لە ئەنجامی کنە و پشکنینی شوێنەواری، کە ئەمساڵ 2022 لە شاری مێژوویی (پێرێ) کراوە، ئێسک و پەروسکی چوار مرۆڤ دۆزرایەوە، کە بە گوتەی شوێنەوارناسان، کۆنترینیان بۆ 1800 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
بە گوتەی محەمەد ئەلکان، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی #سەمسور# (#ئەدیامان#)، کاری هەڵکۆڵینی شوێنەواری لەم شارە شوێنەوارییە، لە ساڵی 2009 دەستی پێکردووە و تا ئەمساڵ بەردەوام بووە، لە کاتی پشکنینە سەرەتاییەکان، شوێنەوارناسان گەیشتنە زەوییەک، کە بە سیرامیکی نەخشدار بە ترێ و بزنی کێوی ڕازێندراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامبوونی هەڵکۆڵینی شوێنەواری بۆ ئەم شارە، بەپێی قۆناغەکانی کارکردن گۆڕستانێک دۆزراوەتەوە، کە دوای هەڵگرتنی بەشی داپۆشراو و سەری گۆڕستانەکە، ئێسکەپەیکەری چوار مرۆڤ دۆزراوەتەوە.
شاری پێرێ، یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی باکووری کوردستان و یەکێکیشە لە پێنج شارە گرنگ و شوێنەوارییەکەی پاشایەتی #کۆماژن#، کە زۆربەی سەرچاوەکان وەک پایتەختی ئەم دەسەڵاتدارییە ئاماژەی پێ دەکەن.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]