54 پارێزەری کورد لەسەر دۆسیەی #ژینا ئەمینی# بانگهێشتی دادگا دەکرێن
14.07.2023
بە پێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵەکان بڵاویانکردۆتەوە ، 54 پارێزەری شاری بۆکان لەلایەن داواکاری گشتی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە ئەبێ لە بەردەم دادگا ئامادە بن.
بە پێی زانیارییەکانی هەنگاو لەم بارەوە ئەم پارێزەرانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە ئەبێ وەڵامدەرەوە بن بۆ کۆمەڵێک لەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان. جێگەی ئاماژەیە تۆمەتی ئەوە خراوەتە پاڵ ئەم پارێزەرانە کە بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ڤیدیۆ و وێنە، هەوڵیانداوە ئارامی و ڕای گشتی تێک بدەن .
جێگەیباسە ئەم پارێزەرانە لە سەردەمی بزووتنەوەی ژینادا، بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک پشتیووانی خۆیان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەربڕێبوو.
ژینا ئەمینی لە 16-09-2022، لە تاران گیانی لەدەست دا، دوای ئەوەی سێ ڕۆژ پێشتر لە بنکەی پۆلیسی ڕەوشتی تاران تەندرووستیی تێکچوو. ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا دەڵێت: بەپێی ئەو زانیارییانەی پێی دراوە، کچەکەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لێی دراوە و بەوهۆیەوە گیانی لەدەست داوە.[1]