لەڕۆژی 22-02-1960 مافناس #جەمال شاڵی# داوای مۆڵەتی دەرکردنی گۆڤاری (ڕۆژی نوێ) پێشکەش بە وەزارەتی ئیرشادی عیراق کرد. داواکەی پەسەند کرا و مۆڵەتی وەرگرت. جەمال شاڵی بوو بە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارەکە، کامەران موکری بوو بە بەڕێوەبەری نووسین، (موحرەم محەمەد ئەمین، ئیحسان عەبدولکەریم، کەریم زەند، عەبدوڵڵا ئەژدەر) بەدەستەی نووسەران.
ڕۆژی نوێ وەک گۆڤارێکی هەفتانەی ئەدەبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی خۆی ناساند و یەکەم ژمارەی لەرۆژی #01-04-1960# دەرچوو.رۆژی نوێ بەحوکمی ستافەکەی، گۆڤارێکی سەنگین بوو، چەندین نووسەر و ڕووناکبیری دیاری لە دەوری خۆی کۆکردەوە. بۆ نموونە لەژمارە 1ی گۆڤارەکەدا قەڵەمی ناسراوی وەک (عەلادین سەجادی، نەجمەدین مەلا، شێخ محەمەدی خاڵ، کەریم زەند، نەوشیروان مستەفا، جەمیل ڕۆژبەیانی) ووتاریان تێدا نووسی بوو.
سەرباری ئاستەنگیەکان، گۆڤاری ڕۆژی نوێ تا ڕۆژی 02-09-1961بەردەوام بوو، بەهەمووی 18 ژمارەی لێدەرچوو. ئیدی سەرنووسەرەکەی(جەمال شاڵی) زیندانی کرا و گۆڤارەکەش داخرا.