چەند وێستگەیەکی ژیانی هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەینەدین #مەریوان#ی
نووسینی: سەباح مەلا عەبدوڵڵا
- عەینەدین ئەڵماسی، کوڕی ساڵح، ناسراو بە عەینەدین مەریوانی، مانگی گوڵانی ساڵی 1339 ه 1960 ز لە گوندی دزڵیی هەورامان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
- بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشینی خەرکانەوە، لە تەمەنی 10 مانگیدا بینایی لەدەستداوە. بەڵام دەنگێکی حەزین و دڵێکی بینا و زەینێکی ڕۆشن، بەهرەگەلێکی ئه و بوون کە کردیان بە کەسایەتییەکی هونەریی دەگمەن لە نێو گوڵزاری گۆرانیی کوردیدا.
- لە تەمەنی 11 ساڵییەوە هاوکات لە لای مەلای گونددا قورئانی خوێندووە و ئەگەرچی لە قوتابخانەی فەرمیدا نەیخوێندووە، بەڵام ئەندامی تیپی سروودی قوتابخانەش بووە.
- دەستپێکی ژیانی هونەریی ئەو، شینگێڕییەکەی بۆ حەسەن زیرەکە (بە شیعر و ئاهەنگ و ژەنیاریی خۆیەوە) لە سەرەتای هاوینی 1351 دا. ئەم گۆرانییە یەکەمجار لە ڕادیۆ #سنە#دا بڵاوبووەتەوه. و پاشان لە ڕێوڕەسمی یەکەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی زیرەک لە #بۆکان#یشدا وتوویەتەوە.
- لە ساڵی 1351 ەوە بۆ ماوەی 5 ساڵ لە ڕادیۆی سنەدا کاری هونەری کردووە. له و ماوەیەدا نزیکه و 60 گۆرانی تۆمار کردووە. ئه و بەرهەمانە جگە لە ڕادیۆ سنە، لە ڕادیۆکانی مەریوان و #کرماشان# و #مەهاباد#یشەوە بڵاوبوونەتەوە. هەروەها له و سەردەمەدا لە لای مامۆستا حەسەن کامکار بە شێوازی زانستی فێری مۆسیقا بووە و بووە بە یەکێک لە ژەنیارانی تیپە مۆسیقاکەی و لە کۆنسێرتیان لە چەند باژێڕێکی ڕۆژهەڵاتدا بەشداری کردووە.
- لە پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتایبەت لە سەرەتای داگیرکردنی کوردستاندا، کۆمەڵێک گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕانەی بەرهەم هێناوە. لەوانە: سەدەی بیستەمە کوردە تۆ ڕاپەڕه، هاوار ئەی هاوار غەمێ کوردان گرانه، پێشمەرگەیە و ئاهەنگگەلێکی وەک: سنەی خوێناوی، یادی کاک فوئاد، قیبلەکەم شاری سنەی سەربەرزم، کوردێکم ئەوێ چابوک و پتەو، ڕێگام ڕێگای ئەوینێکە و هەر شەکاوە بێ ئاڵای دیموکرات، باسی هێزەکانی حیزبی دیموکرات، شینگێڕی بۆ شەهیدانی ناوچەی هەورامان: حەمەومین نووریاوی ناسراو بە حەملە ڕووش و تۆفیقە ڕەش نۆدشەیی، لایلایە بۆ فرمێسک (کچی شەهیدێکی کۆمەڵە و برازای کاک فواد)، سڵاو له و کوردەی غیرەت ئەنوێنێ و هتد.
- ڕۆژی 14ی بەفرانباری 1359 هێزە ئەمنییەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بە بیانووی بڵاوکردنەوەی کاسێتی سنەی خوێناوی و وتنی ئاهەنگە شۆڕشگێڕییەکان، لە شاری سنەدا دەستبەسەریان کردووە و بۆ ماوەی دوو ساڵ تەبعید کراوە بۆ ئەسفەهان.
- دەستە واژەی سنەی خوێناوی یەکەم جار ئه و بەکاری هێناوە و پاشان لە ڕێگەی گۆرانییەکەیەوە چووەتە سەر زاران و لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووە بە نازناوی شاری سنە.
- شیعری زۆربەی گۆرانییەکانی هی خۆیەتی و جگە لە دانانی دەیان ئاهەنگ بۆ بەرهەمەکانی خۆی، ئامێرەکانی دەف، دایەرە، نەی، باڵەبان، فلووت، شمشاڵ، تەپڵ و تومبەکیش دەژەنێت.
- وێڕای پێشکەشکردنی گۆرانی لە چەندین تەلەفزوێن و بەشداری لە دەیان کۆنسێرت و کۆڕ و کۆبوونەوەی هونەریدا؛ لەگەڵ زۆربەی گۆرانیوێژانی کورددا چ وەک ژەنیار و چ وەک گۆرانی وتن، بەرهەمی هاوبەشی هەیە. بەتایبەت لەگەڵ ڕەحمەتی مامۆستا حەمە مەلا دا کە دەکرێ بڵێین ئاوەڵدوانەی گۆرانیی فۆلکلۆڕی ناوچەکەن.
- هونەرمەندێکی بەهەڵوێستە و بۆ زۆربەی بۆنە خۆش و بەتایبەت ناخۆشەکانی گەلەکەی گۆرانیی وتووە: لە بۆردمانەکانی شاری مەریوان لە کاتی شەڕی ئێران_عێراقەوە بگرە تا دەگاتە شینگێڕی بۆ بوومەلەرزەکەی کرماشان و مەرگی دڵتەزێنی #کۆڵبەر#ان و هتد.
- ڕزگاریی گەلی کورد لە بندەستی و بوونی بە خاوەنی دەوڵەتێک بۆ خۆی؛ گەورەترین هیوای مامۆستا عەینەدینە و ئاواتە خوازە بۆ یەک دەقێقەش بووە کوردستان بە ئازادی ببینێ و لەو ماوەیەی کە ماویە لە تەمەنی، ئاخ و خەفەتی نەمێنێ بۆ بێ وڵاتیی میللەتەکەی.
- یەک له و دەنگە نۆستالۆژیکانەیە کە لە زاکیرەی گشتیی کۆمەڵگای کوردیدا جێگیر بووە و کۆڵەکەیەکی سەرەکیی گۆرانی فۆلکلۆڕی هەورامان و مەریوان و سیمای نیو سەدە خزمەت بە مۆسیقای کوردییە.
- سەرجەم شەش جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە و ئێستا دانیشتووی شارۆچکەی کانیدینارە لە پێنج کیلۆمەتریی شاری مەریواندا.[1]