دوایی ئەوەی لە کۆبوونەوەی یەکەمی قۆناغی کۆتایی خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق توانیان پلەی یەکەم بەدەست بهێنن، سەرۆکی #یانەی وەرزشی پێشمەرگەی سلێمانی# مەشقەکانی تیمەکەیانی بەسەر کردەوە و پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی ئاڕاستە کردن.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە #20-03-2024# و لەنێو هۆڵی شەهیدی ئەندازیار ئەحمەدی تایبەت بە یانەی وەرزشی پێشمەرگە و لە وادەی ئەنجام دانی مەشقە بەردەوامەکانی تیمی بالەی یانەکەیان، بەڕێز #شێخ جەعفەر شێخ مستەفا# سەرۆکی یانەی وەرزشی پێشمەرگە بە یاوەری حاکم #مەحمود ئەحمەد موڕاد# جێگری سەرۆک و سکرتێر و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانە مەشقە ئامادەکارییەکانی تیمی بالەی بەسەر کردەوە، لەو سەردانەی دا سەرۆکی یانە وێڕای پیرۆزبایی خۆی لە دەستەی ڕاهێنەر و یاریزانان بە سەرکەوتنەکانیان لە خولە بەهێزەکەی ئێراقدا، دووپاتی کردەوە کە تیمی بالەی یانەی پێشمەرگە ناوێکی دیارە لە گۆڕەپانی وەرزشی ئێراق و کوردستان دا و خاوەن چەندان نازناون لەو خولانەی بەڕێوەچوون هەر بۆیە بە گرنگی زانی ئەو سەرکەوتن و نازناوانەیان درێژە پێبدەن و یەک دەست هەوڵ بدەن لەم وەرزەدا بە ئامانجەکانیان شادبن و پاڵپشتی یانەشی بۆ دووپات کردنەوە.
جێگەی باسە تیمی بالەی یانەی وەرزشی پێشمەرگە لە کۆبوونەوەی یەکەمی قۆناغی کۆتایی خولی نایابی بالەی یانەکانی ئێراق کە یارییەکانی لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو توانیان لە کۆی چوار یاری سێ سەرکەوتن بەدەست بهێنن و 9 خاڵ یان کۆکردەوە و بوونە تیمی یەکەمی ڕیزبەندی لە کۆبوونەوەی یەکەمی قۆناغی کۆتایی خولەکەدا.
هەروەک بڕیارە یارییەکانی کۆبوونەوەی دووەمی ئەو قۆناغە لە ڕێکەوتی #24-03-2024# و لە شاری #هەولێر# و لەنێو هۆڵی #یانەی ئەکاد# دەست پێبکات و پێشمەرگەکان بۆ ئەو قۆناغەش ئامادەکاری دەکەن و دەیانەوێت هەمان ئاست پیشان بدەن.[1]