکار، قۆڵبڕ، پیسکە، بێبەزەیی، پاشڤەڕۆ و کەسانی پاشماوەی سەردەمی فیۆداڵی نمایش کراون.
$هەرچی خراپەکاریی مرۆڤ هەیە بە کوردەوە لکێندراوە$
موسلیم یوجەل سەرنجمان ڕادەکێشێت بۆ ئەوەی کە سەرباری تێپەڕبوونی کات و هاتنە ئاراوەی سەردەمێکی نوێ لە ناوچەکە و جیهاندا، کەچی هێشتا لە فیلم و زنجیرە تورکییەکاندا گۆڕانکاری بەسەر چۆنیەتیی نمایشکردنی کەسایەتیی کورددا نەهاتووە. ئەو کوردانەی پێشووتر وەک گوندنشینی هەژار و بێدەسەڵات نمایش دەکران، لە فیلم و زنجیرەکانی ئەم سەردەمەدا وەک کەسانێک پێشان دەدرێن کە ئاغا و مافیای دەوڵەمەند و خاوەن پاسەوان و خزمەتکاری زۆرن و لە کۆشک و سەرای شارەکاندا دەژیین و درێژە بە دابوونەریتە فیوداڵییەکان دەدەن. یوجەل پێی وایە لە فیلم و زنجیرەکانی ئەم سەردەمەیشدا هەرچی خراپەکارییەکانی مرۆڤ هەیە بە کوردەوە دەلکێندرێت و ئەمەیش نیشانەیە بۆ ئەوەی کە لە سینەما و درامای تورکیدا تێڕوانینی باو بۆ کورد نەگۆڕاوە، یان نەویستراوە و ناویسترێت گۆڕانی بەسەردا بهێندرێت. ئەکتەرێکی تورک پێویست ناکات خۆی زۆر ماندوو بکات بۆ گێڕانی ڕۆڵی کوردێک؛ تەنیا ئەوەندەی بەسە بە تورکییەکی خراپ بدوێت، وەک کاراکتەر خۆی بخاتە قاڵبی کەسێکی نەزان و پەرپووتەوە و بە و جۆرە کاراکتەرێکی کورد درووست دەبێت.
لەساڵانی 1950دا هەرە زیاد عاتیف یڵماز کاراکتەری کوردی لە فیلمەکانیدا نمایش کردووە. گۆڕەکەم لە بەرد هەڵبکۆڵن، هاواری خوێناوی، لانکی خاڵی هەندێک لە فیلمەکانی ئەو دەرهێنەرەن لە و سەردەمەدا. ئەگەرچی زۆرێک لە و فیلمانە لە گوندەکان وێنەیان گیراوە، بەڵام ڕووداوەکانی ناویان لە ژیانی ڕاستەقینەی ناو گوندەکانەوە زۆر دوورن، بە واتایەکی تر، وەک چۆن کاراکتەری کورد بە شێوێنراوی نمایش دەکرێت، ژیانی گوندنشینانی کوردیش بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپ دەستکاری کراوە. سەیر لەوەدایە عاتیف یڵماز خۆی کوردە و لە شاری مێرسین لە دایک بووە، بەڵام ئاشکرایە کە نەیویستووە، یان نەیتوانیوە لەدەرەوەی پانتایی و بارۆدۆخی باوی ئەو سەردەمەدا کار بکات. سیناریۆی زۆربەی فیلمەکانی ئەو سەردەمە لەسەر بنەمای گۆرانی و لاوکی کوردی و ئەو پەڕتووکانەی دەربارەی کوردن، داڕێژراون. بۆ نموونە؛ چیرۆکی فیلمی گۆڕەکەم لە بەرد هەڵبکۆڵن لە لاوکێکی فۆلکلۆریی دەشتی ئورفا وەرگیراوە. لێرەدا پێویستە بگوترێت ئەوە یەکەم فیلمە لە مێژووی سینەمای تورکیدا ناوی کوردی تێدا هێندرابێت.
عاتیف یڵماز ساڵانێکی درێژ خووی بە دەرهێنانی فیلمی ژیانی ناو گوندەکانەوە گرتبوو. لە فیلمی کچگەل، چاوەڕێی شاخەکان بکەنیشدا کە لە ڕۆمانێکی نووسەری تورک ئەسەد مەحموودەوە وەری گرتووە، دیسان کاراکتەرێکی کورد هەیە. ئەمجار ئەم کاراکتەرە ژنێکی کێوی و نەزانە و پێویستە ماڵی بکرێت. لە ڕاستیدا، مرۆڤ دەتوانێت لە میانەی ئەو ڕۆمان و فیلمەوە تێڕوانینی ئەو سەردەمەی تاک و کۆی تورکی بەرانبەر بە کورد بۆ دەربکەوێت. فیلمی ئاماژەبۆکراو لەبەرئەوەی بە دڵی بینەران بووە و داخوازیی زۆری لەسەر بووە، ساڵی 1968 جارێکی تر سەرلەنوێ وێنە گیراوەتەوە و دەرهێنراوە. عاتیف یڵماز کە تا کۆتایی ساڵانی شەست تەنیا فیلمی لەسەر گوندنشینان دەرهێناوە، لە سەرەتای ساڵانی حەفتادا دەستی کردووە بە دەرهێنانی فیلم لەسەر ژیانی ناو شارەکان، چونکە ئەو ساڵانە سەرەتای کۆچی کوردە لە گوندەکانەوە بۆ شارە گەورەکانی باکووری کوردستان و تورکیا.
لە و کاتە بەدواوە کۆچی کوردەکان لە دەشت و گوندەوە بۆ شار دەبێت بە بابەت بۆ سینەمای تورکی، بەڵام ئەمجار کورد لە فیلمەکاندا کاراکتەری دەرگاوان و کەسانی مایەی پێکەنین و پێ ڕابواردنن. دەرهێنەران کوردیان وەک تاکی باوکسالار و نامووسپارێز نمایش کردووە. لە فیلمەکانی ئەو سەردەمەدا پیاوانی کوردی نیشتەجێی شارەکان نایەڵن هاوسەر و خێزانەکانیان لە ماڵ بچنەدەرەوە. خۆ ئەگەر بچنە دەرەوە و بە دەرچوونەکانیان بزانرێت، ئەوا باوک و برای کوردی فیوداڵ و کەللەڕەق لەپێناوی کڕینەوەی شەرەفیاندا هاوسەر و خوشکەکانیان دەکوژن. کەچی هەر لە و سەردەمەدا پیاوانی تورک لە فیلمەکاندا وەک کەسانی هاوچەرخ و شەڕڤانی قارەمان نمایش دەکرێن.
$سەردەمی یڵماز گوینەی$
دەکرێت کۆتایی ساڵانی حەفتا و سەرەتای ساڵانی هەشتا بە سەردەمی یڵماز گوینەی دابنرێت. یڵماز گوینەی یەکەمجار وەک یاریدەدەری عاتیف یڵماز چووە دنیای سینەماوە. ئەو ئەگەرچی ساڵانی پەنجا و شەست لە هەندێک لە فیلمەکانی عاتیف یڵماز و خالید ڕەفیقدا ڕۆڵی سەرەکیی گێڕاوە، بەڵام لە ساڵانی هەشتادا ئەستێرەی لە ئاسمانی سینەمادا گەشاوەتەوە. بەتایبەتیش فیلمی ڕێگە سەرەتای قۆناغێکی نوێ بوو لە سینەمای کوردیدا. یڵماز گونەی بە پێچەوانەی عاتیف یڵماز و دەرهێنەرەکانی ترەوه، کاراکتەری وەک بێریڤانی بردە ناو فیلمەوە. کەچی دەرهێنەران و سیناریۆنووسانی تورکی ئەم سەردەمە هێشتا بە ڕێچکەی ئەوانەی پێش خۆیاندا دەڕۆن و بەتایبەتی لە زنجیرەکاندا کاراکتەری کورد لەسەر شێوازی ڕابردوو نمایش دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا موسلم یوجەل پێی وایە کاراکتەرە کوردەکانی ناو زنجیرەکانی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی سەمەن یۆڵو لە کاراکتەری ئافرێندراوی خەیاڵیش نامۆترن. بۆ نموونە؛ لە و زنجیرانەدا پیاوانی کورد شێت و شەیدای خواستنی کچانی کەمتەمەنن. لە شەڕی نێوان گەریلای کورد و سەربازی تورکیشدا، گەریلا دڕندە و مرۆڤی بێبەزەیی و خوێنڕێژە. لێرەدا تەنیا جیاوازییەک لەگەڵ ڕابردوودا ئەوەیە هەندێک لە کاراکتەرە کوردەکان لەبری ئەوەی بە تورکییەکی خراپ بدوێن، بە کوردییەکی بەمەبەست شێوێنراو دەئاخڤن. بەشێوەیەکی گشتی، لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ کاراکتەری کورد لە چەند قاڵبێکی دیاریکراودا دەخرێتە بەرچاوی بینەری سینەمای تورکی. لە فیلمە بەناو کۆمیدییەکاندا کورد کاراکتەرێکی قەشمەر و مایەی پێکەنینی بینەرانە. لە فیلمەکانی درامادا هەمیشە کورد کاراکتەرێکی بەستەزمان و بێچارەیە و لە گوندەوە بۆ شار کۆچی کردووە و هەرچەند دەکات لەگەڵ ژیانی شاردا ڕانایەت. لە فیلمەکانی ئەڤیندا دوو کچ و کوڕی گەنج عاشقی یەکدی دەبن، بەڵام باوکی کچەکە ناڕازییە و ئامادە نییە کچی خۆی بدات بە کوڕەکە. ئەو باوکەی مایەی ڕق هەستانی بینەران زۆربەی کات کاراکتەرێکی کوردە. بەکورتی؛ دەرهێنەران و سیناریۆنووسانی تورک لەبری ئەوەی کاراکتەری ڕاستەقینەی کورد لە فیلم و زنجیرەکانیاندا بخەنە ڕوو، هاتوون ئەو کاراکتەرانەیان لە خەیاڵی خۆیان و لە ژیانێکی نەبووەوە هێناوە.
$سەرئەنجام$
ئەگەرچی کوردی دەرەوەی باکووری کوردستان و تورکیا کەم تا زۆر دەزانن لەو وڵاتە هونەری سینەما خراپ لە دژی کورد بەکارهێنراوە، بەڵام تا پەڕتووکی کوردەکان لە سینەمای تورکیدای موسلیم یوجەل نەخوێنینەوە، وەک پێویست بۆمان دەرناکەوێت چۆن ئەو هونەرە بەرزەی سەردەمی ترۆپکی شارستانی لە تورکیا بەردەوام وەک چەکێکی کوشندە و جۆری ئامرازێکی ئایدۆلۆژیای فەرمیی دەوڵەت لە دژی گەلی کورد بەکاربراوە! بەڕای من، زۆر پێویستە ئەم پەڕتووکە وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و لە پەیمانگە و کۆلێژ و دامودەزگاکانی تایبەت بە سینەما و شانۆ و ڕاگەیاندندا هەبێت بۆ ئەوەی سینەماکاران و ڕۆژنامەنووسانی ئێمە بزانن لە ڕێی هونەری سینەماوە وێنەیەکی چەند خراپی کورد بە ڕای گشتیی تورک گەیەنراوە! شێواندنی کورد و کوردستان لە سینەمای تورکیدا و لای بینەری تورک بارێکی هێندە لارە کە ڕاستکردنەوەی، کاری فرە و سەنگین و کاتی زۆری دەیەوێت.
[1]