ناونیشانی بابەت: سلێمانى.. بڕیارێک لەبارەى خانووە کەلەپوورییەکانەوە جێبەجێ دەکرێت
ئامادەکردنی: #هەڵمەت بتوێنی#
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى #سلێمانى# ڕایگەیاند، بە پشتبەستن بە یاساى تازەى شوێنەوار، نەخشەى بنەڕەتى بۆ خانووە کەلەپوورییەکانى ناو شارى سلێمانى درووستکراوە و هەر خانوویەک تێکبدرێت، لەسەر ئەو نەخشەیە درووست دەکرێتەوە.
حسێن حەمە غەریب، بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى، بە (باسکورد) ى ڕاگەیاند: لەناو شارى سلێمانى هەشت گەڕەکى کەلەپوورى هەن، کە مێژووى درووستکردنیان دەگەڕێتەوە بۆ درووستبوونى شارى سلێمانى.
وتیشى: لە کۆى گشتیى خانووەکانى ئەو گەڕەکانە، تەنیا 14 خانوویان موڵکى بەڕێوەبەرایەتیى شوێنەوارن، کە تا ئێستا توانراوە پێنج لەو خانووانە بە شێوازە کۆنەکەى نۆژەن بکرێنەوە و بەکرێ بدرێن و بکرێنە داهاتێک بۆ خزمەتکردنەوە بە کەرتى شوێنەوار، بەتایبەتیش ئێستا هونەرمەندێک سەرقاڵى نۆژەنکردنەوەى یەکێک لەو خانووانەیە و بەنیازە بیکاتە مۆزەخانەیەکى وێنەیى.
بەڕێوەبەرى شوێنەوار و کەلەپوورى سلێمانى باسى لەوەش کرد: بەداخەوە لە کۆى ئەو خانووانەى ئەو هەشت گەڕەکە کەلەپوورییە، نزیکەى 70%ى خانووەکان ڕووخاون، یان تێکچوون، یان هەندێکیان بینایان لەسەر درووستکراوە و کراونەتە شوێنى بازرگانى، بۆیە بۆ لەمەودوا و بەپێى یاساى شوێنەوار و کەلەپوور و بە پشتبەستن بە نەخشەى بنەڕەتییان، هەر کەسێک بیەوێت خانووەکە بکڕێت و بیکاتە بینا، دەبێت لەسەر نەخشە بنەڕەتییەکە بێت و بەتایبەتى ڕووکارى دەرەوەى، هاوکات لە دوو نهۆم زیاتر نەبێت، ئەوجار دەتوانێت بیکاتە شوێنێکى بازرگانى و بوارەکانى دیکە.
حسێن حەمە غەریب، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: بەو پلان و بەرنامەیە، هەم ئەو گەڕەکانە جارێکى دیکە درووست دەکرێنەوە و سیماى شوێنەوارییان بۆ درووست دەبێتەوە، هەمیش دەبن بە شوێنێک بۆ ڕاکێشانى گەشتیاران و گەشەى کەرتى گەشتیاریى شوێنەوارى.[1]