بۆکان شارێکی بەناوبانگ و گەورەی #ڕۆژهەڵاتی کوردستان#ە، سەربە شاری #ورمێ#یە کە لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران هەڵکەوتووە. ئەم شارە لە 13 دەقیقە و 46 دەرەجەی درێژایی ڕۆژهەڵاتی و 32 دەقیقە و 36 دەرەجەی پانایی باکوورییە. بە پێی دوایین دابەشکردنەکانی ئێران بەرینایی بۆکان 2541.306 کیلومەتری چوارگۆشەیە و لە باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا ئێران هەڵکەوتووە. 1340 مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە. شاری بۆکان لە باکوورەوە لەگەڵ #میاندواو#، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ساینقەڵا، لە باشوورەوە لەگەڵ #سەقز#، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ #سەردەشت# و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ #مەهاباد# هاوسنوورە.
لە ساڵی 2012–2006 لەلایەن دایرەی ئاماری ئێرانەوە بڵاوبۆتەوە، ڕێژەی دانیشتوانی بۆکان گەیشتۆتە 230٬000 کەس و لەنێو شارەکوردییەکانی ئێراندا دوای #کرماشان# و ورمێ و #سنە# گەورەترین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتنی بۆکان لەسەر شاڕێی سەرەکی باکوور و باشووری ڕۆژاوای ئێران گرینگییەکی ئەوتۆی بەم شارەبەخشیوەو بۆتەهۆی کۆچی زۆر لەگوندەکان و شارەکانی دەوروبەرەوەبۆ ئەم شارە.
شاری بوکان ئیستا دوای شاری کرماشان و سنە لە ڕوژهە لاتی کوردستان سیهەم شاری گەورە و پر حەشیمەی کوردنشینە لە ئێران
بۆکان دوهەمین شاری کۆچەروەرگر لە ئێرانە.هەروەها بۆکان دوای ورمێ دوهەمین شاری عێلم و زانستە لە ئازەربایجانی ڕۆژاوای ئێران.هەر وەها شاری بۆکان گەورەترین شار لە ناوچەی موکریانە.
بۆکان لە ناو کورد دا بە شاری زیرەک #حەسەن زیرەک#، شاری عەزیزخان موکری و بوکی کوردستان و شیرازی کوردستان و بە شاری #سادق شەرەفکەندی# بەناوبانگە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/107/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=بۆکان=KTML_Style=width:20%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/107/0001.JPG=KTML_Photo_End=
$ناوی شار$
ناوی شاری بۆکانیش وەک مێژوی شارەکە، تا ئیستا نەکەوتۆتە بەر تۆێژینەوەی ڕاستەقینە. ئەوشتانەش وا لێرەولەوێ لەمەڕ باسەکە نووسراون لەدۆخی بیروبۆچوونی خەڵکی ئاسایی نە چوونەتەدەرێ و هیچ ڕووناکییەکیان نەخستۆتە سەر مێژووی پڕ تەم و مژی ئەم شارە.
خەڵکی ناوچەکە لایان وایە کە ناوی بۆکان لەبنەڕەتدا بووکان بوە و ئەمەش بەهۆی نەریتێکەوە، کە گوایە لە ڕابردووی کۆندا، کاتێ بووک هاتوە، پێش چۆنەماڵی زاوا، بردوویانەتە سەر حەوزەگەورەی ناوەڕاستی شار و ئەمجا لەویۆە بەروماڵی زاوا بوونەتەوە! نووسەر و قەڵەم بەدەستی شار و ناوچەکەش نەک هەر ئەو چەوتییەیان ڕاست نەکردۆتەوە، بەڵکە بۆیان لە مل داون و بە شیعریان نووسین، بەڵگەیان بۆ ئەم بۆچوونە هەڵەیە پێکهیناوە.
ئەم وتارە بەنیازی دامەزراندنی سەرەتای باسێکی زانستییانە لە مەر بنەچەکی ناوی بۆکان نووسراوە. کلیلی کردنەوەی گرێ پووچکەی ئەم باسە، وشەی بەگە یان بەغە یە. بەگە یان بهەگە خودای هەموو ئەو گەلانە بوە کە پێش هاتنی #زەردەشت# لە هیندەوە تا ڕۆژاوای ئێران ژیاون. ئاویستاناسی ئێرانی ئیبراهیم پوورداود لە وتاریکدا بە ناوی بەغ ەوە دەنووسێ (وشەی یەکجار کۆنی بەغ لە سەردەمێکی زووەوە لە زمانی ئێمەدا ماوەتەوە. لە زمانە کۆنەکانی ئێران وەک ئاویستایی و فورسی کۆن دا بەغ لە سەر زاری خەڵک بوە و لە گاتاکاندا کە هەڵبەستی زەردەشتن و کۆنترین بەشی ئاوێستا پێک دێنن، بەگە بە واتای بەش و بەخت هاتوە. لە بەشەکانی تری ئاوێستاشدا بەغە هەر هەمان واتای هەیە. وشەکە لە چاوگی بەگ ەوە دێت کە لە زمانی پەهلەوی دا بۆتە بەختەن.
کارلێکراو(إسم مفعول) ی وشەکە واتە بەخت لە ئاوێستادا هاتوە کە لە زمانی پەهلەوی و فارسی و کوردیش دا بۆتە بەخت
پوورداود لە درێژەی باسەکەدا دەڵی(بەغ لە زمانە کۆنە ئێرانییەکاندا وەک بهەگ لە سانسکریتدا، مانای بەش و بەخت دەدات و لە مانای دووهەمدا واتای خوداوەند یشی هەیە کە مەفهوومی بەخشەندە شی لێ وەردەگێرێ
لە بەردەنووسە هەخامەنشییەکان و(یەک لەوان، بەردەنووسی بێستون) دا بەگە بە واتای خوداوەند هاتوە. هەر پوورداود لە شوێنێکی تری وەتارەکەیدا دەنووسێ(پێش پێغەمبەرایەتی زەردەشت، بە خوداوەند دەگوترا بەغ و پاشانیش کە ئەمان تاقەخوا یان ناونا ئاهورامزدا، وشەی بەغ لە واتای ئەسڵی و پێشووی خۆیدا مایەوە
بۆ سەلماندنی ئەم بۆچوونە، پوورداود بەڵگە دەهێنێتەوە و دەڵێ(داریوش شای هەخامەنشی لە بەردەنووسەکەی بێستون (کێوی یەزدانی بەغستان) دا، کاتێ ڕووداوەکانی ساڵانی چوارەم و پێنجەمی شایەتیی خۆی دەگێڕێتەوە، دەڵێ، ، ئەهورامەزدا و بەغانی تر لە بەر ئەوە یارمەتی منیان دا، چونکوو من قین لە دڵ و درۆزن و زاڵم نیم.، ، ) مامۆستا عەلائەددینی سەجادیش لە مێژوەکەی خۆیدا، کاتێ هاتووتە سەر باسی قەومی کاسی، دەنووسی “یەکێک لە سۆراخی هیندوئەوروپایی یەکان بە سەر کاسییەکان، وشەی بوگاش یان بوغاش کە بە مانای خوایە.” لغت نامەی دهخدا قامووسی گەورەی زمانی فارسی کە وێ دەچێ سەرچاوەی زانیارییەکانی مامۆستا سەجادیش لەم بابەتەوە بووبێ، دەڵێ، ، بهەگە لە سانسکریتدا بە واتای خودا بوە و لە پەڕتووکی پیرۆزی ڤیدا دا ئەم واتایە چەندپات کراوەتەوە، واتە لە ناو هیندوئێرانییەکاندا پێش جیابوونەوەیان لە یەکتر، ئەم شتە باو بوە.
خاتوو ماری بۆیس پسپۆڕی ناوداری مێژووی زەردەشت و ئاوێستا، لە کتێتی مێژووی زەردەشتایەتی دا چۆتە قووڵایی باسەکەوە و بە دوور و دڕێژی لە واتای وشەی بەغە و بەگە دواوە و مانای خوداوەند ی بۆ وشەکان پەسەند کردووە. دوکتۆر فەرەهوشی دانەری قامووسی زمانی پەهلەوی-فارسی، چوار واتای خودا، سەروەر، شا و هێزی خودایی ی بۆ بەغ لێک داوەتەوە و بەک یشی بە خودا و سەروەر مانا کردۆتەوە. نووسەری واژەنامە مینوی خرد دوکتۆر ئەحمەدی تەفەززولی بەغان ی بە خودایان زانیوەو زانای بە ناوبانگی ئێرانی ملک إلشعرإبهار لە پەڕتووکی سبک شناسی دا گوتویەتی، ئەم وشەی بەغ ە، یەکەم جار لە نووسراوێکی سارگون ی شای ئاشوردا لە گەڵ پاشگری دات لە شێوەی بەغ دات دا هاتوە کە ناوی پیاوێکی ئێرانی بوە.
سەبارەت بەو بەغ دات ە پوورداود دەڵێ، ، بەگ داتی یە، کە ئەویش سەرۆکێکی ماننا کان بوە و سارگۆن گرتی و فەرمانی دا بە زیندوویی پێستی بگروون. پوورداود هەروەها دەڵێ، ، وشەی بەگ پێش ئەویش لە شێوەی بیت بەگی دا بینراوە کە واتای ماڵی بەغ، یان خانەی خودا ی هەیە و ناوی شارێکی ماد بوە کە سارگۆن لە هێرشکارییەکەی خۆی بۆ سەر خاکی ئوورارتو و ماننا دا یادی لێوە دەکات.، ، من درەنگتر دەگەڕێمەوە سەر باسی بیت بەگی بەڵام با لێرەدا درێژە بە تویژینەوەی سەرچاوەکان بەدوای وشەی بەغ دا بدەین. ئەم وشەیە لە دراوی شاهانی ساسانی- شدا بینراوە، بەڵام لێرەدا، واتایەکی هەندێ نزمتەر لە ئەهورامزدای پێ بەخشراوە. لەکۆتایی سەردەمی ساسانییەکاندا ئاڵ و گۆڕیک بە سەر مانای بەغ داهات و تەنیا واتای گەورەی لێ ئیرادە کرا. تەنانەت لە پەڕتووکی یادگاری زەریران دا تەنیا بە مانای سەر هاتوە.
$مێژوو$
سەرچاوەیەکی ئوروپی سەدەی نۆزدەهەم کە باسی بۆکان و ناوچەی موکریانی کردبێت، پەڕتووکێکە بە ناوی 'مەئموورییەتی زانستی لە ئێران' کە 'ژاک دو مۆرگان'ی فەرەنسی نووسیویەتی و لە ساڵی 1851 دا لە پاریس بڵاوی کردۆتەوە. ژاک دو مۆرگان و هاوسەرەکەی وەک زانا و پسپۆڕی بواری زەویناسی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا سەردانی بەشێکی زۆری ئێرانیان کردووە و لە ئازەربایجانەوە گەیشتوونەتە موکریان، ئینجا بەرەو سنە وکرماشان ڕۆیشتوون و سەریان لە خوزستان دەر هێناوە. بە دریژایی ڕێگاش وێنە و نەقشەی چیا و ڕووبار و شوێنەوارە سرووشتیەکانیان کێشاوە، بو نموونە، کێوی تەرەغە و ئەشکەوتی سەهۆڵانی نێوان بۆکان و مەهاباد.، ژاک دو مۆرگان لە ماوەی مانەوە لە موکریان، سەردانی مەهاباد و ناوچەی مەنگوڕایەتی کردووە، پاشان بە ڕێگای بورهاندا گەیشتۆتە گوندی سەردەرابادی بۆکان و لەوێ بوە کە هەوالی مردنی سەیفەددین خانی سەرداری بۆکانی پێ گەیشتوە. دواتریش چوە بۆ بۆکان و لەوێوە بەرەو باشوورواتە کوردستانی ئەردەڵان و کرماشان و ئیلام بۆتەوە. کەسایەتییەکی بیانی دیکە کە ئاماژەی بە بۆکان و دەڤەرەکەی کردووە پرۆفیسۆر ڤلادیمیر مینورسکی توێژەری ناسراوی ڕووسە کە ساڵی 1915 لە پیترۆگراد وتارێکی بە زمانی ڕووسی بە ناوی (کورد تێبینی و وردبوونەوە) بڵاو کردۆتەوە، لەم وتارەدا باسی سەفەرێکی #مینۆرسکی# و هاوڕێکانی بۆ بۆکان دەکرێت. سەفەرەکە لە ساڵی 1911 و لە سەردەمێکدا بەرێوە چوە، کە مینۆرسکی کاربەدەست و جێگری کۆنسوولی ڕوسیای قەیسەری بوو لە شاری ورمێ و درەنگتر، لە چەند مانگ پێش سەرهەڵدانی شەڕی یەکەمی جیهانی(1914-18)دا وەک ئەندامی لێژنەیەک بۆ دیاری کردنی سنووری تورک و ئێرانی، سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی سەرسنووری دەکرد.
$سەردەمێ مانا$
بە خوێندنەوە و سەرنجدان بە حکومتی لۆلۆیی و #گۆتی#ەکان و قەومەکانی تری ناوچەکەو ئەو شوێنەوارانە ی لەگەڕان و پشکنینە شوێنەوار ناسییەکان و ئەو بەردنووسانەی دۆزاروئەتەوەو گرنگترینیان بەردنووسی قەڵایچی - کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە 800 ساڵی پێش زایین و قەڵاکۆنەکانی گوندەکانی (ئاغجێوان و ئەربەنووسی) بۆکان ئاماژە بە مێژوو شارستانییەتی کۆنی ئەم ناوچەیەی وڵاتی بۆکان دە کەن.
$سەردمێ #قاجاڕ#$
یکەم سەرژمێری کە لە ساڵی 1231 ی هەتاوی ئەنجام دراوە ڕێژەی دانیشتوانی شاری بۆکان 100 کەس بووەو لەسەردەمای ناسرەدین شای قاجار و کاتێ سەردار عەزیز خانی موکری خاوەنی بۆکان بوو 100 بنەماڵەلەبۆکان نیشتەجێ بوون.
سەردار عەزیزخان موکری، سەرداری گشتی سوپای ئێران لەسەردەمی ناسردەدین شای قاجار شش دانگێ بۆکانی لە ساڵی 1228 بە 1850 تمەن لە ئیلێ دیبۆکری دە کڕیە، ئێلی، ئەم گورانکارییانەی دەسەڵات لەدەڤەرکەدا بوو بەهۆی کە گوندی ئینگیجە لە 3 کیۆمەتری باشووری خۆرهەڵاتی بۆکان وێران بێت و گوندی سەردارئاباد(هەمان عڵی ئاواێی شاری بوکان) ئاوەدان بکرێت. هەروەها گوندی عەلیاباد کەئێستا یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری بۆکان پێشتر نێوی چاوان بووە
داوی کۆچی دوایی عزیرخانی موکری، سەیفەدین خان موکری کوڕی عەزیزخان بەدەسەڵاتی ناوچەکە دەگات، سەیفەدین خان بۆکانی بەخوری بۆکان حەوزُێک دروست دەکا و بەهۆی گەورەیی کانییەکە لەو کاتەوە تائێستا ناوی حەوزە گەورەی پێ براوە.
سەیفەدین خان بە فرۆشتنی چەند گوندێک لە موڵکەکانی خۆی لەسەر گردی پەنا حەوزە گەورەو قەڵای وێرانکراوی ڵی هەڵکەوتووە ناوی قەڵای سەرداری لەسەر دانراوە.
$سەردمێ شاهانێ ئێران$
بۆکان لە سەردەمێ ڕەزا شادا بۆ جارێکی دیکە بۆکان بەکەسێک بە نێوی (حەبیب ئاغای پەناهی تاجرباشی کە خەڵکی تەورێز بوو) فرۆشرا. لەگەرماوگەرمی شەڕی دووەمی جێهانی و سەرەتاکانی حوکومەتی محەمەد ڕەزاشا بنەماڵەی ئێلخانی زادە و یان هەمان موهتەدی بە حەوسد (700) هەزار تەمەنی ئەوکات بۆکانیان لە تاجرباشی تەورێزی ستاندوەوە.
$هاتنی ڕووسەکان و #عوسمانییەکان#$
بە هاتنی ڕووس و عوسمانییەکان بۆ ناوچەی بۆکان و مەهاباد - بۆکانیش لە شەڕی یەکەمی جیهانی نەپارێزرا و هێرشی ڕووسەکان بووە هۆی ئەوەی کە ناوچەکە وێران بێت و زۆر خەڵکی بێتاوان کوژران و لەکاتی کشانەوەی هێزکانی ڕووس شاری بۆکان لەلایەن عوسمانییەکانەوە تڵانکران. تەنات هێزکانی ئێرانش ەاوڕێ لەگەڵ عوسمانییەکان دەستیانکرد بەتاڵانیی بۆکان و ناوچەکەوە بووە هۆی خەسار و زەبرێکی زیاتر لەپرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد.
$فەرهەنگ$
یەکەم قوتابخانەی بۆکان لە ساڵی 1928 دامەزرا و یەکەم مودیرەکەی نێوی مەهدی شەیبانی خەڵکی تەورێز بوو. یەکەم مامۆستای ئەو قوتابخانەیەش (شێخ حەسەنی کازمی) بۆکانی بوو.
هەروەها لێرەدا جێی خۆیەتی کە ئاماژە بە یەکەم مامۆستای ژنی قوتابخانە لە بۆکان بکەین، هەموومان ناوی چوار ئەفسەرە شەهیدە کوردەکەی باشووری کوردستان دەزانین کە بۆ یارمەتی کۆماری کوردستان لە ساڵی 1946 دا هاتنە مەهاباد و بۆکان و پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێڕاق، بەدەست حکوومەتی پاشایەتی ئێڕاق ئیعدام کران: #محەمەد قودسی#، #خەیروڵڵا عەبدولکەریم#، #مستەفا خۆشناو# و #عیزەت عەبدولعەزیز#، یادیان بەخێر بێت!
بەڵام واهەیە کەم لە ئێمە بزانین کە هاوسەری یەک لەو چوار ئەفسەرە قارەمانە، خانمێکە بە ناوی میسری خانم کە یەکەمین مامۆستای ژن بوە لە بۆکان! میسری خانم خەڵکی مەهاباد بوە و #پێشەوا قازی محەمەد# لە سەردەمی کۆمار دا ناردوویەتە بۆکان و بۆتە مامۆستای قوتابخانە. ناوی تەواوی میسری حەسەن زادە بوە و پاشان لە بۆکان شووی بە شەهید محەمەد ئەحمەد قودسی ئەفسەری کوردی خەڵکی سلێمانی کردووە و چۆتە سلێمانی. دوای شەهید بوونی قودسیش گەڕاوەتەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە بۆکان شوی کردۆتەوە. میسری خانم بەختەوەرانە ئێستا لە ژیان دایە و لە تەمەنی 76 ساڵیدا لە بۆکان دەژی.
ئێستاکە شاری بۆکان زیاتر لە 50 هەزار قوتابی و خوێندکاری هەیە. دوو زانکۆی خوێندنی باڵای بە ناوەکانی پەیامی نوور بە نزیک 2000 خوێندکار و زانکۆی ئازادی ئیسلامی بە نزیک 1000 خوێندکار دەوی گرینگی زانستی و کولتوری لە ناوچەکەدا دەگێڕن.
لە کاتی سەردەمای کۆماری کوردستان بۆکان لە دوای ناوەندی کۆمار واتە مەهاباد گرینگترین شوێنی دەسەڵاتی کۆمار بوو. جا لەبەر ئەمە بەڕێوەبەرانی کۆمار بەشێک لە کار و چالاکییەکانیان بۆ بۆکان گوێستەوە و بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە چاپخانەکانیان هێنایە بۆکان و دەستیان بە چاپی گۆڤار و پەڕتووک کرد. یەکەم گۆڤارێکی کە لە بۆکان چاپ کرا 21 مارسی 1946 و بە پێی ئامانجەکانی کۆمار دەست بە بڵاوکرانەوەی کرا. گۆڤاری #هەڵاڵە# گۆڤارێکی ئەدەبی سیاسی بوو بە سەرنووسەریی نووسەری ناسراوی کورد حەسەن #قزڵجی# و بە یارمەتی بلیمەتی ناودار #هەژار موکریانی#، هەروەها عەباسی حەقیقی شاعیر و #هێمن موکریانی# چاپ و بڵاو دەبۆوە. ساڵی 1947 لە باشووری ئەو کاتی شار یەکەم بنکەی تەندروستی دەمەزرا و یەکەم دکتۆر و نەشتەرگەری ئەو نەخۆشخانەیە فریدریشی ئەڵمانی و بە هاوکاری خانمەکەی نەخۆشەکانیان چارەسەر دەکرد.
$جوگرافیا$
شاری بۆکان بەهۆی هەڵکەوتنی لە نێوان دوو چۆمی گەورە (تەتەهو) کە بە ناوەڕاست و (#جەغەتو#) کە بە ڕۆژهەڵاتی شاردا تێپەڕ دەبن، بە جەمسەرێکی گرینگی کشتوکاڵی لە ڕۆژاوای ئێران لەقەڵەم دەدرێ. جەغەتو لە کوێستانەکانی چل چەمە و شاخەکانی زاگرۆس و کوێستانی ماین بڵاغ سەرچاوە دەگرێ و کە دەڕژێتە بەنداوی شەهید کازمی لە 35 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی بۆکانەوە. چۆمی تەتەهوش لە کوێستانەکانی دەڤەری مەهاباد و سەقز و بانە و کوێستانەکانی باشووری کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێ و دەڕژێتە زەریاچەی ورمێ وە. لە باری ئاو و هەواوە زستانی سارد و پڕ بەفری هەیە و هەوینانیشی گەرمە. مامناوەندی بارین لە بۆکان 500 میلی مەترە لە ساڵدا. زیاترین بەفر و باران لە ناوچەی ڕۆژهاڵات و باشووری شاردا لە دوو وەرزی زستان و بەهاردا دەبارێن. هاوینی تا ڕادەیەک گەرم و زستانی سارد تایبەتمەندیی بەرچاوی کەش و هەوای بۆکانن. شارەزایان سەبارەت بە تۆپۆگرافی شاری بۆکان ئاوا دەڵێن کە زنجیرە کێوەکانی با ژێڕی بۆکان درێژەی زنجیرە کێوەکانی ئەڵپ و کوێستانەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجانە و ئەمەش بە هەرێمی جەغەتوو و چۆمی لەیلان چایەوە دیاری دەکرێ. پێکهاتەی جیۆلۆگی لە دەڤەری بۆکان لە پێکهاتەکانی جیۆلۆژی باکووری ڕۆژاوای ئێرانە. بورکانەکانی سەرەتای ئیئوسن و هەروەها کۆتاییەکانی قۆناغی سێیەم دەوروبەری شار و بەتایبەتی باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی بۆکان بۆکانیان پێکهێناوە.[1]