ساڵی 1956 لە شاری #سلێمانی# چاوی بە دنیا هەڵهێناوە، لە دوای ساڵی 1976 ە وە بەهۆی ئەوسووتانە زۆرەی جەستەیەوە هۆڵەندا باوەشی بۆگرتۆتەوەو وەکو پەناهەندە لەشاری ئەمستردامی هۆڵەندا ژیان بەڕێ دەکات لەوکاتەوە تا ئێستاو کە ئێستاش لەگەڵ هاوسەرێکی هۆڵەندی بەناوی (مارتای) ژیانیان ڕێکخستوە، لە دوای هاتنی و ئەو بارە سەختەی ژیانی وئازاری زۆری سووتاویەکەی بە ژیانێکی زەحمەت دا ئەو ڕۆژگارانەی تێپەڕاندووە لە ئازارو ئەشکەنجەی برینە ساڕێژنەکراوەکانی کە چەندین نەشتەرگەری جۆراو جۆری بۆ بەئەنجام گەیەنراوە، ساڵی 1968 وەک هەمووکەسێکی ئاسایی ومنداڵێک لەبەرخوێندن، پیاوانی ڕژێم بەهۆی کاکیەوە، کە پێشمەرگەی پارتی کۆمۆنیستی عێراق (باڵی قیادە مەرکەزی) چووبوونە سەریان ولەتەمەنی 11 ساڵیدا بە فیشەکێک قاچیان پێکاوەو برینداریان کردوە، ئەم کارە بۆتە هۆی ئەوەی کە ژیانی تێک بداو لەملاولا کەوتۆتە خۆشاردنەوە و لەوکاتەوە وەک منداڵێکی فەرامۆشکراو تێکەڵی خەباتی پێشمەرگایەتی بووە و چۆتە ڕیزی لەشکری شۆڕشگێڕی کوردستان وبەشداری لەخەباتی شۆڕشی ئە یلولی مەزن کردوە.
پاشان وەک پێشمەرگەیەکی کورد لە شۆڕشی ئەیلولی مەزندا هەربەگەنجی کەتەمەنی 18 ساڵ بووە لە چیای زۆزک بە بۆمبای قەدەغەکراوی جیهانی (فسفۆڕ) کەوڵاتێکی کۆمۆنیستی وەک سۆڤیەت دابووی بەڕژێمی عێراق بەخەستی برینداربووە، هەر وەک دەڵێت ئەم کارەساتە هەموو ژیان وبوونی کورتکردەوە بۆ بریندارێکی جەنگ، ئەوکاتە هیچ زمانێکی ئەوروپی نەزانیوە، پاشان ئەمەریکیەکان گەیاندویانەتە بەریتانیاوبە هۆی داخڵ بوونی لە نەخۆشخانەیەکی لەندەن لە مردن ڕزگاری دەبێ، زۆر جار لەلایەن ئەمەریکا و سیستەمە جیهانیەکانەوە ئەم بریندار بوونەی ئەمیان بۆ ئامانجی سیاسی بەکارهێناوە کە لە نەخۆشخانەی (نۆنڤیرستی کۆلێج هۆسپیتەڵ) ی لەندەن کەوتبوو دەیان ڕۆژنامە و کەناڵی تەلەفزیۆن چووبوونە سەردانی و چەندان وێنەی ئەویان گرتووە، وەک گەمەیەکی سیاسی و (ڕیکلامی سیاسی) دژی بلۆکی سۆشیالیستی ئەوسای (سۆڤیەت) بەکاریان هێناوە کە چۆن ئەو وەک پێشمەرگەیەکی کوردستان پێی برینداربووە.