کەجەکە قۆناغی وەستاندنی چالاکییەکانی کۆتایی پێهێنا
13.06.2023
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بارەی هێرشەکانی پاکتاو و سڕینەوە لەسەر بزووتنەوە و گەلی کورد ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە:
ڕاگەیەنراوەکە بەم جۆرەیە:
وەک دەزانرێت لە 6ی شوباتی 2023دا لە ئەلبیستان و بازارجخ دوو بومەلەرزەی بەهێز ڕوویاندا. دوای ئەوەی زانیمان لێکەوتەکانی بومەلەرزەکە زۆر دژوارن، وەک بزووتنەوە بەرپەرسیارێتی ئەخلاقی و مرۆیی خۆمان بە جێگەیاند و بڕیارمان دابوو تا ئەو دۆخە دژوارە مرۆییە کۆتایی دێت، چالاکییەکانمان ڕابگرین، ئێمە ئەو بڕیارەمان بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردەوە. داوامان لە سەرجەم هێزەکانمان، هەروەها هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی لەدەرەوەی خۆمان کردبوو کە لەبەر هەمان هۆکار بەتایبەتی لە شارەکان چالاکی نەکەن. هێزەکانی پاراستنی گەلمان لەو چوارچێوەدا ڕاگەیەنراویان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، کە ئەوان چالاکییەکانیان ڕادەگرن، لەم قۆناغەدا جگە لە خۆپاراستن لەبەرانبەر هێرشەکان ئەوان چالاکی ئەنجام نادەن. هەپەگە و یەکینە سەربازییەکانمان سەرجەمیان بە گوێرەی ئەو بڕیارەی بزووتنەوەکەمان جووڵانەوە.
لەکاتێکدا کە هێشتا کاریگەریی دژواری بومەلەرزە لەئارادابوو، تورکیا پێینایە پڕۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەم هەڵبژاردنەدا کە هەم گەلی کورد و هەمیش کۆمەڵگەی تورکیا بە گرنگی دادەنا، بۆ ئەوە بوار بۆ ئاژاوەگێڕی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست نەرەخشێندرێت و لە هەڵبژاردندا ئەنجامێک لە بەرژەوەندی گەلان و هێزە دیموکراتیکەکاندا بەدەستبهێندرێت، ئێمە هەڵوێستێکی لەو جۆرەمان گرتەبەر کە تا دوای هەڵبژاردن بڕیاری ڕاگرتنی چالاکی درێژبکەینەوە و ئەو بڕیارەشمان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە. بێگومان وەک بزووتنەوەکەمان خوازیاری چارەسەری سیاسیی دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیاین، لەو پێناوەشدا تێدەکۆشین. هەر بۆیە ئەم هەڵوێستەمان لە هەمان کاتدا پشتگیرییەک بوو بۆ سیاسەت و پڕۆسەی سیاسی.
بە دڵنیاییەوە گەلەکەمان، وڵاتپارێزان، ڕێکخراوە کوردییە دیموکراتیکە دۆستەکان، زۆر کەسایەتی، هێزی دیموکراسی لە تورکیا، زۆر هێز و دامەزراوە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی و هەرێمی و ڕای گشتیی دیموکراتیک ئەو بڕیارەی ئێمەیان بە ئەرێنی هەڵسەنگاند و پشتیووانیان لێکرد. بەڵام دەوڵەتی تورک و دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە هێرشەکانی خۆیان بە مەبەستی داگیرکردن، پاکتاو و کۆمەڵکوژرکردن زیاتر کرد و ئەو بڕیارەی ئێمەیان لەباربرد. دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لەو ماوەیەدا هەرگیز هێرشەکانیان ڕانەگرت، هێرشیان کردە سەر گۆڕەپانەکانی گەریا، چەکی قەدەغەیان بەکارهێنا. جگە لە گۆڕەپانەکانی گەریلاش هێرش و کۆمەڵکوژیشی لەسەر کوردان لە باشوور، شەنگال، مەخمور و ڕۆژاوا درێژە پێدا. لە تورکیا و باکووری کوردستانیش هێرشەکانی بۆ سەر گەل و سیاسەتی دیموکراتیک زیاتر کرد. گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی دژوار بەردەوامبوو. بە کوورتی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست لە چوارچێوەی کۆنسێپتی پاکتاو و کۆمەڵکوژیدا هێرشەکانی بۆ سەر بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان زیاتر کرد و گۆشەگیر لەسەر ڕێبەر ئاپۆی زیاتر قوورس کرد. گەریلا لەو ماوەدا سەرباری هێرشە زۆرەکانی سوپای تورکیش بە گوێرەی بڕیاری بزووتنەوەکەمان جوڵایەوە، بەڵام هێرشەکانی دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە ئەو بڕیارەی ئێمەی بێ واتا کرد. لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستەی ئێمە کە بە واتای پاڵپشتییە لە پڕۆسەی سیاسی، ویژدانی و مرۆیی، ئۆپۆزسیۆن لە تورکیاش مامەڵەیەکی بەو جۆرەی نەنواند کە وەڵامی هەڵوێستەکەمان بداتەوە، بەردەوامبوو لەسەر مامەڵەی نەتەوەپەرستانە و بەرتەسکی خۆی و جیاوازییەکی لەنێوان خۆی و دەسەڵات نیشان نەدا.
بە گوێرەی بەرپرسیارییەتی ئەخلاقی و مرۆیی، هەروەها بۆ ڕێگریی لە ئاژاوەگێڕیی لە کاتی هەڵبژاردندا، بە مەبەستی بەهێزکردنی بواری کایەی سیاسی ئێمە ئەو بڕیارەمان دابوو. بەڵام سەرباری ئەو بڕیارەش زیاتر لە چوار مانگە هێرش و کۆمەڵکوژی لەسەر هێزەکانمان و گەلەکەمان زیاتر بوون و درێژەیان پێدرا، گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر دژوارکرا. لە سلێمانی بە کوشتنی هاوڕێمان باران ئاڤرێل (حسێن ئاراسان) ئاشکرا بوو کە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان دەستی بە شەپۆلێکی نوێی هێرش کردووە. پێویستە کە لە دژی ئەو شەپۆلەی هێرشی فاشیستی لە هەموو شوێنێک تێکۆشانی چالاک بەڕێوەببرێت و گورز لە دوژمن بوەشێندرێت. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانە، ئێمە ڕایدەگەیەنین لەمرۆ بەدواوە کۆتایی بە بڕیاری وەستاندنی چالاکی دەدەین.
ئیتر هەموو کەسێک بە شێوەی باشتر ئەوەی بینی کە تا فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە نەڕوخێت هیچ بەرەوپێشچوونێک نایاتەئاراوە. لەسەر بنەمای ئەو ڕاستییە بانگەواز ئاڕاستەی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتیک و شۆڕشگێڕەکان و هەمووان دەکەین کە لە دژی دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپەی فاشیست زیاتر گوڕ بە تێکۆشان بدەن.[1]