قورئان سوتێنەکە بناسە!
30.06.2023
سەلوان سەباح مەتی مومیکا، لە شاری قەرەقوش/حەمدانییەی دەشتی نەینەوا، لە خێزانێکی کلدان لەدایک بووە. ئەو لە زووەوە لە بەغدا دادەنیشت. ساڵی 2014 بە هاوکاری و لەسەر داخوازی دەزگای میتی تورک، حیزبی (یەکیەتی سریانی دیموکراتی) درووست کرد، کە هەر خۆیشی، لەنێوان ساڵانی 2014 تا 2018 سەرۆکی حیزبەکە بوو. ئەمە لە کاتێکدایە، کە کریستیانیەکانی ئێراق، نزیکەی ٪98 لە سەدیان کلدانن و ئەوانەی دیش ئاسووریی و چەند خێزانێکی ئەرمەنییش لە زاخۆ هەن و سریان لە ئێراق نین.
دواتر کە میت مەترسی لەوە پەیدا کرد، لایەنگرانی یەپەگە و پە\کە\کە، لەناو ئێزدیەکانی دەشتی نەینەوا دەستەڵاتیان بەهێز دەبێت، ئەم جارە دیسان سەلوان مومیکا، هەر بە پارە و داخوازی و پلانی دەزگای میتی تورک، (کەتیبەی نسووری سریان) ی دامەزراند، بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی بەرتللەی نێوان هەولێر و موسل و ئینجا قەرەقوش. ئەو تا ئەو کات، هێشتا لە بەغدا دەژیا، بەڵام بۆ گرتنی بەرتللە، ساڵی 2016 هاتە هەولێر، تا بەردەوام بتوانێت چەک، پارە و فەرمان لە میت وەربگرێت. ئەو بەئاسانی توانی هێزەکەی لە هەولێرەوە پڕچەک بکات.
دوای ئەوەی کە ڕەییان سالم سادق کلدانی، کە کلدانێکی ناسیاوی سەلوانە، بە درووستکردنی بزووتنەوەی (بابلییون) ، چووە ناو دەستەکانی (حەشدی شەعبی) و قاسم سلێمانییش کەوتە هاوکاری کردنی، توانی نەخشەکانی میت بۆ داگیرکردنی بەرتللە لە بنکەی تورکەکانەوە لە نزیک بەعشیقە، پوچەل بکاتەوە. هەر ئەو سەلوانی دەستگیر کرد و دوای پتر لە دوو هەفتە هێشتنەوەی لە زیندانی حەشد، سەلوان وازهێنانی خۆی لە کاری چەکداری ڕاگەیاند و دواتر ناردرایەوە کونسولی تورکیا لە هەولێر. ئیدی سەلوان دوای وازهێنانی لە چالاکییە سەربازیەکان، بردرا تورکیا.
لە ساڵی 2019، کاتێک کە دەزگای میت، ویستی گوشار بخاتە سەر یەکیەتی ئەوروپا، دەیان هەزار پەنابەری سووری ناردە ئەوروپا. لەناویاندا بە سەدان ئەندامی میت، لە تورک، عارەب، کورد، ئەفغانی و ئێرانیشی تێدابوو. سەلوان لەگەڵ ئەو شەپۆلەدا، خۆی گەیاندە ئەلمان و دواتر هاتە سوید.
یەکەمین کاری بۆ میت لە سویدەوە، ڕەوانکردنەوەی بوو بۆ بەغدا تا بچێتە ناو ڕەوتی سەدریەکان و بەشداری بکات لە داگیرکردن و سووتاندنی ساختمانی پەڕڵەمانی ئێراق. ئەو توانی ئەم کارە بکات و گەڕایەوە سوید.
لە ناوەڕاستی زستانیشەوە، لەگەڵ پۆلیس و دامەزراوەی دادی سویدی، لە ململانێدایە، بۆ ڕێگا پێدانی بە سووتاندنی قورئان لە بەردەم بالیۆزخانەی ئێراق، تا دادگا، دژ بە بۆچوونی پۆلیس، ڕێگای پێدا تا ئەم کارە بکات، بەڵام پۆلیس شوێنێکی دیان بۆ دیاریکرد. هێشتا دیار نییە، ئەم کارەی دوایی بۆ چ لایەنێک کردووە.
وێنەکە: سەلوان مۆمیکا، لەناو خۆپیشاندەرانی ڕەوتی سەدر، لە بەردەم پەڕڵەمانی ئێراق. خۆی وێنەکەی لە دیواری فەیسبووکی خۆی داناوە.[1]