عەبدوڵڵا موعینی لە ڕۆژی چوارشەممە #14-04-1943# (24-01-1322 هەتاوی)دا لە گەڕەکی سەهۆڵخانەی شاری #مەهاباد# پێی ناوەتە سەر جیهان. عەبدوڵڵا سەردەمی منداڵیی خۆی لە باوەشی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و پڕ حەشیمەت دا بەسەر بردووە. لە شاری مەهاباد، لە دوو فێرگەی سەعادەت و سەعدی دا دەورەی سەرەتایی خوێندنی بە ئاخر گەیاندووە و دەورەی ناوەندیشی لە خوێندنگەی محەمەدرەزاشا و پەهلەوی دا تەواو کردووە.
عەبدوڵڵا هەر لە سەرەتای گەنجی و لاوی دا سەرنجی داوەتە سەر خەباتی بێ وچانی سولەیمانی برا گەورەی و لە ڕێکخراوەی نهێنی دا چالاکی نواندووە. لە کۆ کردنەوەی یارمەتی ماڵی و ناردنی بۆ شۆڕشی کوردستانی باشوور دا مۆرە و تاکێکی هەڵسوڕاوی ماندونەناس بووە.
عەبدوڵڵا دوای وەرگرتنی دیپڵۆم، نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات، چونکە هێرشی کوتوپڕی دەزگای پۆلیس و ساواکی ئێرانی لە ساڵی 1343 ی هەتاوی، بۆ سەر بەدەنەی ڕێکخراوەی نهێنیی شارەکان و گیران و دەسبەسەر بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی گەنج و لاوی کورد لە شارەکانی #سنە#، #سەقز#، #بۆکان#، مەهاباد، #شنۆ# و #نەغەدە# و گوندە کوردنشینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عەبدوڵڵا بە ناچاری وڵات جێدەهێڵێت و دەگەڵ چەندێک لە هاوڕێیانی ڕوودەکاتە ئەودیوی سنور و تێکەڵ بە هێزی شۆڕشگێڕی کوردستانی باشوور دەبێت. لە چالاکی پێشمەرگایەتی و بەتایبەت لە ڕونکردنەوە و بەرزکردنەوەی ورەی شۆڕشگێرانەی خەڵکی زەحمەتکێشی گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکدەم ناسرەوێت وخە باتی پیشمە ڕ گایە تی و سیاسی بە دل و گیان دە باتە پیش لە ڕیگایە ش دا جاریک بریندار دە بیت. بەڵام بەداخەوە لە گەرمەی هەنگاوی یەکەم و لە سەرەتا و دەسپێکی پێشمەرگایەتی و سازکردنی شانەی نهێنی لە نێو خەڵکی ئاواییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەواڵی شەهیدکردنی سولەیمان و چەندێک لە هاوڕێیانی پێ دەگاتەوە. شەهید بوونی سولەیمان و هاوڕێیانی نزیکی عەبدوڵڵا، ئەگەرچی زەربەیەکی دەردناک دەبێ، بەڵام عەبدوڵڵا و هاوسەنگەرانی خۆیان نادۆڕێنن و بە ڕوحێکی شۆڕشگێرانەوە خۆ بۆ خەبات قایمتر دەکەن. بەڵام بە هۆی ساوا بوونی هێزی سیاسی و بەتایبەت ئامادە نەبوون و لەبار نەبوونی هەل و مەرجی کۆمەڵگای ئەو سەردەمە و، سەربزێوی و خەیانەتی کەسانێکی خۆ بەدەستەوە دەر، لە جەولەیەکی پێشمەرگانەدا لە نزیک گوندی قالوێ لە مەڵبەندی گەورکایەتی، دەکەونە بەر هێرشێکی نابەرامبەری هێزەکانی دوژمن و لە شەڕێکی داسەپێندراو دا عەبدوڵڵا و مینە شەم ڕۆژی پێنج شەممە 20-06-1968 (30/3/1347 هەتاوی) شەهیددەبن.
تەرمی عەبدوڵڵا و مینە شەم دێتەوە ژاندارمەریی مەهاباد، بەڵام ساواک ئامادە نابێ تەرمەکان ڕادەستی کەس و کاریان بکاتەوە. دەڵێن فەرماندەی ژاندەرمەریی ئەو سەردەمەی مەهاباد (سەرهەنگ بابایی)گوتبووی کە تەنیا کەسێک کە دەتوانێ بۆ وەرگرتنەوەی تەرمی شەهیدەکان سەردانی ساواک بکات و ئەم ئەرکە ڕاپەڕێنێت، شێخ محەمەد معسوم، باوەڕپێکراوی حکومەتە و بەس. باوکی عەبدوڵڵا چەند کەسێک دەنێرێتە لای شێخ، بەڵام شێخ ناچێتە ژێر ئەو داواکارییە و خۆی لێ نادا. ساواک و ژاندارمەری تەرمی عەبدوڵڵا و مینە شەم دەنێرنە پادگانی #پیرانشار# و لە گۆڕستانێکی کۆنی ئەو شارۆچکەیە دا بە خاکیان دەسپێرن.