نووسەر: #ڕێبوار سیوەیلی# و مەعرووف حەسەن
چاپی یەکەم: 2021، ڕێکخراوی زەریاب، #هەولێر# [1]
شەپۆلی یەکەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا ئەوەندە تایبەت بوو، یەکسەر بیرمان کردەوە دەبێت ئێمە کتێبێکی لەبارەوە بنووسین. پەتاکە، جیهانی ڕاوەستاند و مرۆڤی هاویشتەوە ژوورێ و جوڵەی مەخلووقی ڕاگرت! دەتگوت ڕۆمانێکی خەیاڵی دەخوێنینەوە، کە تیایدا مۆتەکەیەکی کوشندە، ڤایرۆسێکە پێی دەگوترێت کۆڤید 19 و لە خێزانی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە.
کاتێک دەستمان بە نووسینی ئەم کتیبە کرد، هەر لە سەرەتاوە گریمانەی ئەوەمان هێنایە پێشچاو، کە دەشێت ئەم پەتایە شتێکی هەڵبەستراو بێت و هەر نەبێت، یان داوێکی تایبەت بێت بۆ هەڵەوگیرکردنی مرۆڤایەتی و داپۆشینی قەیرانەکانی دیکەی جیهان. هەروەها گریمانەی ئەوەمان کرد، کە ڕۆژگارێک ڕاستەقینەی ئەم پەتایە ئاشکرا دەبێت و لێکدانەوەکانی ئێمەش یا ڕاست دەردەچن، یان ئێمەش زانیارییەکانمان کۆن دەبن و بگرە بە درۆش دەکەوینەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەی ڕۆژانە زانیاری لەسەر ئەم ڤایرۆسە فراوانتر دەبێت و ڕۆژانەش ئەم زانیارییانە لە ئەنجامی هزرکردنی بەردەوامی زانایان و ڤاپرۆسناسەکان و تاووتوێکردنی دیاردەکەوە، دەگۆڕێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە بە خۆمان گوت، بە دوای ڕاستەقینەی ڕووداوەکە و لێکدانەوە سیاسییەکانیدا ناچین؛ تەنیا وەک ڕووداوێک، کە بە بەرچاومانەوە ڕوو دەدات، قسەی خۆمانی لەسەر دەکەین و لێکدانەوە و شڕۆڤەی دەکەین و لەگەڵ ڕووداوە هاوشێوەکانی تر لە مێژووی خۆمان و هەندێک وڵاتی دیکەی جیهاندا بەراوردیان دەکەین.
🔻ئێمە لە سەرەتای کارکردنمانەوە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕێککەوتین، کە کتێبەکە:
یەکەم: بەرهەمی تێبینی و ژیان و بیرکردنەوەی خۆمان بێت.
دووەم: ئەزموونی خۆمان و میللەتەکەمان و چۆنێتیی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی هەرێمەکە پەرچ دەکەینەوە.
سێیەم: پەیگیریکردنی ئەوەی لە جیهاندا چی لەسەر ئەم دیاردەیە دەگوترێت لە ڕووی هزریی فەلسەفییەوە و جێکردنەوەی ڕەخنە و سەرنجەکانی خۆمان لەمبارەیەوە.
چوارەم: خۆمان بە هیچ بیرمەند و ڕەوتێکی فەلسەفییەوە پابەند ناکەین.
پێنجەم: باسەکەمان لەسەر دۆخی کۆڕۆنا تێکەڵ بە بیروڕای کەسانی تر و فەیلەسووفان ناکەین و خۆشمان بە هیچ بڕیار و داوەریکردنێکی پێشینەوە نابەستینەوە.
ئەم کتێبە، بریتیە لە تێبینی، تۆمارکردن و ڕاڤەی ڕووداوەکە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکارییانەی لە خۆشماندا لە دۆخی گۆڕاندا بوون. دەمانەوێت بزانین بەو تێگەیشتنە فەلسەفی، کۆمەڵناسی، دەروونناسی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەی کە هەمانە، دەتوانین شتێک لەسەر ئەو هەموو ڕووداوانە بڵێین، بەبێ ئەوەی تەنیا گوزارشکەر بین. لەبەر ئەوە ئەم کتێبە کە بە زمانێکی ڕوون، ئاسایی و وردبینانە داڕێژراوە، دەیەوێت دۆخی کۆڕۆنا لە فرەڕەهەندیی خۆیدا بگەیەنێتە خەڵکی ئاسایی؛ لە هەمان کاتیشدا ئاستە متمانەبەخشەکەی خۆی بپارێزێت.
ژیان لەناو ساتەوەختە کارەساتاوییەکاندا، هەمیشە کارەساتەکانی پێشترت بیر دەهێنێتەوە. ئێمەش هەمیشە ئەوەمان لەبیر بوو، لە جیاتی ئەوەی باسی بیروڕای فەیلەسووف و بیرمەندانی وڵاتانی دیکە بکەین، بەیادەوەریی تراژیدیکیانەی خۆماندا بچینەوە و بۆ تێگەیشتن و دەستنیشانکردنی ئاسۆی ئەم تراژیدیا نوێیە، سوودی لێ وەربگرین، بەمەش توانای بەرگەگرتنیمان بەهێز بکەین. بۆیە دەبوو هەموو ئەوانەی لەم واقیعەدا ژیان و ئەزموونیان کرد، دواتر ڕاستگۆیانە ئەزموونی بیرکردنەوەی خۆیان لەسەر ئەم واقیعە ئەزموونکراوە باس بکەن، نەک قسەی ئەوانی ترمان بۆ بگێڕنەوە.
ڕێبوار سیوەیلی