ڕۆمانی #شەڕەکەی تەروادە#.
نووسینی: تیۆدۆر کالیفاتیدێس
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: #دلاوەر قەرەداغی#
ڕانانی: #هەورامان وریا قانع#
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە و پەڕتووکە نایابانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بڵاویکردووەتەوە. ڕۆمانەکە بەسەرهاتێکی مێژوویی دێرین دەگێڕێتەوە، بەسەرهاتێک هەندێک بە ئەفسانە و خەیاڵکرد ناوی دەبەن و هەندێکی دی دەڵێن لەواقیعدا ڕوویداوە. ژمارەیەک مێژوونووس لە و بڕوایەدان ڕۆمانەکە، زادەی بیروئەندێشەی هۆمیرۆسی شاعیرە و تەنیا لە خەیاڵدانی ئەودا بوونی هەیە و ڕوویداوە. وەلێ ژمارەیەکی دی پێیانوایە نەخێر ئەو جەنگە خوێناوییەی لە ڕۆمانەکەدا باس کراوە، جەنگێکی ڕاستەقینەیە و لەسەرزەمینی کۆنی ئاسیای بچووک و لە دەوروبەری سنووری شاری تەڕوادە ڕوویداوە، شارێکی ئاوی گوایە خواوەندی دەریا “بۆسایدن” بە هاوکاری خواوەندی شیعر و هونەر “ئەپۆلۆ” درووستی کردووە و شارێکی زۆر توند و سەختگیر بووە.
خوێنەر لەم ڕۆمانەدا کە “تیۆدۆر کالیفاتیدیس” نووسیویەتی و دلاوەر قەرەداغی، لە زمانی سویدییەوە، بە کوردییەکی پوخت و جوان وەریگێڕاوە، لە بەردەم دوو جۆر لە گێڕانەوەدایە: گێڕانەوەی یەکەم لە ئێستا و هەنووکەدا ڕوودەدات کە ساڵی 1945 و کۆتاییەکانی جەنگی دووەمی جیهانییە و شوێنی گێڕانەوەکە گوندێکی لا چەپی یۆنانە. گێڕانەوەی دووەم بریتییە لە گەڕانەوە بۆ مێژووی سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر، بۆ ئەو کاتەی یۆنانییەکان، بۆ کڕینەوەی ناموس و هێنانەوەی خانمە شۆخ و شەنگەکەیان هێلنیا، پەلاماری شاری تەڕوادە دەدەن و بۆ ماوەی نزیکەی دە ساڵ، لە و پەلاماردانە بەردەوامدەبن.
ئەگەرچی گێڕانەوەی یەکەم، لەسەر زاری کوڕیژگەیەکی هەرزەکارەوەیە و تەمەنی تەنیا پانزە ساڵێکە و خەڵکی گوندە یۆنانییەکەیە کە لەلایەن سوپای ئەڵمانیاوە داگیرکراوە، گێڕانەوەی دووەم لەسەر زاری خانمە مامۆستایەکەوەیە کە هاتووەتە گوندەکە تاکو منداڵانی گوندەکە فێری زمانی یۆنانی بکات: چونکە وەک خانمی مامۆستا بە قوتابییەکانی دەڵێت”یۆنانیبوون ئەوەیە دەبێ یۆنانی بزانیت”، (لێرەدا و لەسەر هەمان ڕیتم دەکرێت بڵێین کوردبوون ئەوەیە زمانی کوردی بزانیت، نەک ئەوەی شانازی بەوەوە بکەیت منداڵەکەت ئینگلزییەکەی زۆر باشترە لە کوردییەکەی) .
ئەگەرچی زەمەنی گێڕانەوەی یەکەم لە ڕۆمانەکەدا، زەمەنێکی تازەیە و لە ئێمەی خوێنەرەوە نزیکە و؛ زەمەنی گێڕانەوەی دووەم، زەمەنێکی زۆر کۆن و دێرینە و چەندین سەدەی بەسەردا تێپەڕیوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەردوو گێڕانەوەکە باس لە جەنگ و کوشتوبڕی مرۆڤەکان دەکەن بۆ یەکتر. هەردووکیان ئەو مەرگ و خوێنڕشتنە دەگێڕنەوە کە لە دێرزەمانەوە و تا ڕۆژی ئەمڕۆش، بە نێو مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووە و تا هەنووکەش ڕانەوەستاوە. هەردوو گێڕانەوەکە، دیوە هەرە قێزەون و ناشرینەکانی جەنگ دەخەنەڕوو، گێڕانەوەی یەکەم خوێنەر لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ئەڵمانەکان، لە و گوندە بچوک و سادە و خاکییەدا، چەند دڵڕەق و بێبەزەین و چۆن کەوتوونەتە کوشتنی خەڵکی بێتاوان و گوناهی گوندەکە، بەتایبەت پیاوان و لاوەکانیان. گێڕانەوەی دووەم دەمانباتەوە بۆ سەردەمی نێزە و ڕم و گورز و شمشێر بەدەستەکان کە جگە لە کوشتن و سەربڕین و ملپەڕاندنی نەیارەکانیان، شانازییان بە هیچ شتێکی دیکەوە نەکردووە. هەردوو گێڕانەوەکە، پڕ پڕن لە دیمەنی ناخ هەژێن و حەسرەتی دابڕان و ماڵاوایی کردنی مێرد لە ژنەکەی، باوک لە منداڵەکەی، جەنگاوەر لە خۆشەویستەکەی، دایک لە کوڕەکەی، عاشق لە مەعشوقەکەی. بە مانایەکی دی، کۆی ڕۆمانەکە باس لە و چرکەساتانە دەکات کە جەنگ دێت و لەگەڵ خۆی جگە لە وێرانە و خوێن و کوشتن هیچی دیکە نایەنێت. ئیدی مرۆڤەکان، دەبێت واز لە هەموو شتێکی بەنرخی ژیانی خۆیان بێنن و خۆیان فڕێدەنە نێو ئاگری جەنگەکەوە، ئاگرێک بۆ ئەوەی خامۆش نەبێت و نەکوژێتەوە، تابێت پێویستی بە تەرم و لاشەی زیاتری کوژراوەکانە.
ئاشکرایە ساتەوەختی هاتنی جەنگ و بەرپابوون و بەردەوامبوونی، لە ساتەوەختە هەرە سەخت و دژوارەکانی ژیانە، نەک تەنیا بۆ مرۆڤەکان، بەڵکوو بۆ کۆی زیندەوەران و دەریا و زەریا و ڕووبار و دارستان و سەرجەم پێکهاتەکانی گۆی زەوی. هاتنی جەنگ و دەستپێکردنی تەقە، فڕینی فڕۆکەی جەنگی و بارینی یەکەم بۆمب، تەقینەوەی یەکەمین ڕۆکێت و شکاندنی یەکەمین پەنجەرە و سووتاندنی یەکەمین باخ و گڕگرتنی یەکەم درەخت و بڵاوبوونەوەی یەکەمین بۆنی بارود و کەوتنە خوارەوەی یەکەمین باڵندە و کوژرانی یەکەمین کەروێشک و ئاسک و … هتد، هەر هەموی لە ئەستۆی ئەو جەنەڕاڵانەیە کە حەز بە بینینی کەوتنی خانوو و منارەکان دەکەن، دڵخۆشن بە وێرانبوونی قوتابخانەکان و دەوار و کەپری نێو کێڵگەکان. ئەو مرۆڤانەی جەنگ بەرپادەکەن و زیندەگی پڕ دەکەن لە هاوار و ناڵە و زریکە و تەرم و لاشەی بریندار، ئەوانە مرۆڤ نین و لە ڕەوە گورگێکی برسی دەچن کە خوێنی ئادەمیزاد تێریان دەکات.
ڕۆمانەکە کە پشکی شێری بۆ جەنگی تەڕوادە تەرخانکراوە و زۆربەی لاپەڕەکانی باس لە و جەنگە دەکات، وەلێ چ جۆرە باسکردنێک! کاتێک خوێنەر لە میانەی لاپەڕەکانی پەڕتووکەکەوە، دکەوێتە ناو جەنگەکە، وەک ئەوە وایە خۆی بەشدارە و لەناو یەکێک لە گالیسکەکاندایە و بە هەردوو چاوی، دیمەنی ئەو کوشتوبڕینە دەبینێت کە لە و گۆڕەپانە بێ کۆتاییەی جەنگەکەدا ڕوودەدات. نووسەری ڕۆمانە زۆر بە وردی و بە دیقەتەوە، باس لە و دە ساڵە دەکات کە تێیدا یۆنانییەکان، گەمارۆی شاری تەروادەیان داوە و بە هەزاران شەڕکەر لە هەردوولا کوژراو و برینداربوون. خوێنەر لەگەڵ هەڵدانەوەی لاپەڕەکان و ڕۆچوونی بە نێو قووڵایی شەڕ و پێکدادانەکاندا، هەست دەکات بووەتە بەشێک لە و ڕووداوانە و لە نزیکەوە، لەسەر گردێک، تەپۆڵکەیەک، خەرەندێک، گالیسکەیەک ڕاوەستاوە و لە و ڕۆژی حەشرە ڕادەمێنێت کە سوپای هەردوولا، دژ بە یەک خولقاندوویانە. لە و تەپوتۆز و غوبارە ڕادەمێنێت کە گلانی ئەسپەکان و کەوتنی سوورارەکان، درووستی دەکەن. خوێنەر هەست دەکات گوێی لە گرمەی قەڵغان و گورز و زرێکانە کە هەندێکجار بەر یەکتر دەکەون و هەندێکجاری دی بەر سەر سنگ و ناوشانی جەنگاوەرەکان دەکەون. هاوار و ناڵەی بریندارەکان دەبیسێت کە یەک دوای یەک، قەمە و شمشێر و تاشە بەردیان بەردەکەوێت و دەکەونە سەر زەوییەکە و چیتر کەسێک نییە بەهانایانەوە بچێت و برینی خوێن لێڕۆیشتوویان ساڕیژ بکات. دەبینێت سەربازی یۆنانی یان تەڕوادەیی، لایەک لە جەستەی خوێنی لێدەچۆڕێت و لاکەی دیکەی خەریکی کوشتنی نەیارەکەیەتی. دەستێکی پەڕیوە و بە دەستەکەی دیکەی شمشێر بە ورگی دوژمنەکەیدا دەکات. چاوێکی لەدەستداوە و بە چاوەکەی دیکەی نیشانەی لە هێرشبەرەکەی بەرانبەری گرتووەتەوە. قاچێکی نەماوە و بە قاچەکەی دیکەی خەریکی ڕاکردنە و دەیەوێت بگاتە پەنایەک خۆی حەشار بدات. ڕمێک لە دوورەوە هاتووە و چەقیوەتە ناو شانی و کەوتووەتە سەر زەوی، کەچی بە سکە خشێ لە هەوڵی خۆشاردنەوەیە لەوەی تیری زیاتر و ڕمی زۆرتری بەرنەکەوێت. بەڵێ خوێنەر لەم جەنگەدا، مرۆڤ دەبینێت ملی پەڕیوە و هێشتا شمشێرەکەی دەستی لە هەوادا ڕادەوەشێنێت. بەشێک لە کۆئەندمی هەرسی هاتووەتە دەرەوە و تێکەڵ بە خۆڵی سوور هەڵگەڕاوی گۆڕەپانەکە بووە و کەچی هێشتا لە پەلاماردان و هێرشبردن نەکەوتووە.
من وەک خوێنەرێک، بەدرێژایی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە و لە و جەنگ و پێکداهەڵپژانەدا، لە ڕژاندنی ئەو هەموو خوێنەدا، لە بینینی ئەو هەموو ئاگرەی لە چەکەکانی هەردوولاوە دەردەپەڕین و تەڕ و وشکیان پێکەوە دەسووتا، لایەنگری هیچ بەرەیەکی جەنگەکە نەبووم و بێلایەنانە لێمڕوانیوە. حەزم بە بردنەوەی ئەمیان و دۆڕانی ئەویان نەکردووە، شکستی تەڕوادەییەکان و سەرکەوتنی یۆنانییەکان یان بە پێچەوانەوە، بۆم گرنگ نەبووە. کاتێ ئاخم بۆ کوژرانی یۆنانییەک هەڵکێشاوە، بۆ کوشتنی تەڕوادەییەکیش خەمبار بووم. سەروەختێک جەنگاوەرانی هەردوو لا، بەسەلامەتی دەگەڕانەوە ناو بنە و بارگەی خۆیان و تێکەڵ بە ماڵباتەکانیان دەبوونەوە، خۆشحاڵ دەبووم و پێمخۆش بووە ئەو جەنگاوەرانە بەسەلامەتی ماونەتەوە و لە گۆڕەپان و قەراخی ڕێگاکاندا، نەبوون بە خۆراکی دڕک و داڵ. بە یەک چاو و لە یەک دوورییەوە، لە هەموانم ڕوانیوە و جیاوازیم نەکردووە لەنێوانیاندا.
هەست دەکەم هۆکاری ئەم بێلایەنییەی من یان خوێنەر، بۆ سەلیقە و شارەزایی نووسەری ڕۆمانەکە دەگەڕێتەوە کە بە یەک چاو لە هەردوو بەرەکەی ڕوانیوە. فەزڵێ هیچ لایەکیانی نەداوە بەسەر ئەوی دیکەیاندا، بەرەیەکی بە ڕاست نەزانیوە و بەرەکەی دیکە بە ناڕاست، بەرەیەک لەسەر حەق بێت و ئەوی دیکەیان ناحەق. لەشکرێک خەتابار بکات و لەشکرێکی دیکە بێخەتا. شەڕکەرێکیان ئازا و ئەوی دیکەیان ترسنۆک. نووسەر زۆر بێلایەنانە تەماشای ئەو جەنگەی کردووە، سۆزی بەلای هیچ کامێکیاندا نەجووڵاوە و هەردووکیانی بە شێوەیەکی هاوسەنگ لە دوو لای تەرازووەکە داناوە. زۆر بە وردی خۆی لەوە پاراستووە تەرفگیری بکات، ئەم خۆپاراستنە و لایەندارنەبوونە، لە نووسەرەوە گواستراوەتەوە بۆ خوێنەر، ئەمەش بەشێکە لە جوانی ڕۆمانەکە و ڕاستگۆیی نووسەر لە خستنەڕووی ئەو ڕووداوە مێژوییە دەردەخات.
ئەڵبەتە هەموو ئەوەی وایکردووە خوێنەر ئەو هەستەی لا درووست ببێت، جگە لە بیرۆکەی ڕۆمانەکە و بێلایەنی نووسەرەکەی، وەرگێڕانە جوانەکەی ڕۆمانەکەیە، ئەو زمانە کوردییە پوختەیە کە ڕۆمانەکەی پێکراوەتە کوردی. سەرکەوتنی وەرگێڕانەکە، چێژێکی زیاتری بەخشیوە بە ڕۆمانەکە و وایکردووە خوێنەر بە ئاسانی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە و لە تێگەشتنیدا بۆ ڕووداوەکان و چۆنیەتی هەڵکشانی جەنگەکان، هیچ گرفتێکی نەیەتەپێش. [1]