ناونیشان: وردەکارییەکانی بودجەیەکی مێژوویی لە ئێراق؛ مەترسییەکان و دابەشبوونی بەپێی کەرتە جیاوازەکان
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #09-04-2023#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
ڕۆژی #05-04-2023#پەڕڵەمانی ئێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە بودجەی 2023 و دوو ساڵی داهاتوو کرد و چاوەڕواندەکرێت خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت و دواتریش ڕەوانەی لیژنەی تایبەتمەند بکرێت. ئەم پڕۆژە یاسایە لەڕووی ژمارەکانییەوە بە مێژوویی ناودەبرێت، نەوەکو لە تەرخانکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی ئێراق لەمڕۆ و داهاتوودا. پڕۆژەکە لە 67 ماددە پێکهاتووە کە چۆنییەتی مامەڵەکردن و خەرجییەکانی ئێراقی بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوو خستووەتەڕوو.
داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ئێراق بۆ سێ ساڵ چەند مەترسی و دەرفەتێکی جیاوازی تێدایە. لەسەرووی هەموویانەوە مەترسیی جێگیریی نرخی نەوت و هەناردەکردنی نەوتە بۆ دەرەوە. بۆ نموونە 1 دۆلار جیاوازی لەو نرخەی لە بودجەدا دانراوە 1.3 ملیار دۆلار یاخود 1.6 تریلۆن دینار جیاوازی دەخاتە ئەو پارەیەی لە نەوتەوە دێت. لە پڕۆژە یاسای بودجەکەشدا 87.14% داهات لە نەوتەوە دیاریکراوە، بەڵام بەپێی خەرجییەکانی 2022، ڕێژەی 95% ئەو پارەیەی کە خەرجکراوە، لە نەوتەوە هاتووە.
هەروەها، بەپێی ڕێنمایی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی (IMF) لەبارەی ئامادەکردنی بودجەوە ئاماژە بەوەکراوە بودجە بۆ یەک ساڵ ئامادە دەکرێت، خەرجی و داهاتی یەک ساڵ لەخۆدەگرێت و بۆ یەک ساڵیش دەنگی لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێت. بۆ نموونە زۆربەی وڵاتانی نیو ڕێکخراوی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان (OECD) کە گەورە ئابوورییەکانی وەک ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەخۆدەگرێت، بودجەکەیان بۆ یەک ساڵ ئامادە دەکەن. شانشینی سعودیە کە نزیکترین وڵاتە لە ئێراق لەڕووی بەرهەمهێنانی نەوت و داهاتەکەیەوە، بودجەکەی بۆ یەک ساڵە، بەڵام لە فرەچەشنی داهات و خەرجییەکاندا جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سعودیە و ئێراقدا هەیە.
دابەشبوونی خەرجییەکان چ خەرجی بەکاربردن یاخود خەرجی وەبەرهێنان لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا وێنایەکی دیکە بەم پڕۆژەیە لەبارەی ئێراقەوە دەبەخشێت، بۆ نموونە کۆی کارمەندانی حکومی 4 ملیۆن و 96 هەزار و 1 کارمەند دانراوە، کە 1 ملیۆن و 503 هەزار و 339 کارمەندیان لە سێکتەری ئەمنیدا کاردەکەن، واتە سێکتەری ئەمنی لە ئێراق ڕێژەی 36.7% کۆی کارمەندان پێکدەهێنێت. هەروەها، کۆی مووچە لە پڕۆژە بودجەکەوە 92.56 تریلۆن دینارە، کە ئەمەش دەکاتە 79%ی ئەو داهاتەی لە نەوتەوە دێت!
لێرەدا، هەڵوەستە لەسەر وردەکارییەکانی نیو پڕۆژە بودجەی 2023ی ئێراق دەکەین، کە ئێستا لە لیژنەی تایبەتمەندە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسەندکردنی لە پەڕڵەمان بکرێت.
=KTML_Bold=ژمارەکانی نێو بودجەی 2023ی ئێراق و دابەشبوون بەپێی سێکتەرەکان=KTML_End=
داهاتی خەمڵێنراوی ئێراق بۆ 2023 لەسەرووی 134.55 تریلیۆن دینارە، بەڵام خەرجییەکانی 199 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، کە بەتەنیا بودجەی تەرخانکراوی (بەکارخستن، بەرنامەی تایبەت و قەرزەکان) 149.55 تریلیۆن دینارە، هەروەها، ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە؛ خەرجییەکانی سەرمایەگوزاری 49.46 تریلۆن دینارە (سەرمایەگوزاری بەردەست، وەبەرهێنانی نێوخۆیی و وەبەرهێنان لە ڕێگەی قەرزەوە) ، کە نزیکەی 9.9 تریلۆن دیناری ئەو خەرجی وەبەرهێنانە لە ڕێگەی قەرزی نێوخۆیی و دەرەکییەوە دانراوە.
هەروەها، کوورتهێنانی بودجەی گشتی 64.4 تریلۆن دینارە، بەڵام لەوانەیە ئەم کوورتهێنانە ڕوونەدات و ئەگەر هەشبێت بڕەکەی زۆر کەمتر بێت، چونکە لە دوانزە مانگەکەی ساڵ، نزیکەی سێ مانگ و نیو تێپەڕیوە، هێشتا بودجەکەش پەسند نەکراوە! هەروەها، زۆربەی کوورتهێنان لە خەرجیی سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان، کە قەرزی دەرەکی بۆ دەکرێت بۆ پڕکردنەوەی، بەوپێیەش ناتوانرێت لە 8 مانگی داهاتوودا پلانی پڕۆژەکان، تەندەرین و خەرجییەکانیان بۆ بکرێت، هەرچەندە ڕێژەی 20%ی بۆ پڕۆژەی نوێ دانراوە لە بودجەی 2023.
دابەشبوونی سێکتەرەکان لە پڕۆژە بودجەی 2023دا بەشێوەیەکە کە سێکتەرەکانی (پیشەسازی، کشتووکاڵ، گواستنەوە و پەیوەندییەکان و بیناسازی) بەهەموویانەوە، 14.4% بودجەکە پێکدەهێنن، بەڵام پڕۆژەی تەرخانکراو بۆ دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرگری 15%ی بودجەکە پێکدەهێنن.
=KTML_Bold=بڕوانە خشتەی 1 لەبارەی دابەشبوونی ڕێژە و بڕی پارەی دانراو لە بودجەی 2023ی ئێراق بۆ کەرتە جیاوازەکان.=KTML_End=
=KTML_Bold=بڕوانە فایلی پەیوەندیدار:=KTML_End=
لەڕووی دابینکردنی بودجە بۆ سێکتەرە جیاوازەکان، وزە و کەرتی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینی و مووچەی شەهیدان * ڕێژەی 52%ی نیوەی بودجەکە پێکدەهێنن، لەکاتێکدا کەرتە گرنگەکانی وەک کشتووکاڵ و پیشەسازی و گواستنەوە و گەیاندن و بیناسازی و نیشتەجێبوون بە کەرتی تەندرووستیشەوە 11.8% بۆ دابینکراوە، کە ئێراق لەڕووی هەریەکە لەم کەرتانەوە نەوەک پێویستی بەڵکوو لە خراپترین دۆخدایە لەسەر ئاستی جیهان، بۆ نموونە بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، کەرتی تەندرووستی ئێراق لە ڕێزبەندی 167ەمین وڵاتە لەنێو 190 وڵاتدا.
هەروەها، لە خەرجییەکانی بەکارخستن و دابینکردنی پارە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئێراق بۆ دامەزراوەکانی سەرۆکایەتییەکان لە ئێراق بە بەراورد بەو کەرتانەی دیکە بەشێوەیەکە کە وێنا ناکرێت، بۆ نموونە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران 1.2 تریلۆن دینار، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق سەرووی 418 ملیار دینار، سەرۆکایەتی کۆمار 94 ملیار، ئەنجوومەنی ئاساییشی نیشتمانی ئێراق 401 ملیار، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی ئێراق 307 ملیار و دەزگای ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر 797 ملیار و حەشدی شەعبی 3.7 تریلۆن دینارە.
دیوێکی دیکەی ئەم بودجە مێژووییە پەیوەستە بە خەرجییەکان بۆ کەرتە جیاوازەکان، بۆ نموونە لە بودجەی پڕۆژەکان، ئەویش نەک لە داهاتی نیوخۆ بەڵکوو لە قەرزی جایکای ژاپۆنی کە بڕەکەی 1.29 ملیار دۆلارە، تەنیا 2.5 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دانراوە، بەڵام 905 ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی وەزارەتی نەوت دانراوە! هەروەها، لە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی کە بڕەکەی 418 ملیۆن دۆلارە، 26 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو دانراوە، بەڵام لە قەرزێکی 435 ملیۆن دۆلاریی بانکە بیانییەکان، 35 ملیۆن دۆلار بۆ حەشدی شەعبی دانراوە، لەکاتێکدا 3.77 تریلیۆن دیناری دیکە بۆ خەرییەکانی حەشدی شەعبی لە بودجەکەدا دانراوە.
لەکاتێکدا، بەپێی یۆنامی و بانکی جیهانی، ئێراق مەترسییەکی گەورەی لە ڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە پێشە بەشێوەیەک یۆنامی مەترسییەکانی زیادبوونی خۆڵبارین و بەبیابانبوون لە هاوینی ئەمساڵ لەسەرە و بانکی جیهانی هۆشداری لە کەمبوونەوەی ئاو و خراپبوونی کوالێتی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی ئێراق داوە، بەشێوەیەک کە زیانی 4% گەشەی بەرهەمی نیوخۆیی GDP یان 6.6 ملیار دۆلار لە ئێراق دەدات. هەروەها چاوڕواندەکرێت تاوەکوو ساڵی 2050، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما 1 پلەی سیلیزی ڕوویدات، کە ئەمەش دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی بارانبارین بەرێژەی 10% و کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بەرێژەی 20%، بەمشیوەیەش لێکەوتەکەی ئەم باوردۆخە دەبێتەهۆی ئەوەی یەک لەسەر سێ زەوییە ئاودێرییەکان لە ئێراق ئاویان نەبێت.
=KTML_Bold=پشتبەستن بە داهاتی نەوت و لێکەوتەکانی=KTML_End=
لە پڕۆژە بودجەکەدا ڕێژەی لەسەدا 87ی داهات لە نەوتەوە دێت بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، لەکاتێکدا بەپێی حساباتی کۆتایی 2022، ڕێژەی 95% داهاتی ئێراق لە نەوتەوە بووە و ڕێژەی 5%ی لە بەرهەمی نانەوتییەوە بووە.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، ئێراق ڕۆژانە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەنرخی 70 دۆلار هەناردەی دەرەوە دەکات و هەر دۆلارێک بە 1300 دینار دانراوە، لەکاتێکدا هەر لە ئێستاوە کیشە بۆ ئەمە درووستبووە. لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئێراق ڕۆژانە نزیکەی 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا پابەندی خۆی بە کەمکردنەوەی 210 هەزاری بەرمیل نەوتی دیکە لە مانگی ئایاری 2023ەوە ڕاگەیاندووە لە چوارچێوەی بڕیاری ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی 1.1 ملیۆن بەرمیل نەوت. ئەگەر بەمشیوەیەش بێت، کەواتە هەناردەی نەوتی ئێراق کە بەتێکڕا لە کانوونی دووەمی 2023دا 3.33 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، لە شوباتی 2023، بڕی 3.29 بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و لە ئاداری 2023شدا 3.25 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە، لە ئایاری ئەمساڵەوە بۆ نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەمدەبێتەوە.
هەروەها، ئەگەر نەوتی هەرێمی کوردستان دووبارە لە چوارچێوەی سۆمۆ و وەکوو ئەوەی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئێراق هاتووە، دابنێین، ئەوا هێشتا ئێراق نزیکەی 3.4 ملیۆن هەناردە دەکات و 100 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کەمتر دەبێت لەوەی دیاریکراوە، ئەمە لەکاتێکدا نیو مانگی تێپەڕاندووە و هێشتاش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە.
ئێراق دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو ڕێکخراوی ئۆپێک لە دوای سعودیە، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان سعودیە و ئێراق لە پشتبەستن بە نەوت بۆ دابینکردنی بودجە هەیە، بۆ نموونە لە ساڵی 2022دا، ڕێژەی 32%ی داهاتی سعودیە نانەوتی بووە، کە 410.9 ملیار ڕیالی سعودی بووە، واتە 68% داهاتی نەوتی بووە، کە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە 27.68 ملیار دۆلار سەرڕێژی بودجەیان هەبووە، بەڵام لە هەمان ئەو ساڵەدا داهاتی ئێراق تەنیا 5%ی نانەوتی ( 5.3 ملیار دۆلار) بووە، واتە 95%ی داهاتەکەی لە نەوتەوە هاتووە.
سعودیە وەک وڵاتێکی نەوتی لە مانگی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێکدا بودجەی ساڵانەی پەسند دەکات، کە بۆ ساڵی 2023 کۆی خەرجییەکان بە 1.114 تریلیۆن ڕیالی سعودی دانراوە، لەکاتێکدا کۆی داهاتەکان 1.130 تریلیۆن ڕیالی سعودیە، واتە 16 ملیار ڕیاڵی سعودی سەرڕێژی بودجەکەیانە، بەڵام بودجەی 2023ی ئێراق 64 تریلیۆن دینار کوورتهێنانی هەیە لەم دۆخەی نرخی نەوتدا، کە چاوەڕواندەکرێت ساڵانی داهاتوو گۆڕانکاری گەورە لە نرخی نەوتدا ڕووبدات.
ئێستا، بەتێکڕا لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا نرخی نەوت 78 دۆلار بووە، چاوەڕواندەکرێت بەتێکڕا لە 2023دا نرخی نەوت 89 دۆلار بێت، واتای 19 دۆلار سەرووی ئەو نرخەیە کە لە بودجەی 2023ی ئێراقدا هاتووە، لەکاتێکدا 1 دۆلار جیاوازی نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار دەکات.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
نزیکەی سەرووی 40%ی دانیشتووانی ئێراق لە خوار تەمەنی 15 ساڵییەوەن، کە هیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ ئەم دانیشتووانە گەنجە لە پڕۆژەیاساکەدا بەدیاریکراوی نەهاتووە، لەکاتێکدا بەپێی یونیسێف 60% گەنجەکان لە ئێراق توانای کارامەیی دیجیتاڵیان بۆ کارکردن نییە.
هەروەها، جیاوازییەکی دیکە لە داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ئێراقدا هەیە، هەرچەندە لە پڕۆژەیاساکەدا سەرووی 87% داهات لە نەوتەوە دانراوە و 13%ی نانەوتییە، بەڵام لەڕاستیدا ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو دەریدەخات کە داهاتی نانەوتی ئێراق بە دەگمەن لە 6% نزیکبووەتەوە، تەنانەت لە ساڵی 2020شدا کە ئەو کاتە نرخی نەوتی برێنت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە نزمترین ئاستی تۆمارکردبوو.
هەروەها، گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە بازاڕی وزە و کۆبوونەوەی مانگی حوزەیرانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی بەهۆی هاتنەئارای دۆخێکی نوێوە لە پەیوەندییەکان، لەوانەیە بڕیاری جیاوازتری لەوەی ئێستا لە بازاڕی وزەدا هەیە، لێ بکەوێتەوە کە ئێراق پابەنددەکرێت بەو بڕیارانەوە و، پشتبەستنی بە داهاتی نەوت مەترسی و دەرفەتی گەورەی لەڕووی بڕی هەناردەکراو و نرخی نەوتەوە لە هەگبەدایە.
لە کۆتاییدا، پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی ئێراق لە ڕووی گەورەیی ژمارەکانەوە مێژووییە، بەڵام لەڕووی وەبەرهێنان و دابینکردنی بەگوێرەی کەرتەکان جگە لە کوورتهێنانێکی خەیاڵی، ئەگەر بەمشیوەیە پەسەندبکرێت، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا نییە. ئەمەش لە خەرجییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتییەکانەوە بەڕوونی دەردەکەوێت. [1]