مەعرووف ئاغایی ناسراو بە مارف ئاغایی لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بوو کە لە ڕەوتی نوێخوازی هەڵبەستی کوردیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەوری گرنگیان گێڕا. شاعیرێکی ناوەرۆکخواز بوو کە زمان و شێوازی تایبەت بە خۆی هەبوو. ئەم شاعیرە هەستیارە لە ڕۆژی دووەمی ڕێبەندانی 1344 ک. #22-01-1966# لە گوندی #وەزنێ# سەربە شاری #نەغەدە#، ناوچەی سندووس لەدایک بوو. لە 25 ڕێبەندانی 1376 بەهۆی کارەساتی پێکدادانی ئۆتۆمبیل کۆچی دوایی کرد.
$ژیاننامە:$
مارف ئاغایی، کوڕی حاجی محەمەدی ئاغایی لە بنەماڵەی پاشایییە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواوکرد. لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە #شنۆ#. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە.
ساڵی 1985 هاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرهەنگی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی هەڵبەست و بەرهەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە هەمان گۆڤاردا بووەتە ئەندامی دەستەی نووسەران. ئاکامی تەقەڵاکانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی 1988 لەگەڵ ئازەری سەمسامی ژیانی هاوبەشی دەستپێکرد و کچ و کوڕێک بە نێوی شەونم و پەیام بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان بوو. لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە هەوڵی خۆفێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و هاوکاتیش لە ماوەیەکی کوورتدا فێری زمانی ئینگلیزی دەبێت و ئاکامی ئەو تەقەڵایەش وەرگێڕانی پەرتووکی ناسیۆنالیستی کورد بوو بۆ سەر زمانی کوردی. مارف جگەلە وەرگێڕانی پەرتووکی ناسیۆنالیزمی کورد پەرتووکی هەڵبەست و چێرۆکەکانی بە نێوی زەوی سەخت و ئاسمانی دور پاش مەرگی بڵاو بووەتەوە کە لەلایەن ڕەخنەگر و شارەزیانی هەڵبەستی هاوچەرخی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کارێکی گرینگ و جۆرێک هەڵبەستی جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.
پاش چواردە ساڵ لە مەرگی ناوادەی مارف ئاغایی یەکێک لە سێکوچکەی جوانە مەرگی هەڵبەستی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستاش سێبەری سەوزی هەڵبەست و بیر و ئەندێشە دیارە و هەر باڵادەکات.
$کۆچی دوایی:$
پاش خزمەت و هەوڵ و تەقەڵایەکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک ڕێکخستنی کۆنگرە، کۆنفراننسی ئەدەبی و فەرهەنگی هەر لە #ئیلام#ەوە بگرە هەتا دەگاتە شاری #ورمێ# و دامەزراندنی پەیوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری هاوبەشی فەرهەنگی، ڕۆژی 25 ڕێبەندانی 1376، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی مینا خانمی خێزانی پێشەوا قازی، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە #مەهاباد#ەو بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ هاوڕێکانی لە ڕەوتی پەنجاساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو هاوڕێی تری، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەهاباد لە نزیک گڵکۆی هەژار و هێمن بە خاک ئەسپێردرا.
$چەن نموونە لە هەڵبەستەکانی مارف ئاغایی:$
مانەوە
ئەم خۆشەویستە دڵڕەقە عیشق پەروەرەی
نە دەتوانم وەکوو کیژێک بیخەمە پاشتەرکی ئەسپ و
لەژێر سایەی زێڕوەشانی تریفەی مانگەشەوێک
هەڵێگرم
نە دەشتوانم هەرگیز دڵی لێ بەردەم و
خۆم گیرۆدەی کۆلکەزێڕینەی شوێنێکی دیکە بکەم
ناوی: خاکە
ئەم دەریایەی
نە دەتوانم لە جامی چاوەکانمدا ڕایگوێزم و
نە دەشتوانم لە دووری ئەو
لە ئۆقیانووسی هیچ شوێنێکی دیکەدا قومە ئاوێک
بخۆمەوە[1]