ناونیشانی بابەت: جلوبەرگی کوردی
نووسەر: سیپان سۆفیزادە
جلوبەرگی کوردی ئەو جلوبەرگەیە کە تایبەتە بە نەتەوەی کورد و بەشێکی سەرەکیی کولتووری کوردییە و نەتەوەی کورد بە جلوبەرگە ڕەسەنەکەیەوە دەناسرێتەوە.
جلی کوردی لە ڕووی شێواز و پۆشینییەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تری کوردستان جیاوازە، لە پەیدابوونی کولتووری جلوبەرگی کوردی تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەر شێوەکەی ھاتووە بەڵام مۆرکی نەتەوەیی خۆی پاراستووە و بووەتە شوناسی نەتەوەی کورد.
=KTML_Bold=مێژووی جلوبەرگی کوردی=KTML_End=
مێژووی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کورد و کۆنترین وێنەی جلوبەرگی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەوڵەتی هەخامەنشییەکان.
کڵاوی مادەکان ئێستاش لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، زۆربەی جلوبەرگەکانی کوردی ڕەگ و ڕیشەیان لە سەردەمی مادەوە هەیە.
نووسراو و بەردەنووسەکانی سەدەکانی ڕابردوو وێنەی زۆرێک لە ژنان و پیاوانی ناوچە جیاجیاکانی ناوچەکە بە بەرگی کوردییەوە وێنا دەکەن، زۆرترین وێنەگێڕانەوەکانی کۆنەبەردەکانی سەردەمی هەخامەنشییەکانن، لەم کۆنەبەردانەدا وێنەی سەرباز و فەرماندەکانی ماد هەیە.
بە تێپەڕبوونی کات جلوبەرگی کوردی گۆڕاوە و بووەتە ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، ئاڵوگۆڕی سەرەکی دوای سەردەمی قاجار و عوسمانی بوو کە جۆراوجۆریی قوماشەکان زیادی کرد و لە قۆناغەکانی دواتریشدا هەر زیادی کردووە، لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر جلوبەرگی کوردیدا هاتووە بەڵام تا ئێستا ڕەسەنایەتیی خۆی پاراستووە و خەڵکی بە مێژوویەکی پڕ سەروەری سەیری دەکەن و دەیپۆشن.
=KTML_Bold=جلوبەرگی کوردیی ئافرەتان=KTML_End=
یەکێک لە جوانترین و سەرنجڕاکێشترین جلوبەرگەکانی جیهان بریتییە لە جلوبەرگی ئافرەتانەی کوردی، کە لەڕووی جۆراوجۆریی ڕەنگ و شێوە، زیاتر لە سەدان جۆری جیاوازی هەیە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی جلوبەرگی کوردی ئەوەیە کە بەکارهێنانی کاری دەستیی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و جۆراوجۆریی ڕەنگەکان لە هەڵبژاردنی قوماشەکانیدا بەهایەکی بەرزی پێ بەخشیوە. لە هەلومەرجێکی ئاساییدا شێوە و شێوازی ئەم جلە بەپێی ناوچەی جوگرافی و سەلیقەی ژنان دەگۆڕێت؛ بەڵام لە جەنگەکاندا ژنان وەک پیاوان جلوبەرگ دەپۆشن و جیاوازییان نییە. ئافرەتان زیاتر گرینگی دەدەن بە بەکارهێنانی کەرەستەی جوانکاری بەتایبەت مێخەک و لیرە و مورووی ڕەنگاوڕەنگ و ژێرچەنە، گۆبەرۆک، دوگمە و دۆڵاب، پشتێنی لیرە، ناوچەوان، ئاشقبەند و چەندین جۆر خشڵی دیکە. جلوبەرگی ئافرەتان چەند بەشێک لەخۆدەگرێت وەک کراس، هێلەک، سەڵتە، کەوا، کۆڵوانە، دەسماڵ، کڵاو و سەرپێچ.
=KTML_Bold=جلوبەرگی کوردیی پیاوان=KTML_End=
جلوبەرگی پیاوی کورد بەگشتی کەوا و پاتۆڵە کە شێواز و ڕەنگی جۆراجۆری هەیە.
جلوبەرگی پیاوان چەند بەشی هەیە، مەرج نییە هەموویان لە یەک کاتدا بەکاربهێنرێت.
جۆری چالاکیی ڕۆژانە وەک کەشوهەوا، سەلیقەی کەسەکە لەسەر لەبەرکردنی جلوبەرگ، کاریگەرییان هەیە، بۆ نموونە بۆ کاری ڕۆژانە یان کە لە کۆندا پیاوان زیاتر خەریکی کشتوکاڵ بوون تەنیا پانتۆڵیان (شەرواڵ) پۆشیوە بەبێ کەوا (کوورتەک).
جلوبەرگی کوردیی پیاوانیش چەند بەشێک لەخۆ دەگرێت وەک ڕانک و چۆغە، شەرواڵ یان پانتۆڵ، دێخوون (دۆخین، بەنەخوێن)، سۆرانی، پەستەک یا فەرەنجی و ....
هاوکات کەرەستەی جوانکاریشیان هەن، وەک: پشتوێن، کڵاو مشکی، جامانە یان جەمەدانی، پووشی، پوزەوانە، تەسبیح، شمشێر، خەنجەر.
=KTML_Bold=ڕۆژی جلوبەرگی کوردی=KTML_End=
زیاتر لە 10 ساڵە بەفەرمی ڕۆژی 10ی ئازاری هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان وەک ڕۆژی جلی کوردی دیاری کراوە و بە ڕۆژی جلی نیشتمانییش ناسراوە.
لەبەر ئەوەی پۆشینی جلی کوردییش بۆ ناساندنی کولتوور و ڕەسەنایەتیی کورد گرینگە، لە سەرتاسەری جیهان ئەوەی کورد بێت و بیەوێت دەتوانێت بە شێوازی جیاواز لە ڕەنگ، جۆر، مۆدێل و هەتا کولتووری شێوە دوورین و لەبەرکردنی خۆیان ئەم جلە بپۆشێت و ساڵانە لە ناوەندەکانی خوێندن فەرمانگەکان و کەرتی تایبەت ئەو یادە دەکرێتەوە و هەتا ئێستاش مۆرکی نەتەوەیی پاراستووە و توانیویەتی تا ئەمڕۆ لەنێو کوردان بەزیندوویی بمێنێتەوە.[1]