ئایینی یارسان (کاکەیی) و شوێنەوارەکانی لە کوردستان بەشی دووەم
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
$هەڵکەوتەی جیۆگرافیای نیشتەجێبوونی یارسانەکان:$
پێوەند بە بڵاوبوونەوەی جیۆگرافیی پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە کوردستان، دەبێ بڵێین، کە ئەمانە زیاتر لە ناوچەکانی هەورامانی هەر دوو دیو، #هەڵەبجە# و بەتایبەتی #گوندی هاوار#، #کەرکووک# و #داقووق# و #خانەقین# نیشتەجێن، بەڵام وەک خێزان و کۆمەڵگەی بچووک، دەکرێ لە زۆربەی شار و شارۆچکە و گوندەکان، خێزانی چەند کەسی یان چەند خانەوادەی بچووک بەیەکەوە بژین.
هێنری بایندر، کە گەڕیدەیەکی فەڕەنسییە و لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە سەردانی ئێران و وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و کوردستانی کردووە، لە سەفەرنامەکەی، کە لە ساڵی 1887 بە ناوی (لە کوردستان و پرشیا و نێوان دوو ڕووبار) چاپ بووە، ئاماژە بەوە دەکات، کە لە قەسری شیرین و کرماشان خەڵک زیاتر لەسەر ئایینی یارسان بوونە و ئەم خەڵکە کەسانێک بوون، کە تەداخولی ئایینی کەسیان نەدەکرد و ڕێزیان لە بیروبۆچونی ئایینیی خەڵکی دیکە دەگرت.
بێجگە لەو ناوچە کوردنشینەکان، کە باسمان کرد، یارسانەکان لە شارەکانی باکووری کوردستان، وەک #دێرسیم# و #سێواس#، هەروەها ژمارەیەکی زۆریان لە پارێزگای #خوراسان#ی ئێران نیشتەجێن.
لە ئاستی دەرەوەی کوردستانی گەورە، پەیڕەوانی ئەم ئایینە لە شارەکانی مووسڵ و بەغدا و شارەکانی دیکەی ئێڕاق و کۆمەڵێکیش لە وڵاتی ڕووسیا لە ناوچەی (ئەلیزابێت پول)، هەروەها لە ئازەربیجان و تورکستان نیشتەجێین.
$چیرۆکی لەدایکبوونی سوڵتان سەهاک:$
باوکی سوڵتان سەهاک، شێخ عیسای بەرزنجە، لە کەسایەتییە ئایینی و زاناکانی ناوچەی بەرزنجە بووە، کە لە تەمەنی پیری بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج، لەگەڵ کاروانێکی خەڵک بەرەو عەرەبستان سەفەر دەکات، بەڵام لە ڕێگا بەهۆی پیری و پەککەوتوویی لە نزیک حەلوانی شارەزوور لە کاروانەکە دوا دەکەوێت و بەجێ دەمێنێت. ئەم ڕووداوە زۆر کاریگەریی لەسەری دەکات و خەمگین دەبێت، بۆیە دەست دەکاتە دوعا و نزاکردن و پاڕانەوە لە خوا، لەناکاو ڕووناکییەک لە ئاسمان دێتە خوارەوە و هەواڵێکی پێ دەگات، کە ئەی شێخی بەتەمەن، تۆ بوویت بە حاجی و چیتر پێویست ناکا سەردانی مەککە بکەی، بۆیە ئێستا بگەڕێوە بەرەو ماڵەکەی خۆت.
شێخ، دوای ئەوەی گوێ لەو پەیامە دەبێت بەرەو بەرزنجە دەگەڕێتەوە و لەوێ، لە ماڵەکەی خۆی دەبینێت، کە سێ دەروێش بە ناوەکانی پیر بنیامین، پیر داوود، پیر مووسا لەوێ دانیشتوون. شێخ بە ڕێزێکی زۆرەوە میواندارییان دەکات و پاش ماوەیەک لە مانەوەیان، دەروێشەکان داوا لە شێخی بەتەمەن دەکەن، کە ژن بهێنێت، بەڵام شێخ بەهۆی بارۆدۆخ و تەمەنەکەی داواکەیان ڕەت دەکاتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر ناچار دەبێت بە قسەیان بکات و ڕازیی بێت بۆ ژنهێنان.
هەر سێ دەروێش بۆ خوازبێنیی کچی #حسێن بەگی جاف#، کە حاکمی ئەو کاتەی #شارەزوورە# دەچن، بەڵام حسێن بەگ داواکارییەکەیان ڕەت دەکاتەوە و بەو کارە ڕازی نابێت، بەڵام دەروێشەکان لە پێش چاوی حسێن بەگی جاف کۆمەڵێک کاری سەرنجڕاکێش دەکەن، بۆیە لە کۆتاییدا ملکەچی داواکەی ئەوان دەبێت و ڕازی دەبێت بە شووکردنی کچی بە شێخ عیسا.
دوای ژنهێنان، دادە دایراکی هاوسەری سکپڕ دەبێت و کوڕێکی ڕووگەشی نوورانی لەدایک دەبێت، کە شێخ عیسا بۆ بینینی کوڕەکەی دەڕوات سەیر دەکات، کە ئەمە هەمان نوور بووە، کە لە بیابان و کاتی ڕۆیشتنی بۆ حەج بینیویەتی، دەیەوێ ئەم بابەتە بۆ ئامادەبووان باس بکات، بەڵام زمانی دەگیرێت و هەر لەو کاتە ڕۆحی دەردەچێت.
[1]