لە #17-03-1988# لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە کانیوەتمان تەواوکردووە. ساڵی 2007 ڕۆمانی (دەترسم خاک هەڵبێت) بڵاوکردووەتەوە، کە یەکەم ڕۆمانی کوردییە کە تیشکی خستبێتە سەر شەڕی ناوخۆ لە کوردستان. لە ساڵی 2009 وەک یەکێک لە یەکەمەکانی زانکۆ و بەشی کوردی زانکۆی کۆیەی تەواوکردووە. دواتر لە زانکۆی کۆیە وەک توێژەر دەست بەکار بووە. هەروەها بەشداری لە چەندین کاری ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا کردووە و ئەرکی بەڕێوەبردنی هەردوو ڕێکخراوی سۆلیدارێتی و ڕێباز فاوندەیشنی لە کۆیە بە ئەستۆ گرتووە. لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی پڕۆگرامی تواناسازی حوکمەتی هەرێمی کوردستان نێردراوەتە وڵاتی بەریتانیا بۆ خوێندن و خوێندنی ماستەری لە زانکۆی ئێکسیتەر/بەریتانیا بەدەستهێناوە. لە چەند ساڵی ڕابردوو لە زانکۆی کۆیە مامۆستا بووە.
نووسەر و توێژەرە لە بوارەکانی زمان و سیاسەتی کوردی. زمانەکانی کوردی (ناوەندی و کرمانجی) و ئینگلیزی بەپاراوی دەزانێت و شارەزاییی زۆریشی لە زمانەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی هەیە. چەندین پەرتووک و توێژینەوەی زانستی لە بوارەکانی زمانەوانی و سیاسەت بڵاو کردووەتەوە، وەک “کاریگەریی زمان و سیاسەت لەسەر یەکتری لە هەرێمی کوردستان”؛ “تەونی نەتەوەیی، ئیتنیکەکانی ئێران” بە زمانی ئینگلیزی. پەرتووکی فێرکاریی زمانی کوردی بۆ خەڵکی بیانی بە ناوی “هینکەر بۆ فێربوونی کوردیی ناوەندی/سۆرانی” ئامادە کردووە. ئەمە جگە لە چەندین توێژینەوەی زانستی لە بواری زمانەوانیی کوردی و دەیان وتار کە لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو بوونەتەوە. لە ئێستادا (2024) مامۆستایە لە زانکۆی ئیندیانا، لە ئەمریکا. بۆ پەیوەندی: hewasalam@gmail.com