شیراز، پایتەختی حکومەتی زەندی کوردی
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
#کەریم خانی زەند#، لە ساڵی 1180ی کۆچی (1766-1767ی زایینی) ، شیرازی وەک پایتەختی شانشینی خۆی هەڵبژارد. لەو ماوەیەدا شیراز گەشانەوە و پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینی و ژمارەی دانیشتووانەکەی زیادی کرد. شانشینی زەندییەکان بە ڕەچەڵەک لەک بوون و بە سەرکردایەتی کەریم خانی زەند هاتوونەتە سەر دەسەڵات و نزیکەی 46 ساڵ حوکمڕانی ئێرانیان کردووە.
کەریم خانی زەند دامەزرێنەری ئەم بنەماڵەیە، خانی گەورەی خێڵی زەند بوو، خۆی بە وەکیل ئەلڕەعایا ناوبرد و بۆ ماوەیەکی کاتی (مەلایری) کردە پایتەختی خۆی، پاش ماوەیەک کەریم خان توانی بەسەر هەموو ئێراندا زاڵ بێت و شاری شیراز بکاتە پایتەختی دەسەڵاتدارییەکەی. لە سەردەمی ئەودا چەندین باڵەخانە لە پایتەختی زەندییەکان درووستکراون.
=KTML_Bold=خێڵی زەند بەسەر سێ تیرەدا دابەش بوون=KTML_End=
زەند بەگلە، زەند هەزارە و زەند خەراج. کەریم خانی زەند (کەریم تۆشەماڵ) لە بنەماڵەی زەند بەگلە بوو. لە سەردەمی ئەفشارییەدا، کەریم خانی زەند و سدیق خانی برای لە سەردەمی ئیبراهیم شای ئەفشار شەڕیان کردووە. گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی کەریم خانی زەند بریتین لە: شەڕکردن لەگەڵ حاکمی #هەمەدان#، جەنگی کەهریز، پەیمانی سێ قۆڵی، جەنگی چوار مەحاڵ، جەنگی دووئاب، جەنگەکانی کەتل کۆمارج و خشت، جەنگ لەگەڵ محەمەد حەسەن خانی قاجار، شۆڕشی حسێنقلی خانی قاجار، عەرەبەکانی بەنی کەعب، هێرش بۆ سەر عەممان، شۆڕشی میرمۆهەنا، هەروا گرتنی بەسڕە.
=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2024/550646/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=0001.JPG=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:left;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2024/550646/0001.JPG=KTML_Photo_End=
=KTML_Bold=ئەو شوێنەوارانەی لە شانشینی زەندەوە بەجێماون=KTML_End=
لە سەردەمی زەندییەکان، تەلارسازی پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، تایبەتمەندی بیناکانی ئەم سەردەمە ئەوە بوو کە سەقفی بیناکان لە شێوەی قوببەیەکی پان درووستکرابوون، لەو شوێنانەی باران و ئاوی زۆر بوو سەقفەکان بە کاشی برنج و دیوارەکانیش بە خشت درووست دەکران. خانووەکان دوو نهۆمیان هەبوو و بە زۆری باڵکۆنیان هەبوو، هەروەها دیوارەکان لە دەرەوە و ناوەوەی بیناکە بە گەچ داپۆشرابوون، هەروا لەناو خانووەکان تاق و دەلاقەی تایبەت درووستکراون تا کەلوپەلی ناوماڵیان تێدا دابنرێ. لە تەلارسازی بیناکانی سەردەمی زەندییەکان، ماڵی دەوڵەمەندەکان، یان دەوڵەتمەدارەکان خانووی گەورە بوون و بە شووشەی ڕەنگاوڕەنگ ڕازێنراونەتەوە، پەنجەرەی ئەم خانووانە بەرەو باشوور دەکرانەوە و حەوشەی گەورەیان هەبووە، بە ئەندازەیەک درووستکراون دراوسێکان ناو ماڵی یەکتریان نەبینیوە. ئەم خانووە گەورە و فراوانانە بە کەلوپەلی گرانبەها و تابلۆی گەورە ڕازێنراونەتەوە، بە مەبەستی دەستڕاگەیشتن بە کەلوپەلی بەکارهێنراو، دانیشتووانی ماڵەکە لە شوێنی تایبەت و دیاریکراو دایانناون، لە ژوورەکان فەرشی تایبەتیان تێدا دانراوە. هەندێک لەو شوێنەوارە مێژووییانەی کە لە سەردەمی زەندییەکان بەجێماون بریتین لە: بازاڕی وەکیل، مزگەوتی وەکیل، #قەڵای کەریم خانی زەند#، باخی تەکییەی حەوت تەنان.
کەریم خانی زەند دامەزرێنەری بنەماڵەی زەندە و لوتف عەلی خانی زەند دوایین پاشای ئەم بنەماڵەیەیە و لە پادشا بەناوبانگەکانی زەندن. شاری شیراز 1486 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوییەوە، کەشوهەوای شارەکە هەمیشە مامناوەند و لەبار بووە. ئەم شارە لە لای ڕۆژاواوە تا چیای دراک و لە باکوورەوە تا چیای سەوزپۆشان، باوە چیایی، چل مەقام و بەمۆ، هەروەها بە شاخەکانی زاگرۆس دەورە دراوە. دوای شارەکانی #تەورێز# و تاران، شاری حافز و سەعدی سێیەم شار بوو کە لە ساڵی 1296دا هێمای شارەوانی بەدەستهێناوە، ڕووبەری ئەم شارە 240 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.[1]