ناوی هۆنراوە: گڕپۆشی شیر
هۆزانەوان: #سەڵاح جەلال# [1]
بۆ ئەو کۆرپەیەی ئەنفال فەرماندەکە بە گڕپۆش شیری دایە
ئێستا ساتی تەقینەوەی فیزیای خوێنە
گڕپۆشە مەمکێک بورکان دەگرێت
گەردوون بێشکەیەکی شەڵاڵی خوێن
ئەنجیلۆی تەکنۆلۆژیای ژیانەوە
گەڵای ئالودەیی دۆژە،
تابلۆی مەنجەنیق دەکێشێت
زمانی ئاماژەی بوو بە تابلۆ
گەردوون بەبێ خەویی توایەوە
گەڵای شوکران و کوکە و تریاق
خومخانەی عیشقیان وێنا کرد
جەستە بەئیسپرتۆ تۆوچێن کرا.
شێزۆڤرینیای سرووشتی سەدەکان
بەپلەی سەدی دوای سفرەوە
بە بێشکەی خوێنەوە بوونیان پۆشی.
دۆژە خەیاڵی وێنەی شێرپەنجەیی
شیزۆفرینیای فیلمی ڕۆحی سەدەیە.
خوێن بە حەشیشەوە هەڵدەکفێنێت،
گڕوگاڵ و نووزە و عیشقە مەرگ
فەزای سەهۆڵبەندانی گرتەوە
ڕۆمانی مێژووی گەردوونی،
تۆڕی داڵی مەرگی هەزارەهای هەڵگرتووە
بەگێژەڵووکەی ئەزەلییەوە ڕەنگ دەبن
کەوچکی شۆفڵ، دۆژەی ئەخدودی سەدەیە.
بوون بە گۆڕستانی شووشەی هەزارەها
ڕۆح لەگەڵ خۆڵباراندا یاریی دەکەن
گەردوون بە تابلۆی بێشکەیەکەوە مۆمیا بووە
* * *
زەمەنبڕان کەوتنە خوارەوەی بوون نەبوونە
تابلۆی هەسارەی تیژڕەوی
وێنەی ژیانەوەی ڕۆحە
هەسارەی خومخانەی وێنەیی
تابلۆی گوندێکی چۆڵی کێشایەوە.
موساکانی سەردەم لەفڵچەوە ژیانەوە
بەپەلکە زێرینەی بوونەوە
وێنەی بێشکەیەکی شەڵاڵی خوێن
بەگریە بوون دەهەژێنێت
ئاسمان و زەوی تێکەڵ بوون
گەردوون کۆپی کرایەوە
ئایدزی خوێن بەگریە ئالودە بووە
جەنگی گەردوون بوونی لابرد
کۆرپە بۆنی دایکی بە ئەژدیهاوە گرتووە
تریقانەوە دەبن بە ئایدزی خوێناو
جیهان لەگڕپۆشی تفەنگێکدا کەڕولاڵ بوو
کۆرپە ئاوی بەتامی کەوسەری هەڵدەمژی
بەخوێنی خۆی شیری مردنی خواردەوە
ئەنجیلۆ و زەمەنی موسا تێکەڵ بوون
گەردوون بەبێشکەی ئەبستراکتی خوێنەوە
پەلکەزێڕینەی هەسارەکانی پێکهێنا
پەیکەرەکەی موسا لە نیلەوە ژیایەوە
عیسا و موسا و جۆریج و یوسف و یەحیا
لە سندوقەکەی ئایارخادا
بە زمانی شیرەخۆرەیی گەردوونیان قفڵ کردەوە
#14-04-2024#