گوندی گەڵاڵە دەکەوێتە ناوچەی شارباژێڕ سەربە شارۆچکەی #ماوەت#، 58کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای #سلێمانی#ەوە دورە، هەروەها 17کیلۆمەتر لە شارۆچکەی ماوەتەوە دوورە.
گوندی گەڵاڵە لە ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی ماوەتە و گوندەکانی باساوێ و بەردبەرد و شینکی و سەفرە لە ڕۆژاواوە هاوسنوورە لەگەڵ شارۆچکەی دوکان و گوندەکانی سەربە شارەدێی بنگرد لەوانە (کانی توو و ئاوەژێ و یاخیان و گۆمەزەڵ و خوڕخوڕە) لە باشووریشەوە گوندەکانی قامیش و وڵاغلوو گەورەدێ و گەڕەدێ، لە باکووریشەوە هاوسنوورە لەگەڵ گوندەکانی سەرتەنگ و دۆڵەگۆم و لبانێ و بێترخێ و زەروون.
ئەم هەڵکەوتە جوگرافیەیەی گەڵاڵە وای کردووە ببێتە خاوەنی زۆرترین سنوور لە ناوچەی شارباژێڕ و تانانەت سنووری گوندەکانی سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی.
چیای ئاسۆس ڕووەو ڕۆژهەڵاتەکەی بەتەواوی دەکەوێتە سنووری گەڵاڵەوە و چیاکانی گۆجاڕ و برزووت و گردەڕەش و زینوی سپی و بەنەباریک و کوڕیس دەوریان داوە.
زۆرترین سنووری گەڵاڵە زەوی بەردەڵان و دارستانە لەگەڵ هەبوونی چەندین کانیاوی سازگار ئەمەش وای کردووە ببێتە شوێنێکی گونجاو بۆ ئاژەڵداری جگەلەوەش خاوەنی چەندین باخی دێمە وەکوو ڕەز و سماق و سنووری فراوان و شاخاوی سرووشتێکی جوان و خواکردی دڵڕفێنی پێبەخشیوە لەگەڵ چەندین ئاژەڵی کێوی و گژوگیای بەسوود، بۆ خواردن لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی هاوینە هەوارەکانی خەندەک و بیران و گۆمەسپ و دوکانیان و بیاینێیە، بەگشتی خەڵکی گوند خەریکی بەخێوکردنی ئاژەڵ و هەنگەوانی و کاری کشتوکاڵن.
بەهۆی ئەوەی ناوچەیەکی شاخاویە ساڵانە بەفرێکی زۆری لێدەبارێت ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی چاڵی بەفر (کونەبەفر) لە هاویناندا ئاژەڵداران سوودی زۆری لێدەبینن بۆ دانانی پەنیر لە هاوینەوە تا سەرەتای پایز و خواردنەوە و تواندنەوەی بەفرەکەی بۆ ئاودانی ئاژەڵان بەکاری دێنن.
[1]