لێژنەیەکی هاوبەشی قایمقامیەتی #ڕواندز# و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری #سۆران# و سەرۆکی شارەوانی و تێبینەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی ڕواندز، کار لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی مافی خاوەن موڵکەکانی خانووە کۆن و کەلەپوورییەکانی قەزای ڕواندز دەکەن.
ئومێد قادر، مامۆستای مێژوو بە (باسکۆرد)ی گووت: مێژوو، کولتوور و ناسنامەی گەلان نیشان دەدات و پێویستە پارێزگاری لە شوێنەوارە میژوویی و ڕەسەنەکان بکرێت لە ڕووی پاراستن و هێشتنەوەیان لەسەر سروشت و ڕەسەنایەتی خۆیان، هەروا ئەم شوێنانەش کە مەترسی لەناو چوونیان لەسەرە، هەوڵبدرێت بە هەمان پێکهاتەی خۆیان دەستکاریان بکرێت و نۆژن بکرێنەوە.
دەشڵێت، ئەگەر ناوچەیەکی وەک ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەنموونە بهێنینەوە، بەپێی ئەوەی لە سەردەمانێکی کۆن ژیان لە ناوچەکە بوونی هەبووە، چەندین شوێنەواری مێژوویی و کولتووری بەرچاو دەکەون، بەتایبەتیش قەزای ڕواندز کە شارێکی کۆنە و مەڵبەندی سەرەکی میرنشینەکان بووە لە دەڤەرکە، تا ئێستاش بناغەو شوێنەواری میرنشینەکە ماون، هەروەها چەندین خانووی کۆن و کولتووری لەشارەکەدا هەن ئەرکە پارێزگاریان لێ بکرێت و لەسەر شێوازی سروشتی کۆنی خۆیان بمێننەوە.
لەمبارەوە، ئەحمەد قادرەسۆر، قایمقامی قەزای ڕواندز، بە (باسکۆرد)ی ڕاگەیاند: لەم ماوەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران و سەرۆکی شارەوانی و تێبینەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی ڕواندز، لە قایمقامیەت کۆبوونەوەیەکمان سەبارەت بە خانووە کۆن و کەلەپوورییەکانی سەنتەری قەزای ڕواندز ئەنجام دا، بۆ چۆنیەتیی پاراستنیان و چارەسەرکردنی مافی خاوەن موڵکەکان گفتوگۆی لەسەر کرا، کە چۆن بتوانین مافەکانیان پارێزراو بن، بۆ ئەم مەبەستە، پێشنیاری پێویست بۆ چارەسەرکردنیان کرا، کە بە نووسراوی فەرمی لە ڕێگای لایەنی پەیوەندیدار، ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ وەربگیرێت.
گوتیشی: بۆ لەنزیکەوە بینین و لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، بە هاوڕێیەتی بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران و سەرۆکی شارەوانی و تێبینەرایەتیی تۆماری خانووبەرەی ڕواندز، ژمارەیەک لەو خانووانەمان بەسەر کردنەوە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]