28ی گەلاوێژ لە مێژووی کوردستان و ئێران دا وەبیرهێنەرەوەی دوو ڕووداوی مێژوویی تاڵ و سێبەری ڕەشی دیکتاتۆری لە سەر گەلانی ئێرانن. لە 28ی گەلاوێژی ساڵی 1953دا محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی بە هاوکاری هێزە ئیمپریالیستیەکانی سەردەم کۆدیتایەکی دژی دەوڵەتی نەتەوەیی دکتۆر محەمەد مسەدق کرد و سێبەری ڕەشی دیکتاتۆری بە سەر ئێراندا سەپاند. محەمەد مسەدق نەتەوەگەرایەک بوو کە باوەڕی بە جۆری کۆماری بەرێوەبەری ولات هەبوو و نیمچە ئازادیەک لە سەردەمی سەرۆک وەزیری ئەودا لە ئێران پێک هاتبوو. بە جۆرێک کە حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسی یەک لەوان حیزبی دێموکراتی کوردستان (ئێران) لەو سەردەمەدا چالاکانە خەباتیان دەکرد. کۆدیتای 28ی گەلاوێژی ساڵی 1953 خەباتی سیاسی لە ناو شار و پەرلەمانەوە بۆ ناو مزگەوت برد و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتەوە.
لە 28ی گەلاوێژی 1979دا دوای بە تاڵان بردنی شۆرشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵلا خومەینی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی فەرمانی جەهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و بەوە شەڕێکی نەخوازراو بەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپا. لە ئاکامی ئەو فەرمانە ئایینی – سەرکوتکەرانەدا هێزەکانی ئێران کوردستانیان کردە مەکۆی قەڵاچۆ، گوندو شارەکانی کوردستان کەوتنە بەر بۆردمان و وێرانی. کۆماری ئیسلامی ئێران وەک دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (#داعش#)ی ئێستا بەزەیی بە مناڵەکانیش نەدەهات و ئەوان دەدا بەر دەستدرێژی خۆیان. لەوساوە تا ئەمرۆ شەڕی کۆماری ئیسلامی دژی خەڵکی کورد بە هەموو شێوەکانی نیزامی، ئابووری، ڕەوانی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و پەروەردەیی بەردەوامە.
فەرمانی جەهاد کە فەتوایەکی ئایینیە و لەلایەن ئایەتوڵلایەکی دەسەڵاتدارەوە دەرچووە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت هەڵنەوەشاوەتەوە و بە پێی ئایینی شیعەش ئەو فەرمانەی کە لەلایەن ڕێبەرێکی ئایینیەوە دەدرێت تەنیا دەتوانێت لەلایەن کەسێکی بەرزتر لەو هەڵوەشێنرێتەوە. خومەینی کە سەردەمێک جێگری ئیمامی زەمان لە سەر گۆی زەوی بووە تا ئێستاش لە گەڵ بووبێت کەسێکی هاوشانی نەدۆزراوەتەوە، بۆیە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی وەفادار بەو فەتوایە لە تەنگ کردنی گەمارۆکانی سەر خەڵکی کوردستان، بە گۆرینی ناسنامەی نەتەوایەتیان و قەدەغەکردنی هێما کولتووری و نەتەوایەتیەکانیان، بە زیندانی کردن، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی و بڵاوکردنەوەی تۆری جاسووسی و دووبەرەکی خستنەوە لە ناو ڕیزەکانی خەباتگێرانی ڕزگاری کوردستان هەروا درێژە بەو فەرمانە دەدەن و بۆ ئەوان کوشت وبڕ و لەناوبردنی گەلی کورد بەجێ هێنانی ئەرکێکی ئایینیە.
تەنیا ڕێگای ڕزگاری لەو فەرمانە ئایینیە ڕزگاری لە کۆماری ئیسلامی و ڕزگاری نەتەوایەتی لە زیندانیکدایە بە ناوی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. لەو سەردەمەدا کە ئاستی وشیاری، خۆرێکخەری و داخوازە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرزتر لە هەموو مێژووی چەندین دەیەی خەباتی خۆیدایە، ئەرکی ڕزگاری خوازانی کورد و هێزە سیاسیەکانی کوردستان یەکیەتی نەتەوایەتی و بەدەست هێنانی دەنگێکی هاوبەشە بۆ بەرەورووبوونەوە لە گەڵ ئەو بەرپرسایەتیە مێژووییەی لە سەر شانیانە. تەنانەت گەر بڕیار بێت ڕێگا چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکدا بێت، بەبێ یەکگرتوویی و یەک دەنگی بزاڤی کورد داخوازەکانی نەتەوەکەمان لە لایەن کاربەدەستانی ئەمرۆ و هێزەکانی ئوپۆزیسیۆنەوە بەجیدی وەرناگیرێن و کورد هەروا بە ئێرانیانی ئەسیڵ دەناسرێن کە لە گەڵ کۆمەڵگای ئێرانی تێکەڵ بوون و هەروا برابچووکی نەتەوەی سەردەست دەمێننەوە.[1]