$باکووری کوردستان$
- لە شارۆچکەی دۆغوبایەزید لە پارێزگای #ئاگری# لە باکووری کوردستان، شەڕ و پێکدادان لە نێوان گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (#پەکەکە#) و سوپای تورکیا ڕوویدا. لە ئاکامدا سەربازێکی سوپای تورکیا بە سەختی بریندار بووە و دواتریش گیانی لەدەستداوە.[1]
- وتەبێژی حکومەتی تورکیا ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتوون بۆ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێک لە دژی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئه و ئۆپراسیۆنە لە ڕێگەی فڕۆکە و سەربازە تورکییەکانەوە ئەنجامدەدرێت.[3]
$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- ئێوارەی ئەمڕۆ، لە هەریەکە لە شارەکانی، #سنە#، #مەریوان#، #کامیاران#، #بۆکان# و ڕشت، چالاکیی بۆ پشتیوانیی عەفرین بەڕێوەچوو.[4]
- هێزە سەربازییەکانی حکومەتی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر سنووری تەتە لە #هەورامان#، کە کەوتووەتە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان، ژمارەیەک #کۆڵبەر# و کاسبکاری کوردیان دەستگیرکردووە و ژمارەیەکیش برینداربوون.[2]
- چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات لە ئێران، بڵاویکردووەتەوە، کە سێ چالاکی مەدەنی ناسراوی شاری مەریوان، بەناوەکانی عەدنان حەسەنپوور، حەمەی دانش و ناسح باخیشی، لە کاتی بەڕێوەچوونی گردبوونەوەی پشتگیری بۆ عەفرین لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە مەریوان دەستبەسەر کراون.[2]
$باشووری کوردستان$
- ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کوردستان دەڵێت، هەرێم ئاسانکاری زۆری کردووە بۆ ڕادەستکردنەوەی دەستگیرکراوانی #داعش# و تائێستا بە سەدان لە دەستگیرکراوانی داعش ڕادەستکراون و پرۆسەکەش بەردەوامە.[3]
- بەمەبەستی شکاندنی بایکۆت و دەستپێکردنەوەی دەوام لەسنوری پارێزگای #هەڵەبجە#، ئێوارەی ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە و ژمارەیەک لەپیاوماقوڵانی هەڵەبجە بڕیاردرا کە لە سبەینێوە دەرگای خوێندنگاکان بکرێتەوە، ئەندامێکی دەستەی داکۆکی لە مافی مامۆستایانیش دەڵێت تا موچەی بێ پاشکەوت نەدرێت بایکۆت بەردەوامە.[3]
- ئەمڕۆ، 14 ساڵ تێپەڕبوو بەسەر کۆمەڵکوژیی شاری قامیشلۆ، کە لەلایەن ڕژێمی سوریاوە ئەنجامدرا و گەلی کوردیش ڕاپەڕینی ئەنجامدا، لە کەمپی باریکە لە شارەدێی #عەربەت#-ی سەر شاری سلێمانی یادی ئەو کۆمەڵکوژیە کرایەوە.[3]
- بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی بۆ بەرخۆدانی عەفرین، بەپێشەنگایەتیی #گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان# و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، ڕێپێوانێکی بەمەشخەڵ لە سلێمانی بەڕێوەچوو.[2]
- خوێندکارانی #زانکۆی کەرکووک# لە بەرامبەر بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بۆنە و ئاهەنگە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لەلایەن سەرۆکایەتی زانکۆ بایکۆتی دەوام دەکەن.[5]
$رۆژئاوای کوردستان$
- ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی شەڕڤانێکی #یەپەگە# و پێنج منداڵ، کە تەمەنیان لەنێوان پێنج بۆ 14 ساڵە و بەهۆی هێرشی تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە، لە #عەفرین# بەڕێوەچوو. دانیشتووانی عەفرین توڕەن و بەتایبەتی کەسوکاری ئەو کەسانی گیانیان لەدەستداوە، پڕ بە دەنگیان هاوار دەکەن ئەردۆغان دیکتاتۆرە.[1]
- لە گوندەکانی سەربە بلبلێ شەڕی سەخت لە نێوان شەڕڤانان و هێزە داگیرکەرەکاندا ڕودەدات، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورک گوندی کەوکەبی سەربە #جندرێس# بە چڕی بۆردوومان دەکەن.[2]
- ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد کە چەند یەکەیەکی گاردی کۆماری سوپای سوریا گەیشتونەتە باشوری شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکیان کۆنتڕۆڵکردووە کە هاوکات بووە لەگەڵ هێرشەکانی سوپای تورکیاو گروپە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئه و شارە.[3]
- ئەمڕۆ لە 52 یەمین ڕۆژی هێرشی سوپای تورک بۆ سەر عەفریندا، فڕۆکە جەنگییەکان دەوروبەری مەزارگەی شەهیدانی #ئاڤێستا خابوور#یان بۆردوومان کرد،کە تەرمی هەزاران شەهیدی تێدا بە خاک سپێردراوە.[2]
- سوپای تورک لە سەر سنوورە دەستکردەکانی نێوان باکور و ڕۆژئاوای کوردستان، گوندەکانی سەر بە #تربەسپی#ی کانتۆنی #قامیشلۆ# تۆپباران دەکات.[2]
- هێزەکانی سوپای تورک گوندەکانی باسووتا، گرزێلێ و زەربای سەر بە شێراوایان لە عەفرین بۆردوومان کرد. لەئەنجامی بۆردوومانەکەدا، چوار هاوڵاتی برینداربوون، کە ناسنامەیان بەمشێوەیە: محەمەد خەلۆ تەمەن 25 ساڵ، زوهێڕ یوسف 45 ساڵ، ڕیهانا محەمەد، جوما ڕەجەب تەمەن 21 ساڵ.[2]
- کاتژمێر 22:00ی ئەمشه و بە کاتی سووریا، بۆمبێکی دەنگی لە چواڕیانی بەتا-ی باشووری ناوەندی شاری منبج تەقیوەتەوە. تا ئێستا وردەکاری تەقینەوەکە و زیانەکانی ڕانەگەیەندراوە. هەروەها ئەنجومەنی سەربازیی منبج و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی منبج له و بارەیەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.[5]
$دەرەوەی کوردستان$
- لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی سووریا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند، تووندوتیژییەکانی عەفرین پێشێلکردنی ئاگربەستە لە سووریا.[1]
- لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی تورکیادا، لەبارەی دۆخی عەفرین گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و #هەدەپە# ڕوویدا. ژنە پەرلەمانتاری هەدەپە #هودا کایا#، ڕەخنەی تووندی لە حکومەت گرت و گوتی ئەوەی ئاکپارتی لە عەفرین دەیکات جیهاد نییە، ئەمە بوختانێکی گەورەیە بە پێغەمبەرمان.[1]