ناونیشانی بابەت: لە ڕێگەى پڕۆژەیەکەوە جۆر و مێژووى سەردەمى گۆزە دۆزراوەکان دیارى دەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور لە وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى #کوردستان# ڕایگەیاند، لەگەڵ پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتناسى فەڕەنسى ڕێک کەوتوون، کە لە ڕێگەى پڕۆژەیەکەوە مێژووى سەردەمى گۆزە دۆزراوەکان دیارى بکەن و لەوڕووەوە کادیرانى شوێنەوارى ناوخۆ پێبگەیەنن.
کەیفى عەلی مستەفا، بەڕێوەبەرى گشتیى شوێنەوار و کەلەپوور بە (باسنیوز) ى ڕاگەیاند: لەگەڵ پەیمانگاى ڕۆژهەڵاتناسى فەڕەنسى ڕێک کەوتووین، کە بۆ ماوەى پێنج ساڵ پڕۆژەى ناسینى گۆزە و بابەتە گڵینە شوێنەوارییەکان جێبەجێ بکەین، بۆ ئەو مەبەستە، ئەوان تاقیگەیەکى پێشکەوتووى تایبەت بەو بوارە دابین دەکەن.
وتیشى: لە ڕێگەى پڕۆژەکەوە، سەردەمى گۆزە و مادە گڵینەکان دیارى دەکرێن کە هى چ سەردەمێکن و جۆرى گڵەکە لە کوێ هاتووە و پاشان بەپێى مێژووەکە پۆلین و جیاکردنەوەیان بۆ دەکەین، هاوشانى ئەوەش، دەتوانرێت پشکنین بۆ ئێسکى ئاژەڵ و کەلوپەلەکانى دیکەش بکرێت، بەڵام کارە سەرەکییەکە تایبەتە بە گۆزە و مادە گڵینەکان.
باسى لەوەش کرد: لەگەڵ کارکرنیاندا، ئەو تیمە فەڕەنسییە کادیرى شوێنەواریى ئێمەش لەسەر ئەو کارە ڕادەهێنن و دواى تەواوبوونى ئەو پێنج ساڵە، کارەکە دەدەنە دەست خۆمان، تەنانەت تاقیگە و کەلوپەلەکانى تایبەت بەو بابەتەش دەدەن بە ئێمە، بەوەش کەرتى شوێنەوار و کارى کنە و پشکنین لە هەرێمى کوردستان هەنگاوێکى باش دەچێتە پێشەوە. [1]