ناو: ئازاد
ناوی باوک: عەبدولواحید
ڕۆژی لەدایکبوون: #17-05-1958#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
$ژیاننامە$
ئازاد عەبدولواحید، نووسەر و وەرگێڕ، توێژەر، ڕۆژنامەنووس، سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان. ناوی تەواوی ئازاد عەبدولواحید کوڕی حەمەسدیقی باخچەوانە، باپیری کوڕی عەبدوڵڵا بەگی خانییە، هەرچەندە باوکی خەڵکی #کۆیە#یە، بەڵام دایکی خەڵکی شاری هەولێرە، لە کاتی لە دایکبوونی، باوکی دایکی دەباتەوە بۆ ماڵی خەزوری کە لە تەیراوە بوون، لەوێ دایان دەنێ، بۆیە لە گەڕەکی تەیراوە لە شاری هەولێر لە ڕۆژی 17-05-1958 لە دایک بووە. لای هەموومان ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێکخستنەکانی مەدەنی و سەربازی #پارتی دیموکراتی کوردستان# بنچینەی بزووتنەوەی چەکداری شۆڕش 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961ە، باوکی ئازاد عەبدولواحید لە سلکی سەربازی لە ڕێکخستنە نهێنییەکان-کەرتی سەربازی لێپرسراوی هێڵێکی گرنگ بووە و نەیویستووە بەشداری شەڕ بکات، بە فێڵی نەخۆشی چووەتە نەخۆشخانەی ڕەشیدی سەربازی لە بەغدا، بەڵام دیارە لەوێ ناسیویانە و کوشتوویانە و لە وەفاتنامەکەیدا نووسراوە خوێنی ژەهراوی بووە. ئەو کات ماڵیان لە حبانییە بووە، (حەمەسەعید) تەماتە کە خاڵی باوکی بووە، ماڵەکەیان دەهێنێتەوە هەولێر بۆ ماڵی باپیری، واتە ماڵی باوکی دایکی، باوکی لە سەرەتادا لە حیزبی تەحەڕوڕ بووە، کە ڕووکارێکی حیزبی شیوعی ئێراقی بووە، لە پاش کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان. دۆستایەتی لەگەڵ شاعیر و ڕۆشنبیرانی کۆیە، وەکوو #دڵزار# و #دڵدار# و #تایەر تۆفیق# و سامی عەوداڵ و عوسمانی مام یحیا و #کەریم شارەزا# و جەلال جۆبار و عەبدولکەریم شێخانی و جابر پیرداود و زۆرانی دیکەدا هەبووە. لە ساڵی 1963 بە حوکمی وەزیفەی مامی ماڵیان دەچێتە بەغدا لە ناوچەی (علویة) دەگیرسێنەوە، دواتر لە گەڕەکی (باب الشیخ)، لە تەنیشت مەرقەدی #شێخ عەبدولقادری گەیلانی# نیشتەجێ دەبن، دیسان ماڵیان دەگوازرێتەوە گەڕەکی (ڕخێتە) لە وێ دەچێتە قوتابخانەی (ابی تمام) کە لە شەقامی ئەبو نەواس بووە، تا پۆلی چوارەم لەوێ دەخوێنێ، ئەوجا ماڵیان دێتەوە هەولێر و لە قوتابخانەی (الاخوة) لەسەر ڕێگای #عەنکاوە# بە زمانی عەرەبی دەخوێنێ. لە ساڵی 1968 دیسان دەگەڕێنەوە بەغدا و لە ناوچەی (النهضة) لە گەڕەکی (الخندق) نیشتەجێ دەبن و دەچێتە قوتابخانەی (ئیبن سینا)، پۆلی پێنجەم تەواو دەکات و دەگەڕێنەوە هەولێر، لە قوتابخانەی خەبات پۆلی شەشەم تەواو دەکات، ئازاد عەبدولواحید لە تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی ماندوو بووە و دەردەسەرییەکی زۆری چەشتووە، جگە لە سەختی ژیان لە بەغدا لە ساڵەکانی شەستەکان، بەڵام سوودیشی بۆ ئەو هەبووە کە هەر زوو، زۆر باش فێری زمانی عەرەبی بووە و دواتر بۆ خوێندنەوەی خۆی سوودی لێ وەرگرتووە. قۆناغی ناوەندی لە ناوەندی سەڵاحەدین و ئامادەیی لە ئامادەیی هەولێر تەواو دەکات و وەک فەرمانبەر لە ئەمیندارێتیی گشتیی شارەوانی و گەشتوگوزار دادەمەزرێت، ئەم جارەیان دیسان دەکەوێتە ژێر چاودێری ڕژێمی بەعس، ئیدی ناچار دەبێت خۆی بگوازێتەوە هەیئەی گشتی کشتوکاڵ و ئاودێریی #سلێمانی# بە وەزیفەی (مدقق مالي) دەست بەکار دەبێت. ئازاد عەبدولواحید لە تەمەنی 16 ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە، یەکەمین بەرهەمی بە ناوی (گراهام گرین)ی ڕۆماننووس لە ڕۆژنامەی (#هاوکاری#)دا بڵاوکردەوە، دووەم نووسینیشی لە بارەی (چیخەڤ) هەر لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوکردووەتەوە. لە ساڵی 1976 یەکەم بەرهەمی خۆی بە ناوی (ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری) چاپ کرد، کە نووسەری گەورەی کورد #مەحمود زامدار# پێشەکی بۆ نووسیوە، ناوبراو لە زۆربەی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردی و عەرەبییەکاندا بەرهەمی جۆراوجۆری لە بواری لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و ڕەخنە و ساغکردنەوەی دیوانی شاعیرانیش هەتا شوێنەواریش بڵاکردووەتەوە، نووسەر بەرهەمی خۆی لەم گۆڤار و ڕۆژنامانەدا بڵاوکردووەتەوە؛ (ڕۆشنبیری نوێ، بەیان، ڕۆژی کوردستان، هاوکاری، الأقام، التآخي، العراق، خەبات، طریق الشعب، الفکر الجدید، پڕۆژە، پاشکۆی ئێراق، کادیر، کاروان، #ڕامان#، برایەتی، #کوردستانی نوێ#، المواطن، گوڵان، گوڵانی عەرەبی، تریفە، نواڵە، #چاودێر#، دیموکراتخوازان...).
لە ساڵی 1994 لە بڵاوکراوەی گوڵان وەکوو نووسەر دەست بەکار بوو، هەروەها لێپرسراوی ڕادیۆی گوڵان بووە، لە# 11-6-1996# لەگەڵ دەرکردنی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕامان وەکوو بەڕێوەبەر و لێپرسراوی یەکەمی ئەو گۆڤارە دەست بەکار بووە کە تا ئێستا (2024)، 294 ژمارەی لێ دەرچووە کە بە یەکەمین گۆڤاری هزری و کولتووری و ئەدەبی و ڕەخنەیی دادەنرێت. ئازاد عەبدولواحید لە کاتی نهێنییەکان بەردەوام وتار و لێکۆڵینەوەی بە ناوی خوازراو بۆ بڵاوکراوەکانی شاخ ناردووە بە ناوەکانی (تەوار، ژیوار، واژام) کە ئەمانە هەر سێکی ناوی منداڵەکانییەتی. ناوبراو یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دوو ساڵ لە لیژنەی ئامادەکردن و دوو ساڵیش لە ئەنجوومەنی سەندیکاکە بە خۆبەخشی کاری کردووە. جگە لە نووسین لە بەستنی کۆڕ و کۆبوونەوەکان بەردەوام بووە بۆ ناساندنی بەرهەکانی و بۆ ئەو جموجووڵانەی کە یەکێتیی نووسەرانی کورد چ لە ساڵیاد، یان لە ڕێزلێنانی نووسەر و شاعیران بەستوویانە، ئازاد عەبدولواحید لە ساڵی 1976 یەکەمین کۆڕی بۆ ڵێکۆلینەوە و شیکردنەوە و شرۆڤەکردنی سێ دیوانی هۆنراوەی شاعیری گەورەی کورد #عەبدوڵڵا پەشێو# سازکردووە کە ڕەوانشاد عەبدولغەنی عەلی یەحیا پێشکەشکاری کۆڕەکە بووە. ئەو زیاتر لە 50 ساڵە خزمەتی ئەدەب و زمان و وشەی کوردی کردووە و دەکات، زیاتر لە 42 پەرتووکی بە چاپ گەیاندووە و 12 بەرهەمیشی ئامادەیە بۆ لە چاپکردن.
=KTML_Bold= بەشێک لە بەرهەمە چاپکراوەکانی:=KTML_End=
-ئەختەر شاعیری جوانی و دڵداری، ساڵی 1976، هەولێر لەسەر ئەرکی خۆی لە چاپ کراوە.
-أضمام قزحیة من الشعر الکردي الحدیث، بەغدا چاپخانەی الحوادث ساڵی 1980.
-دیوانی شێخ نووریی شێخ ساڵح بەرگی یەکەم، بەغدا، ساڵی 1985 ، 356 لاپەڕە.
بەرگی دووەم بەغدا، ساڵی 1989 چاپخانەی دار الجاحظ، 584 لاپەڕە.
-بەرەو یەکگرتنەوەی دامودەزگاکانی ڕاگەیاندنی کورد، سلێمانی چاپخانەی شەهید ئازاد، چاپی یەکەم، ساڵی 1992، 100 لاپەڕە.
-پشکۆ و خۆڵەمێش، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، ساڵی 1997، 300 لاپەڕە.
-کولتوور و ناسنامە، هەولێر ساڵی 2011 چاپخانەی ڕۆشنبیری، 250 لاپەڕە.
ئازاد عەبدولواحیدلە ئێستادا (2024) جێگری سەرۆکی یەکێتیی نووسەرانی کوردەلە مەڵبەندی گشتی، هەروەها بەڕێوەبەر و سەرنووسەری گۆڤاری ڕامانە. [1]