$خەنجەر و دووربینەکەی بارزانی$
#کاوە ئەمین#
#02-11-2021#
ماڵی کاک جەمال عەلەمدار دەکەوێتە سەر یەکێک لە شەقامە جوانەکانی ستۆکهۆڵم، بەسەر دەریایەکی پان و بەریندا دەڕوانێت، هەتا دڵ حەز بکات چاو لێی تێر نابێت. ئێوارەیەکی درەنگە، خۆر دوا تیشکە کزۆڵەکانی خۆی وەکوو لەشکرێکی شکستە، پاشکشە پێدەکات و ستۆکهۆڵم بەو هەموو جوانییەوە بە تاریکی و خامۆشییەکی بێدەنگ دەسپێرێت.
ئاپارتمانێکی کۆن کە ڕەنگە مێژووەکەی بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم بگەڕێتەوە، دەرگانێکی (ئەسانسۆرێکی) کۆن و پەنجەرە و دەرگا کۆنەکانی شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن.
کاک جەمال پیاوێکی قسەخۆش و دنیا دیدەیە، هەرچەند هەستدەکەی کەمێک گۆڕان بەسەر شێوەی قسەکردنیدا هاتووە، بەڵام هێشتا هەر خۆی بە کوڕەکەی #هەولێر#ە ماست دەزانێت، هەر بۆیە هەموو وێنەکانی سەردەمی منداڵی و شۆڕشی لە سندووقی هەژدەرخانەکەیدا هەڵگرتووە. بەدەم قاوەخواردنەوەوە دەست بە قسان دەکەین، من دەمەوێت زۆرترین زانیاری لە مێشکی خۆم و بە قەڵەمەکەی دەستم تۆماربکەم، بۆ ئەوەی دوایی لە بەرنامەی (پەنجەمۆر)دا وەک پرسیار دەرخواردی خۆی بدەمەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی زۆرتر. زۆر بەوردی باسی وێنەکانم بۆ دەکات، یەکێک لەو وێنانە کە وەک خۆی دەیگێڕایەوە وێنەی فەرەیدون عەبدولقادر بوو، گەنجێکی بەلەباریکە، جامانە بەسەر، ڕێک چاوی لە کامێراکە بڕیوە، هەرچەندە عەلەمدار دەیوت ڕەنگە ساڵی 1968 بێت، بەڵام پێدەچێت درەنگتر بێت.
چەند نامەیەکی کاک ئیدریس بارزانیم نیشاندەدات کە بە نازناوی (شاخ)ەوە بۆ جەمال عەلەمداری نووسیون، بە خەتێکی خۆش نووسراوە و قسە لەسەر کڕینی فڕۆکەیەکی بچووک دەکات کە بتوانن لەکاتی پێویستدا، (تی ئێن تی) لێ ببەستن و لەنێو کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووکدا بیتەقێننەوە. چەندین نامە و بەڵگە و ڕاپۆرتی مەکتەبی سیاسیی پارتیم نیشاندەدات کە هەریەکەیان گرنگییەکی تایبەتی مێژووییان هەیە.
لە یەکێک لەو کارتۆنانەدا کە شتەکانی تێدا هەڵگیراوە، خەنجەرێکم بینی، بەلامەوە زۆر جوان بوو، وامدەزانی دیاری شێخەکانی سعودیەیە کە سەردەمانێک کاک جەمال پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵیاندا هەبووە، بەڵام کاک جەمال گوتی: بۆ وا دوور ڕۆیشتی، ئەوە جوانترین دیارییە کە لای خۆم پاراستوومە، ئەوە خەنجەری ژەنەراڵ بارزانییە کە لە یەکێک لە سەفەرەکانم بۆ کوردستان کە هێشتا خوێندکار بووم، پێشکێشی کردووم، ئەوەش بزانە کە تۆ لەدەرەوەی بنەماڵەکەمان یەکەم کەسیت کە دەیبینی و دەزانی دیاریەکی وام لای خۆم پاراستووە.
$وێنەی خەنجەرەکە$
$بڕوانە فایلی پەیوەندیدار:$
تاوەکوو دەرنگانێک لەگەڵ کاک جەمال دانیشتم و پاشان خاترخوازیم کرد، کاتێکمان بۆ تۆمارکردنی بەرنامەی پەنجەمۆر دانا. لە یەکێک لە ئەڵقەکانی بەرنامەکەدا بەسەرهاتێکی دیکەی ژەنەراڵ بارزانی گێڕایەوە کە بەڵامەوە باڵکێش بوو. باسی لەوەکرد کە لەسەردانێکیدا بۆ لای ژەنەراڵ بارزانی، بەسەرهاتی ئەو دووربینەی بۆ دەگێڕێتەوە کە لە ساڵانی سییەکاندا ئەفسەرێک بەدیاردی دەیداتە بارزانی و تاوەکوو کۆتایی شەستەکانیش لای خۆی دەیپارێزێت و سوودێکی زۆری لێدەبینێت بۆ دەستنیشانکردنی مۆڵگە و شوێنەکانی دوژمن، بەڵام بە جەمال عەلەمدار دەڵێت: دووربینەکەی سەری تێدا چووە!
جەمال عەلەمدار پێیدەڵێت: ئەزبەنی بەڵێنت دەدەمێ کە دووربینێکی زۆر باشتر لەوەی خۆتت بۆ پەیدادەکەم، جا خۆم یان بە کەسێکدا دەینێرمەوە.
لە گەڕانەوەیدا بۆ ئەوروپا دەکەوێتە سۆراخی ئەوەی دووربینێکی باش بۆ ژەنەراڵ بارزانی پەیدا بکات و بەڵێنەکەی بباتەسەر، بۆیە باشترین دووربین دەکڕێت، لە گەڕانەوەیدا بۆ کوردستان دووربینەکە دەداتە بارزانی. دیارییەکە بارزانی دڵخۆش دەکات و لە خێوەتەکەی دێتە دەرەوە و بە دووربینە تازەکەی تەماشای شاخەکانی وڵات دەکات، دوای دە دەقە دێتە ژوورەوە و دەڵێت: جەمال ئەمە ئەوە نییە کە من دەمەوێت، ئەوەی من زۆر لەمە باشتر بوو!
جەمال عەلەمدار سەری سووڕدەمێنێت، چۆن دەبێ باشترین دووربینی ئەو سەردەمە لە دووربینێک کە ساڵانی سییەکان درووستکراوە باشتر نەبێت.
دەیوت نەختێک خۆم هێنا و برد، پاشان ڕووم لە بارزانی کرد و گوتم، ئەزبەنی دەتوانم شتێک بڵێم و توڕەش نەبیت؟
بارزانی لە وەڵامدا دەڵێت: ئادەی بزانم چی دەڵێی، توڕە نابم!
ئەویش بە ژەنەراڵ بارزانی دەڵێت: قوربان هیچ کێشەیەک لە دووربینکەدا نییە، بەڵکوو بەهۆی ئەوەی کە تەمەنت هەڵکشاوە، چاوەکانت کز بوون و توانای بینی جارانت نەماوە.
بارزانی کەمێک ڕادەمێنێت و دەڵێت: دەزانی تا ئێستا کەس ئەمەی بە من نەگوتووە. [1]