ناونیشانی بابەت: دوکان.. زانکۆیەکى بەریتانى کنە و پشکنین لە ئەشکەوتێکى شوێنەواریدا دەکات
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری #سلێمانى#، بە هاوکاریى تیمێکى زانکۆیەکى بەریتانى، دەستیان کردووە بە کارى کنە و پشکنین لە ئەشکەوتى زەرزێ لە سنوورى قەزاى دووکانى سەر بە پارێزگاى سلێمانى، کە مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە دە هەزار ساڵ پێش زایین.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: #ئەشکەوتى زەرزی# بە یەکێک لە شوێنەوارە بەناوبانگەکانی کوردستان و جیهان لە چاخی بەردیندا دادەنرێت و دەکەوێتە ناوچەی چەمی ڕێزان، لە ڕووی ئیدارییەوە سەربە شارەدێی سوورداشە لە قەزاى دووکان، بەرانبەر گوندی زەرزێیە و بە قەدپاڵی شاخی کونەکۆترەوەیە، دەمی ئەشکەوتەکە شێوەی نیمچە بازنەی هەیە، پانییەکەی 8م و درێژییەکەیشی 8م دەبێت.
وتیشى: ئەشکەوتەکە نزیکە لە هەردوو هەڵکۆڵراو، یان نەخش و نیگاری ئەشکەوتی قزقەپان و هەڵکۆڵراوەکەی ئەشکەوتی کوڕ و کچ.
باسى لەوەش کرد: بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1927 بۆ 1928 شوێنەوارناس (دۆرۆسی گارۆد) کاری گەڕان و هەڵکۆڵینی تێدا کردووە و چەندین پارچە شوێنەواری تێدا دۆزیوەتەوە، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی بەردینی ناوەڕاست (12- 9) هەزار ساڵ پێش زایین.
بەڕێوەبەرى شوێنەوارى سلێمانى ئەوەشى ڕوون کردەوە: ئێستا تیمێکى زانکۆى ڕیدینگى بەریتانى، بە سەرپەرشتیى شوێنەوارناس (رۆجەر ماتیوز و ویندى ماتیوز) گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێوبەرایەتیى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى هەیە، کە ساڵانە بە هاوبەشى کارى شوێنەوارى لە گردى شوێنەوارى بێستانسوور و ئەشکەوتى زەرزێ بکەن، ئەوەى ئێستا لەم ئەشکەوتە لەناوە و دامێنى خوارەوە پێی گەیشتوون، ئەڵقەى گواستنەوەى چاخى بەردینى ناوەڕاست بووە بۆ چاخى بەردینى نوێ (Mesolithic، Neolithic) .
بەشی زۆری کارەکانیی تیمەکە ئێستا لەوبەر ئەشکەوتی زەرزێ و قزقاپانەوە چڕکراوەتەوە، بەتایبەتی لەو شوێنەی پێی دەڵێن ئەوبەر زێ یان سەرزێ، کە ئەو ئەڵقە بزر و ون بووە لە قۆناغی نیشتەجێبوون 10- 11 هەزار ساڵ پێش زایینە.“
جێى باسە، پاشماوە دۆزراوەکانی ئەشکەوتەکە، کە ئێستا دۆزراونەتەوە، بریتین لە ئێسکی ئاژەڵ و باڵندە، ئامێر و کەرەستەی بەردینی جۆری فلێنت (Flint) ، کە وەک مشار، یان بڕەر و چەقۆ بەکاریان هێناوە، لەگەڵ بەردێکی شێوەی سەری باڵندە، یان وەک سەری قاز وایە، کە هاوشێوەی ئەم جۆرە بەردە پێشووتر لە فایدە لە پارێزگای دهۆک (چاخی بەردینی نوێ 8 هەزار ساڵ پێش زایین) دۆزراوەتەوە.[1]