=KTML_Bold=دڵداری لادێ=KTML_End=
دڵداریی لادێ سەیرێ جوانە
بۆت بەیان بکەم زۆر چاک بزانە
کاتێک کوڕ و کچ تەمەن شەش ساڵن
یەک بۆ یەکتری دراوسێ ماڵن
بەجووت ئەگەڕێن لە دەشت و سەحرا
بێ دایک و باوک بێ خوشک و برا
یا چێچەقولێ یاخۆ چاوشارکێ
گۆرانی وتن یاخۆ هەڵپەرکێ
یا ماڵە کۆچێ یاخۆ گیا کەندن
بۆ باوک و برا نان بۆ دەشت بردن
لە ڕێدا ترسی مەشکەدۆ ڕشتن
تاوێ ڕاکردن تاوێ دانیشتن
هەتا دەگەنە سەرگێرە و خەرمان
دەچنە ناوەڕاست کۆری دەشتەوان
نانیان دادەنێن بەجووت دووبەدوو
ئەگەڕێنەوە هەروا زووبەزوو
کاتێک دێنەوە بە گاڵتەکردن
هاشاوڵ بۆ گوێی یەکتری بردن
کە ئەگەن بەئاو شەڕە ئاو پرژێن
تاوێ پێکەنین تاوێ شەرە جوێن
ئەم چەپۆکێ لەو، ئەو چەپۆکێ لەم
ئەدەن لە یەکتر بەبێ زیاد و کەم
کە دەگەنۆ ماڵ هەر یەک ماڵ خۆیان
دایکیان خێرا نان دێنێ بۆیان
هەتا تەمەنیان دە دوانزە ساڵە
پێکەوە ئەبن ئەو دوو منداڵە
ئەمجا کچ تۆزێ تووک ئەوەرێنێ
دەموچاو دەشوا و عیشوە دەنوێنێ
لە مورووی سەوز، لەشین و لە سوور
لەرزانە دەکات بەرق بدا لە دوور
پێچکەی کەڵانە یا قۆشەی عەجەم
ئاوێزان دەکات لە زۆر و لە کەم
بۆ کیسەی سەرسنگ سمڵ و ڕێحانە
تا بۆنی خۆش بێ ئەو کچە جوانە
کڵاشی پەرۆ بەبەن ڕەش چنراو
کوڵەنجە، چیتی سوور، کۆن و داڕزاو
قەڵاقۆچکەکەی بستێ جاوی سوور
کەچی ڕوومەتی بە چەشنی بلوور
سونکە سابوونێ لەل لەتێ شانە
لەتێ ئاوێنە لە گیرفانیانە
کوڕیش بستێ خام فەقیانەی ملی
کەواکۆن باوکی بۆ بەرگ و جلی
نیوگەز چیتی سوور هەڵئەدڕێ سێ جار
ئەیداتە سەریەک درێژ وەکوو مار
ناو ئاخن دەکات لە پەڕۆی کۆنە
هەر من ئەزانم ئەو پەڕۆ چۆنە
چەپاڵێ ڕەشتی، مێزەری سەری
چەپکێ گوڵ دەدا لەبەر کەمەری
بستە خامەکەی دەخاتە سەرشان
دێت بۆ چاو بڕکێ، گوێبانە و گوێبان
دەگات بەکچە لە ڕێی کانی و ئاو
مەرحەبا گیانە، مەرحەبا سەرچاو
دەڵێت بە کچە خۆزگەم بە جاران
هەر پێکەوە بووین شەوس و ئێواران
بە پێکەنینۆ کچ دێتە وتار
چاو بڕکێ دەکات لە گەڵیا جارجار
تاوێ ئیشارە، تاوێ پێکەنین
کچ لە ترسانا بۆ باوک نواڕین
کوڕ دەڵێت بەکچ، وایە نیازم
گەر بۆم ڕێکەوێ هەر تۆ ئەخوازم
حەزت لێ دەکەم، سووچی خۆم نییە
دڵ لەسەر تۆیە، دەسەڵات چییە؟
کچ دەڵێت بە کوڕ لاچۆ درۆزن
کەم گاڵتەم پێ بکە، پەن مەدە بە من
کوڕ کە دەزانێت وا کچ حەز ئەکا
بە پێکەنینۆ سوێندی بۆ ئەخوا
وەو سەیسادقە، وەو میری سوورە
دڵم هەر بۆ تۆ چەشنی تەنوورە
وە برایم سەمین وا لە گەرمیان
وە کابلەسووری ماڵ لە مەریوان
وە نەبی یۆنس، وە هۆمە مەنان
دەستت نابڕم سەوڵی خەرامان
بەڕاستی دەڵێم گاڵتەت پێ ناکەم
داوای هەرچی کەن زووبەزوو ئەیدەم
بەڵام پەریخان، هیچ کەست نەمرێ
دەمەکەت بێنە ماچێکم بەرێ
=KTML_Bold=پەریخان:=KTML_End=
بێفەڕ ئەو باڵا ئەو قول و قاچە
بەم ڕۆژە ڕوونە کەی وەختی ماچە؟
عالەم دیارە، ئابڕوومان دەبەن
لە ئاواییدا ئەمان کەن بە پەن
=KTML_Bold=شەریف:=KTML_End=
ئەمجا کوڕ دەڵێت گیانی شیرینم
بەوەڵڵا بۆ تۆ دڵ ئاگرینم
ئەمشەو وادەمان کەلاوەی لاماڵ
بگەین بە یەکتر سا بە هەر ئەحواڵ
=KTML_Bold=پەریخان:=KTML_End=
هەتیو دەترسم دایکم بزانێ
تێر و پڕ لێمدا هەتا ئەتوانێ
کاکم بزانێ لەت لەتم ئەکا
باوکم خراپتر لە ناوم ئەبا
=KTML_Bold=شەریف:=KTML_End=
کچێ مەترسە، دنیا تاریکە
هاتمە کەلاوە بۆت دەکەم فیکە
کە فیکەکەت بیست هەڵسە بێ بۆ لام
ئیتر خوا حافیز وا من بە تەمام
***
لەویا جیا ئەبنۆ، دەچنۆ ماڵ خۆیان
بەر و بەرئاوسێ ئەڕوانن بۆیان
ئەمجا ئەم کوڕە زۆر بێ قەرارە
هەر چاوەڕێیە لە بۆ ئێوارە
کاتێک کە شەو هات دنیا بوو تاریک
کوڕ لە کەلاوە دەکات فیکەفیک
کچ کە گوێی لێ بوو، خێرا هەڵئەستێ
هەتا کەلاوە هیچ ڕاناوەستێ
کوڕ دەڵێت هاتی؟ نووری چاوەکەم
ئارامی دڵی لێقەوماوەکەم
کە ئەگەن بە یەک دەست لەمل کردن
دەم بۆ ڕوومەتی یەکتری بردن
دەستێ لەسەر مل دەستێ لە سینە
بە دەم ماچ، بە دەس مەمکە گوشینە
کچ دەڵێت لاچۆ، وەی وەی دایە گیان
وازم لێبێنە بۆ خاتر قورحان!
هەتا یەک سەعات هەر دەست بازییە
کچ و کوڕ لە یەک زۆرزۆر ڕازییە
لە پاش سەعاتە دەچنەوە بۆ ماڵ
هەر کەس بۆ جێی خۆی سا بە هەر ئەحواڵ
دایکی کچ دەڵێت ڕۆڵە لە کوێ بووی
بۆچی دیار نەبووی توخوا بۆ کوێ چووی؟
کچ دێتە وەرام بە هەزار قورحان
نیو سەعات چوومە لای باجی ڕێحان
توخوا دایە گیان، یەکجار نەخۆشە
هێندە هیلاکە دڵ بۆی پەرۆشە
دایک دەزانێت کە بۆ کوێ چووە
بەڵام دەنگ ناکا، پیشەی خۆی بووە!
=KTML_Bold=دایک پەریخان:=KTML_End=
کچی خۆم دەخیل ئامان سەد ئامان
باوکت نەزانێ، چووی بۆ لای ڕێحان
بێت و بزانێ سەرت دەبڕێ
بە چەقۆیە کول زگت دەدڕێ
=KTML_Bold=کوڕ=KTML_End=
کەوتە بەیانی کوڕ بەقیتەقیت
دەخاتە ملی دەستەسڕێ چیت
بۆستە خامەکە ڕائەوەشێنێ
بە بەردەم کچا عشوە ئەنوێنێ
ئەو شەو تا بەیان هیچ نەبووە خەوی
ئەچی بۆ دەرگای یارەکەی شەوی
ئەگەنۆ بە یەک ئەم دوو دڵدارە
ئەنواڕن بۆ یەک هەتا ئێوارە
نیوەڕۆ دوا کچی بەڵەکچاو
گۆزە هەڵدەگرێت بۆ سەر کانی و ئاو
دیسان کوڕ ئەچێ بۆ ڕێگەی کانی
لە کۆڵانا شان دەدا لە شانی
وادە وەر دەگرێت بۆ شەوی دووەم
دەچنۆ کەلاوە بەبێ دەرد و خەم
کە لە کەلاوە نزیک یەک کەوتن
ئیتر حەرامە خواردن و خەوتن
لە پاش دەسبازی و هەرا و زەنایان
دێنە سەر تەگبیر بۆ ئیساولایان
بڕیارێ دەدەن هەردوو دووبەدوو
نە ئەو ژن بێنێ نە ئەم بکا شوو
بەیانی کوڕە زۆر بەبێباکی
دەردی دڵی خۆی دەڵێت بە دایکی
دایە بزانە بێترس و ئازاد
کە من حەز دەکەم لە کچ مام موراد
بڵێ بە باوکم، نەڵێ منداڵە
گەر بۆم نەیەنێ ژیانم تاڵە
دایک لەسەر جێ لە کاتی نووستن
وتی بە مێردە، گوێ بگرە لە من
شەریفی کوڕت زۆر بە خاتر شاد
داوای ژن ئەکات، پەخەی مام موراد
=KTML_Bold=باوکی شەریف:=KTML_End=
ئافرەت شەریفم هێشتا منداڵە
وازی لێبێنە دە دوازدە ساڵە
=KTML_Bold=دایکی شەریف:=KTML_End=
ئەی هو پیاوەکە من خۆم ئەزانم
حەزی لێ دەکات دەردی لە گیانم
=KTML_Bold=باوک:=KTML_End=
جا بەڵکوو ئافرەت کچ نەبێت ڕازی
خوا خۆی ئەزانێ، کێ بێ دڵخوازی؟
=KTML_Bold=دایک=KTML_End=
نە نە پیاوەکە، ئەو خراپترە
پەخە بۆ شەریف تەواو حازرە
=KTML_Bold=باوک:=KTML_End=
کچی مام موراد هاوماڵ من نییە
کچم ناداتێ دەسەڵات چییە؟
خۆی بەزل ئەگرێ، کچ نادا بە من
مەمخەرە تانەی گشت دۆست و دوژمن
ئەو چوار پێنج بزن و مەڕێکی هەیە
یەک دوو پەلاس و بەڕێکی هەیە
دوو دێزەی سوور و خوانەیێ گڵین
شەکردانێ دار، بەرماڵی شاڵین
گوریسێکی گۆش، پەتێکی چڕاو
هەمانە کۆنێ لە گاڵ داگیراو
بێڵێکی دارین بێژنگێ دڕاو
گۆزەیێ تازە و گوزەیێ شکاو
کچم پێ نادا، خۆیشم خنکێنم
بەرامبەر بە ئەو من چۆن ئەنوێنم؟
=KTML_Bold=دایک شەریف:=KTML_End=
سا وەک تۆ دەڵێی، قاروونە قاروون
چش دەوڵەمەندە، جەحەنم بە توون
باجی ئامانی ژنی حیسابە
دەزانێت کچی دڵی کەبابە
با بۆت بەیان کەم زۆر جوان و زەریف
حەز دەکات پەخە بیدە بە شەریف
=KTML_Bold=باوکی شەریف:=KTML_End=
ئافرەت ئەو کچە بە نوشتەی قازی
بە ماڵی ئێمە قەت نابێ ڕازی
چونکە ئەو کچە نازک و نازدارە
بێچووە دەوڵەمەند لە دێ دیارە
با بیشم دەنێ، من هەر نامەوێ
بۆم بە خێو ناکرێت بۆ تەنیا شەوێ
هەتا ئەم چەرخە وا بخولێتەوە
زامی هەژاران زوو بکولێتەوە
تۆیشم پێ زیادە، بووکم بۆ چییە؟
زۆردار نایەڵی هیچ سوودی نییە!
ئەرنا من خۆم و شەریفی کوڕم
بە نووکی گاسن کێو هەڵئەدڕم
گەر زۆردار نەیبا، بۆچی وا لاتم؟
شڕ و شیتاڵ و زەبوون و ماتم؟
بووک کەوشی ئەوێ کە بیکاتە پێی
جاجمی ئەوێ کە شەو بنوێ پێی
=KTML_Bold=دایک شەریف:=KTML_End=
نە نە پیاوەکە، کچە مەمنوونە
دڵی بۆ شەریف زار و زەبوونە
=KTML_Bold=باوک شەریف:=KTML_End=
کەوتە بەیانی مامە ڕەمەزان
کەوشی کردە پێی کۆڵانبەکۆڵان
سۆفی مەولان و کاکە ئەوڕەحمان
کوێخا باوەیس و لالە نەریمان
بۆ ماڵ مام مراد سەرپاکی بردن
بۆ دەنگوباسی خوازبێنی کردن
=KTML_Bold=باوکی پەخە:=KTML_End=
مام مراد وتی: دەروێش ڕەمەزان
کچم نازارە، ئامان سەد ئامان
بۆت بەخێو ناکرێت مەچۆڕە ژێری
بەڵکوو کەنیشکێ تری بۆ بێری
=KTML_Bold=باوک شەریف:=KTML_End=
وتی: هاچیت کرد سا بێ قەزابی
تۆ گەورەی منی دەبێت ڕەزابی
دەروێش و سۆفی کە ڕوویان تێکرد
گفتیان لێ سەند، زوو بە دەسوبرد
دەسی ماچ کرا موبارەک بادی
یەک بۆ یەکتری بە ڕەویەی شادی
لە پاش چەند بەینێ زەماوەن کرا
پەریخان بۆ لای ماڵ شەریف برا
خەتای قانونی چەوت و چەوێڵە
قانوون کام قانوون؟ هەر فڕوفێلە
گەر شەریف زۆردار وازی لێبێنێ،
هەر ساڵێک بووکێ ئەتوانێ بێنێ
دەس ساق و چاو ساق، بۆ ئیش زۆر مەزبووت
بەڵام لە بەر جەور، تەواو ڕووت و قووت
دەسڕەنجی شەریف ئەر زۆردار نەیبا
ساڵێک قیمەت کچ پەیدا ئەکا
لۆکەی ساڵانەی سەلەمی حاجی
تووتن نیوەکار، بە ناعیلاجی
بەش مامە شێخیش دەبێت جیا بێ
یا لەتەکییە بێ، یا خانەقابێ [1][2]
#قانع#
#دیوانی قانع#
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=538322&document=0001.PDF=KTML_Link_External_Between=دڵداری لادێ بە (پی دی ئێف) =KTML_Link_External_End=