فیلمی ژان لە سلێمانییەوە نمایش دەکرێت
16/01/2023
فیلمی ژان نوێترین بەرهەمی هونەری ماهیر حەسەنە، کاری وێنەگرتنی فیلمەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدراوە، لە ڕۆژانی داهاتوو لە شاری سلێمانییەوە دەست بە نمایش دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە هۆڵی سینەما سالم بە ئامادەبوونی هونەرمەند ماهیر حەسەن و هەریەکە لە بورهان ئەحمەدی و لەیلا باغ پیرا دەرهێنەرانی فیلمی (ژان) کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بەڕیوەچوو لە بارەی فیلمەکەوە زانیاری وردیان ئاشکرا کرد.
بەگوێرەی وتەی بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە ماوەی 40 خولەکە و لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە، بەرهەمی هاوبەشی مەهیر حەسەن و بورهان ئەحمەدیە.
هونەرمەند ماهیر حەسەن وتی: سەرەتا پەیوەندیم پیوەکراوە بۆ ئەوەی کاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجام بدەم، کە خوێندمەوە زۆر جوان بوو بەڵامەوە، سەرنجی ڕاکێشام، چونکە باس لە کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و زۆر بە کەمی کار لەسەر ئەو جۆرە چیرۆکانە کراوە، بۆیە پێمخۆش بوو وەکوو یەکێک لە ئەکتەرەکانێش ڕۆڵ ببینم.
وتیشی: بە داخەوە زۆربەی ئەو کارانەی دیکە کە کراون بۆ چینێکی بینەر بووە، لە کوردستان نمایش نەکراون، ئێمە ئامانجمانە ئیتر کورتە فیلیمیش نمایش بکرێت، هەروەها داوا دەکەم چیتر کەرتی تایبەت تەنیا لە چوارچێوەی تەلارسازیدا نەبێت بەڵکوو لە مەیدانی هونەریشدا ڕۆڵیان هەبێت.
پاشان بورهان ئەحمەدی، دەرهێنەر، لە باری بیرۆکەی فیلمەکەوە ڕایگەیاند: فیلمەکە بیرۆکەی لەیلا باغ پیرای هاوژینمە، هەمان کات وەکوو دەرهێنەریش پێکەوە کارمان کرد، زۆر سوپاسی ماهیر حەسەن دەکەین کاری بەرهەمهێنانی لە ئەستۆ گرت، کارەکەمان لە بەرهەمێکی هونەری زیاتر کارێکی بەڵگەییە.
بڕیارە 18ی ئەم مانگە مەراسیمی فەرشی سوور و نمایشی تایبەتی فیلمەکە لە هۆڵی سینەما سالم بەڕێوەبچێت، پاشان 19ی ئەم مانگە و ڕۆژانی دواتر نمایشەکانی لە چوار کاتی جیاوازدا بەردەوامیان هەبێت، دواتریش لە شارەکانی هەولێر و کەرکووک و دهۆک و هەڵەبجە نمایش بکرێت.
[1]