ناونیشانی بابەت: مێژووی قاوەی کوردی (قەزوان) و هەوڵدان بۆ بە تورکیکردنی
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
قاوە یەکێکە لەو خواردنەوانەی کە لە هەموو دنیا بەتایبەت #کوردستان# لایەنگری تایبەتی خۆی هەیە، ئێستا لە کوردستان بەهۆی زۆربوونی چایخانە و قاوەخانە و کافێیەکانەوە، خواردنەوە و کڕینی قاوە ڕوو لە زیادبوونە.
کاتێک کە سەیری مێنۆی کافێ، یان قاوەخانەکان دەکەین لە بەشی خواردنەوەکان بە شێوازی جیاواز جۆر و تامە جیاوەزاکانی قاوە نووسراوە کە بریتین لە قاوەی تورک و عەرەب و ئیسپرسۆ و چەندین جۆر قاوەی دیکە، بەڵام کەمتر کەس هەیە بزانێت کە کورد پێش هەبوون یان بە براندکردنی قاوەی تورکی و عەرەبی خاوەن قاوەی و براندە تایبەتەکەی خۆی بووە.
قاوەی کوردی یان (قاوەی قەزوان) ئەو قاوەیەیە کە نزیکەی100ساڵ لەمەوبەر واتە لە ساڵەکانی 1850_1930 لە ناوچەکانی باکووری کوردستان بەرهەم هاتووە و هەناردەی بازارەکانی وڵاتە ئەوروپییەکان کراوە.
بەهۆی ئاو و هەوا لەبارەکەی کوردستان کە گونجاوە بۆ بەرهەمهێنانی زۆر بەروبوومی تایبەت، قاوەی قەزوان (قاوەی کوردی) لە باکووری کوردستان لە شارەکانی جۆلەمێرگ، #ئامەد#، مێردین، باتمان بەرهەم دەهێنرا و لە پاش هارین و تێکەڵکردنی چەند کەرەستەی تر کە پێویستە بۆ درووستکردن و ئامادەکردنی قاوە بەرەو وڵاتی فەرەنسا دەنێردرا و لەوێ لە کیس دەکرا و بە ناوی برەندی قاوەی کوردی chicoree au kurde” لە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپا بڵاو دەکرایەوە و دەفرۆشرا و لە سەری نووسرا بوو قاوەی پوختەیی گەرەنتی.
لەو سەردەمەدا کە ئەم قاوەیە هەناردە دەکرا بەهۆی کەمیی جۆری قاوەی دیکە و سرووشتیبوونی، لە زۆربەی وڵاتان لایەنگەری تایبەتی خۆی هەبوو و بووە بە یەکێک لە ئەتەکێتەکانی خواردنەوە و زۆربەی خێزانە بەناوبانگەکان و نەجیبزادە و خانزادەکان لەو قاوە کوردییەیا دەیانخواردەوە.
قاوەی قەزوان لە کیسەیەکدا دەفرۆشرا کە سەرەڕای ناوە کوردییەکەی، وێنەی پیاوێکی شەرڤانی کوردی لەسەر بوو کە بە جلوبەرگی کوردی و جامانەوە، ڕەمێکی بە دەستەوەیە و ڕاوەستاوە.
ناوبانگی برەندی قاوەی کوردی گەیشتبووە زۆربەی وڵاتانی ئەورووپی و خەریک بوو کورد و کوردستانی بە هەموو ئەورووپای دەناساند کە کۆماری تورکیا دامەزرا و یەکێک لە سیاسەتەکانی ئەو کۆمارە لەناوبردن و تواندنەوەی کولتوور و زمان و فەرهەنگی کوردی بوو کە بەرهەمە کوردییەکانیش بێبەش نەبوون لەو سیاسەتە، بۆیە دەسەڵاتی کۆماری تورکیا هەروەک گۆڕینی ناوی ناوچە کوردییەکان ناوی قاوەی کوردیشی گۆڕی بە قاوەی تورکی و چیتر ڕێگا بە ناردنی قاوەی کوردی بۆ ئەورووپا نەدا و بە پێچەوانەوە خۆی دەستی بە درووستکردنی قاوەکە کرد، بەڵام ئەم جارە نەک بە ناوی قاوەی کوردی بەڵکوو بەناوی قاوەی تورکی ئەم قاوەیە بەرهەم هێندرا و گەیشتە بازارە جیهانییەکان.
لە زۆر سەرچاوە و بەڵگەی مێژووییەکاندا هاتووە کە قاوەی کوردی لەو سەردەمە لە باشترینەکانی قاوە لە جیهان بوو، یەکێک لە بەڵگە گرنگەکان کە دانی بەم بابەتە ناوە و باسی قاوەی کوردی کردووە کونسووڵی بەریتانیا جەمیس برانت لە یاداشتەکانی کە لە شاری ئەرزەڕومی باکووری کوردستان نووسیوەتی ئاماژە بە ئەوەی کردووە کە ئەم قاوەیە هی کوردانە و لە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت.
هاوکات لە داستانی مەم و زین کە لە سەدەی 17ی زایینی نووسراوە لە چەند شوێن باسی خواردنەوەی قاوە کراوە کە ئەمەش بەڵگەیەکیترە بۆ مێژووی قاوەی کوردی.
بەهۆی ئەوەی قاوەی قەزوان بەرهەمێکی 100٪ سرووشتییە و دوورە لە هەبوونی کافیایین و لە دارەبەن بەرهەم دەهێنرێت، وەک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە وەک هەناسەتەنگی و کۆکە و بەڵغەم، هەروەها نەخۆشییەکانی جگەر و گەدە و ڕیخۆڵە بەکار دێت، لە ساڵی 2013 لەلایەن ڕیکخراوی یۆنسکوەوە وەک میراتێکی سرووشتی تۆمار کراوە.[1]