کورد بوون و ئیسلام
سەردار عەزیز
12.07.2023
لە مێژوودا هەردوو کوردبوون و ئیسلام دوو پایەی سەرەکی شوناس و داڕشتنی دونیابینی کورد بوون. ئێستا هەردوو ئەم دوانە لە قەیراندان، یان بەوردی هەردوو بەرەو پەرتبوون و هەڵوەشانەوە دەچن. ئەم دۆخە تایبەت و ترسناکە. ئێمە لێرەدا باس لە چییەتی ئەم دوو شوناسە ناکەین، بەڵکوو زیاتر جەخت لەسەر هۆکارەکانی هەڵوەرانیان و کاریگەرییەکانیان دەکەین.
کوردبوون یان کوردایەتی گەرچی لە ناو کوردی باشووردا هێندە لە ئاستی فیکریدا قسەی لەسەر نییە. بەڵام لە ناو لێکۆڵەوەراندا چەندین قوتابخانەی جیاواز بوونیان هەیە بۆ ڕاڤە کردنیان. ئیدمۆنز لە هەر سەرەتاکانە لە داڕشتی قوتابخانەی پریمۆردیالە، کە بڕوای وەهایە لە کۆنەوە کورد بوونیان هەبوە و نیشتەجێی خاکەکەیانن.
قوتابخانەیەکی تر کە ڕەخنەی ئەم قوتابخانەیە دەکات قوتابخانەی ئیتنییە. کە لە ئاستی گشتیدا بیرمەندێکی وەک سمس تیایدا ناسراوە، بەڵام لە دۆخی کوردیدا ڤان برۆنسۆن. بە دیدی ئەم قوتابخانەیە کوردایەتی لە شۆڕشی شێخ عوبەیداللەوە دەست پێدەکات لە سەدەی نۆزدە.
پاشان مۆدێرنەکان دێن، کە بڕوایان وەهایە بە ئاگابوونەوەی کورد بە ئەوی تر و خودی، پڕۆسەیەکی مۆدێرنە و پاش جەنگی جیهانی یەکەم دەست پێدەکات. یانی ڕوخانی ئیمپراتۆریەت و سەرهەڵدانی دەوڵەتی کۆلۆنیالی پاشان نەتەوەیی لە ناوچەکە، عەباسی وەلی و بۆزئەرسەلان لە بیرمەندانی ئەم قوتابخانەیەن. هەروەها ناسیونالیزمی کوردی وەک کاری نوخبە، لای هەقان ئوزئۆغلۆ برەوی پێدراوە.
بێئاگایی خەڵکی لەم قوتابخانانە و ئەدەبیاتانە هۆکارێکە لە پشت هەژاری کوردایەتییەوە لە باشوور. داڕوخان یان داڕوخاندنی کوردایەتی بە پلان و پڕۆسەی ئەنجامدرا. ئیتلاعاتی ئێرانی ڕۆڵێکی کاریگەریی تیادابینی. دیارە ڕووداوەکانی وەک شەڕی ناوخۆ، پاشان نادادپەروەیی لە دابەشکردنی سامانی کوردستان، گەندەڵی، بێبەری بوونی بڕێکی زۆر لە خەڵک لە داهات، هۆکارن، بەڵام ئەوەی سەیرە تەنیا لە ناو کورددا قەیرانی ئابووری و ئیداری و حوکمڕانی دەبێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی خود. لە هەموو کونجێکی دونیا قەیرانی ئابووری هەیە، بەڵام نابێتە مایەی نەفرەت لە شوناسی گشتی. یەمەنییەک، بەنگلادشییەک، ئەفغانییەک، لیبیەک، جەزائیرییەک نەفرەت لە شوناسی خۆی ناکات سەرباری تاڵی و خراپی ژیانی. ئەم پێکەوە گڕێدانە، ڕەگی لەو تێزە کۆلۆنیالییە قوڵەدا هەیە کە دەڵێت کورد ناتوانێت حوکمی خۆی بکات.
بەستنەوەی کوردایەتی بە حیزبەوە یارییەکی فێڵبازیانە بوو، کە لە هیچ کوێی دونیادا بوونی نییە. حیزب هەمیشە نوێنەری بەشێک لە کۆمەڵگەیە، نەک هەموی.
ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین کە شوناسی کوردبوون یان کوردایەتی مایەی کۆبوونەوەی کوردنییە. بەڵکوو زیاتر مایەی پەرتبوونیانە. ئەو شوناسەی تر کە گشتی بوو، ئیسلام بوو. ئیسلام ژیار و بەهاکانی دونیای کوردی دادەڕێژێت. ئیسلامی کوردی، ئیسلامێکی بیرلێنەکراوەیە. دەکرێت بوترێت زیاتر ئیسلامێکی پیادەکراوە. بەڵام بە هاتنی ئیسلامی سیاسی ئەم دۆخە گۆڕا.
هاتنی تیورەکان لە میسر و پاشان سعودیە، ڕودانی شۆڕشی ئێرانی وەک ڕووداوێک کە دەوڵەتی ئیسلامی کردە واقیع، هەبوونی پارە و پلان لە سعودیە و قەتەرەوە، ئیسلامی سیاسی کردە پڕۆژەیەکی گەشەکردوو لە کوردستان. سەرەتا هێزە ئیسلامییەکان وەک هێزی عەلمانی کاریان دەکرد. ململانێکانیان لەسەر بە دەستهێنانی کورسی و پێگە و کاریگەریی بوو.
بە زۆربوونی ئیسلامییەکان کۆمەڵێک دیاردەی سەرنجڕاکێش و کاریگەر ڕویاندا. درووستبوونی ململانێ لەسەر شوناسی ئیسلام خۆی، چییەتی ئیسلام و ئیسلامی پاک و ئیسلامی لادەر هاتنە ئاراوە. لە هەمانکاتدا گۆڕانکارییەکی گەورە کە هاتە ئاراوە هێنانی ململانێکانی ناو کایەی ئیسلامە بۆ ناو دونیای کوردی. مرۆڤی کوردی ئاسایی بە ململانێی موعتەزیلە و زەنادیقە و خەواریج و ئەشعەری و پاشان جۆرە جیاوازەکانی سەلەفی و جیهادی و ئیخوانی و نەهزەویی و زۆری تر ئاشنانییە. بەشێکی زۆری ململانێکانی ناو ئیسلام توانای یەکلابوونەوەیان نییە. بۆیە لە ئەنجامدا پەرتبوونەکان هەمیشەیین.
ڕەهەندێکی تری ئەم دیاردەیە ڕۆڵ وەرگرتنی ئیسلامە لە بواری دەرەوەی دونیای خۆی. ئیسلام دەبێتە ئامرازی جیوپۆلەتیکی، ململانێی زلهێزەکان، سیاسەت، بە دەستهێنانی دەنگ و سۆزی جەماوەر، سەرکەوتنی شەخسی کەسەکان، کۆکردنەوەی سامان و خۆش ژیانی، کۆنترۆڵکردن و وروژانی کۆمەڵگە و زۆر بواری تر. هەموو ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵە و پەیوەندی لەگەڵ دیندا. لە زۆر ناوەندا، دین ڕۆڵی ڕۆحی و ناکۆتایی و هەمیشەیی لە دەست دەدات و دەبێت کاڵایەک یان شمەکێک لە دونیایەکی بەرخۆردا.
پەرتبوونی دین، بەکاربردنی بۆ بواری تر، وەها لە دین دەکات کە پەرت بێت و خاوەنی یەک هەقایەت و دونیابینی نەبێت. لە ئەنجامدا گرووپ و فیرقەی زۆری لێ پەیدا ببێت. ئەمەش وەها دەکات نەتوانێت ڕۆڵی چیمەنتۆی کۆمەڵایەتی ببینێت کە بیرمەندێکی وەک دۆرکهایم بە بیری دینی دەدات لە سەردەمی فیوداڵی فەرەنسیدا.
دەکرێت بوترێت کوردایەتی و ئایین جوت پارادایمی گەورەی دونیای کوردی بوون و هەردوکیان بە دەست پەرتەوازەیی و قەیرانەوە دەناڵێنن. دەکرێت ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی زۆر جیاوازەوە ببینرێت. هەروەها بەراوردکردنیان ڕەنگە سوودمەندبێت. بۆ نموونە دەوترێت خەتای کوردایەتییە کە کورد دۆخی خراپە یان یەک نییە. بەڵام ئەوەی بە سەر کوردایەتیدا هات، بە هەمانشێوە بە سەر ئیسلامیشدا هات، کەواتە ڕەگی پەرت بوون وەک دیاردەیەک قوڵترە لە دونیای کوردیدا.
لە ڕاستیدا پێکەوەبوون لە شێوازەکانی وەک نەتەوە، دەوڵەت، کۆمەڵگە، هەروەها ئینتەرناسیونال، هەموو پارادایمی مۆدێرنەن. ڕەخنەکانی پۆستمۆدێرنە بە زۆری لەسەر ئەم پێکەوەبوونانەن و دەخوازن پەرتیان بکەن. درووستکردنی پێکەوەبوون لە ئاستی هاوبەشی، بەرژەوەندی، سوود، و زۆر ڕەهەندی تر، نەبوونەتە بەشێک لە ئاگایی سیاسی مرۆڤی کورد، هەروەها زۆربەی کۆمەڵگەکانی ناوچەکە.
دیاردەی هەڵوەشانەوەی کۆمەڵایەتی، یان نەمانی پێکەوەیی، دیاردەیەکی ئاڵۆزە و لە ئەدەبیاتی کۆمەڵناسی و ئاساییشیی و دەروونناسیدا زۆر کاری لەسەر کراوە. مرۆڤ لە کۆمەڵگەی پەرتدا مرۆڤێکی دڵخۆش نییە. بە گشتی باوەڕی بە ئەوی تر لاوازە، ڕۆژانە لەگەڵ ڕقێکی زۆردا مامەڵە دەکات، هەرگیز ناتوانێت دەزگا و هێز و سەقامگیری بهێنێتە کایەوە.
بوونیادنانی پێکەوەبوون لە دونیای ئەمڕۆدا کارێکی ئێجگار سەختە. تەکنەلۆجیا یەکێکە لە هۆکارە ڕێگرەکان. کارەکانی ئەم دوایەی جۆناسان هایدت بە زەقی جەخت لەسەر پەیوەندی سۆشیال میدیا و باری دەروونی و داڕمانی دیموکراسی دەکەنەوە. هەروەها کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر کواڵیتیی خوێندن، جۆری گفتوگۆ.
مرۆڤی سەردەمی سۆشیال میدیا پێستی زۆر تەنکە، توانای قبووڵکردنی ڕای جیاوازی نییە. برێکی زۆری پەیوەندی بە دونیاوە لەسەر سۆز ڕاوەستاوە نەک ژیریی. هەموو ئەمانە وەها دەکەن کە ئاسان بێت گرووپی بچوک بچوک پەیدابێت لەسەر بنەمای شەخسی و دژایەتی یەکتر و درێژەپێدانی بۆ مەبەستی دەستکەوتی شەخسی.
یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ئەوەیە کە لە کاتێکدا کێشەکان زۆر دەبن، بیرمەند و بیری قوڵ و داڕشتنی ڕەوتی سێیەم یان سینتەتیز کە لە ئەنجامی کۆکردنەوەی دژەکان و هاتنە ئارای نوێ بەرهەم دێت نامێنێت. هەموو بەرژەوەندی هەیە لە درێژەدان بە پەرتبوون. لە ڕاستیدا خوێندنەوە و بیرکردنەوە دەبنە دیاردەی نامۆ و سەیر لە دونیای وەهادا.
یەکێک لەو پرسانەی بەردەوام بەرەڕوم دەبێتەوە کە بە زمانێکی نوخبەوی دەنووسم. وروژانی ئەم پرسە نیشانەی ئەوەیە کە دەبێت بۆ وروژاندن و جوڵاندن و تەعبیئەو ئەو کارانە بنووسیت. ئەمەش خەسڵەتی کۆمەڵگەی بیرنەکەرەوەیە.
بە پوختی لە کاتێکدا ئێمە هەموو بنەما هاوبەشەکانمان لە دەست دەدەین، دۆخێک دێتە ئاراوە کە توانای ئەوەشمان لێدەسێنێتەوە کە بتوانین بیرێکی نوێ یان هاوبەشی نوێ بەرهەم بهێنین.
سەردەمێک وەها دەبینرا کە هاتنی تەکنەلۆجیا نەک دەتوانیت لە بەشێک لە کوردستان بەڵکوو دەتوانیت بە سەر سنوورەکانیشدا زاڵ بێت، کەسێکی وەک ئەمیری حەسەنپور، چەمکی گەلی سەتەلایتی داهێنا لەژێر کاریگەی مێدتیڤی ئەو سەردەمەدا. بەڵام ئێستا تەکنەلۆجیا لە هەموو شتێک زیاتر، نەک هەر ئێمە بەڵکوو کۆمەڵگەیەکی زەبەلاحی وەک ئەمریکای داغانکردووە.[1]