ناونیشانی بابەت: فەهمی ئەحمەد: خۆشنووسی هونەری گرێدراوی نێوان دڵ و ڕۆحە، دەبێ لەنێو مەنهەجی خوێندندا هەبێت
ئامادەکردنی: #فاتمە قاسم#
خۆشنووسی، بە مانای جواننووسین، یان نووسین لەگەڵ خوڵقاندنی جوانیدایە. خۆشنووسی یەکێک لە هونەرە کۆنەکانە کە مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و لەنێو کولتووری هەموو گەلاندا هەیە، بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژھەڵات و بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامییدا، پێگە و بایەخێکی زۆرتری ھەیە. ئەو کەسەی لە نووسیندا جوانیی دەخوڵقێنێت پێی دەڵێن خۆشنووس و ئێستا خەڵکێکی زۆر لە ڕێگەیەوە بژیویی خۆیان دابین دەکەن
لەم هەڤپەیڤینەدا، هونەرمەندی خۆشنووس #فەهمی ئەحمەد محەمەد# لە شاری #سلێمانی# بۆ (باسنیوز ) و (باسکورد) باس لە کار و ئەزموونی خۆی دەکات.
(باسنیوز و باسکورد) بەڕای ئێوە، خۆشنووسی تەنیا هونەرە، یاخود دەکرێت هونەرمەندان لە ڕێگەیەوە بژێو بەدەست بێنن؟
فەهمی ئەحمەد: خۆشنووسی جگە لەوەی کە هونەرێکی زۆر دیار و گرنگ لەنێو سەرجەم هونەرەکان بێت لە هەمان کاتدا بەدڵنیاییەوە دەکرێت هونەرمەندان لە ڕێگەیەوە داهاتی خۆیان بە دەست بێنن و لە ئێستادا زۆربەی لە خۆشنووسان لە ڕێگەی خەتەکەیاندا زۆر بەجوانی ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن، بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە هونەرمەند بتوانێت مافێکی تەواو بە هونەرەکەی ببەخشێت لە سەرجەم هونەرەکان بە گشتی و لە خۆشنووسی بە تایبەت.
(باسنیوز و باسکورد) لە دیدی ئێوە دەبێ چی بکرێت بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی بە خۆشنووسی و خۆشنووسان بدرێت؟
فەهمی ئەحمەد: لە ڕاستیدا زۆر گرنگی بە خۆشنووسی و خۆشنووسان نادرێت، بۆ ئەوەی گرنگییان پێ بدرێت، دەبێ سەرەتا گرنگی بە ڕێکخراو و هەندێک کۆمەڵە کە تایبەتن بە هەڵگری ئەم هونەرە ڕەسەنە، بدرێت، لەگەڵ کردنەوەی خولی
خۆشنووسیی ئەکادیمی و دەرکردنی پەڕتووکی فێرکاری بۆ خۆشنووسان، بۆ پەرەپێدان بە هونەرەکەیان و فراوانیی بەرهەمەکانیان، هەروەها دانانی خۆشنووسی وەکوو بابەتێکی هونەری لەپاڵ هونەر لەنێو ناوەندەکانی خوێندن، بە مەبەستی ئاشنابوون و فێربوونی خوێندکاران لە بنەڕەتدا بە خۆشنووسی و جوانتر نووسینیان، کردنەوەی پێشەنگای نێودەوڵەتی بۆ خۆشنووسان و ناساندنیان بە خۆشنووسانی دەرەوەی وڵات
(باسنیوز و باسکورد) شارەزایی لە نووسینی چەند جۆرە خەتت هەیە و زیاتر لە کامیاندا ئیش دەکەیت
فەهمی ئەحمەد: من شارەزاییم لە هەموو جۆرە خەتێکدا هەیە و لە سەرجەم خەتەکانی (سولس، ڕوقعە، دیوانی، نەستەعلیق، نەسخ ... هتد) خۆشنووسیم کردووە، بەڵام بە ڕێژەیەکی زیاتر لە بواری خەتی نەسخ و سولس پسپۆر و شارەزام.
(باسنیوز و باسکورد) بۆ خۆشنووسی چی بەکار دەهێنیت؟
فەهمی ئەحمەد: بۆ نووسینی تابلۆکانم بە قەڵەمی سێ لایە، جەوهەر، کاغەزی دەستکرد، واتە درووستکراو بە دەست و خاوەن نیگار کار دەکەم کە لە تورکیا ئامادە دەکرێت و بۆ کوردستان ڕەوانە دەکرێت و نرخەکانی لە 25 هەزار دیناری ئێراقی بۆ ئێمە لێرە دەستی پێدەکات.
(باسنیوز و باسکورد) چەند تابلۆت هەیە و تا ئێستا لە چەند پێشەنگای ناوخۆ و دەرەوەی وەڵات بەشدارییت کردووە و توانیوتە چ ئاستێک بەدەست بهێنیت؟
فەهمی ئەحمەد: هەرچەندە من تابلۆی زۆرم کێشاوە، کە زۆر جار وەکوو دیاری بە هاوڕێیان و خزمەکانم پێشکەشیان دەکەم، بەڵام ئەوانەی کە لەنێو دەستمە و لە پێشەنگا و پێشبڕکێکان پێیاندا بەشداریم کردووە، بریتین لە 40 تابلۆ و تا ئێستا خاوەن پێشەنگای تایبەت نیم، بەڵام لە پێشەنگا و پێشبڕکێکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەشدارییم کردووە، لەنێو پێشبڕکێکاندا جارێک لە ڕێگەی نووسینی شیعرێکی کوردی بە خەتی نەسخ لەسەر ئاستی کوردستان پلەی سێیەمم بەدەست هێنا، جارێکی دیکە لە خەتی نەسخ لەسەر ئاستی کوردستان پلەی دووەمم بەدەست هێنا، لە ساڵی 2018 لە گەورەترین پێشبڕکێ بە ناوی (ئارسیکا) لە وڵاتی تورکیا لە خەتی نەسخ، پلەی سێیەمم لەسەر ئاستی جیهان بەدەست هێنا و لە پۆڵینی ئێراق لە هەمان پێشبڕکێدا پلەی یەکەمم بەدەست هێنا، هەروەها ڕێژەیەکی زۆر لە بڕوانامەی ڕێزلێنان و خەڵاتم بەدەست هێناوە.
(باسنیوز و باسکورد) بە چەند زمان ئیشی خۆشنووسیت کردووە؟ بۆچی لە پێشبڕکێی نێودەوڵەتییەکان خۆشنووسان تەنیا دەقە ئایینییەکان دەنووسن؟ ئایا ئەمە لەسەر خواستی خۆتانە؟ ئەی بەڕێزتان بە چی بەشداری دەکەن؟
فەهمی ئەحمەد: بە شێوەیەکی گشتی من بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی خۆشنووسی دەکەم، بەڵام زۆرترینی بە عەرەبی، چونکە دەقەکانی ئایینی قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبیین، هەر بۆیە لەنێو پێشبڕکێیەکان خۆیان پێش ماوەیەک لە دەستپێکردنی دەقێکی دیاریکراو بۆمان هەڵدەبژێرن و ئێمەیش دەبێ بەپێی خواستی ئەوان تابلۆکانمان بنووسین، کە زۆر جار دەقی ئایینیین و هەندیک جاریش شیعری شاعیرانی عەرەبە.
(باسنیوز و باسکورد) بە چ تابلۆیەک ناوبانگت بەدەست هێنا؟
فەهمی ئەحمەد: خۆشبەختانە سەرجەم تابلۆکانم جێگای شانازیین بۆ من، چونکە بۆ کێشانی هەر دانەیکیان، کات تەخان دەکەم و بە تێکەڵاوی و خۆشەویستیی نێوان ڕۆح و دڵ دەیانکێشم، هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێ دابوو، ساڵی 2018 لە گەورەترین پێشبڕکێ بە ناوی (ئارسیکا) لە وڵاتی تورکیا بە تابلۆیەک بەشدارییم کرد، کە دەقەکەی شیعری شاعرێکی عەرەب بوو و بە خەتی نەسخ نووسیبووم و لەلای خۆیان دەقەکە بۆ ئێمە ئامادەکرا بوو، خۆشبەختانە توانیم لە ڕێگەیدا پلەی سێیەم لەسەر ئاستی جیهان لەنێو پێشەنگاکە بەدەست بهێن، هەروەها پلەی یەکەم لەسەر ئاستی ئێراق، ئەمەش بوو بە خاڵێک بۆ زیاتر دەرکەوتنم لەنێو خۆشنووسان و تەنانەت خەڵکیش.
(باسنیوز و باسکورد) پلانت چییە بۆ داهاتوو؟
فەهمی ئەحمەد: لە داهاتوودا خولی فێربوونی خۆشنووسی بۆ فێرخوازانی شاری سلێمانی دەکەمەوە، چونکە ئێستا بەداخەوە ئاستی خۆشنووسی لە کوردستان زۆر کەمە، منیش هەموو هەوڵی خۆم دەدەم، کە ئەم هونەرە لەناو نەچێت و گرنگیی زیاتری پێ بدرێت و لە ڕێگەی گەنجەکانمان بەردەوام بێت.[1]