دواڕۆژ، ڕەڤەند گوهەرزی
خێزانی دەخیل عەبدو حسێن، لە گوندی وەردییەی سەر بە ناحیەی قەحتانیە لە ڕۆژاوای #شەنگال#، لە 3ی ئابی 2014 لە لایەن #داعش#ەوە ڕفێندران و دوای سێ ساڵ لە ڕفاندنیان سێ کچی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەدەستی داعش ڕزگارکران، دەخیل دەڵێتئێستا کچێک و سێ کوڕ و ژنەکەم لای داعش ماون و خۆم و سێ کچە ڕزگاربووەکانم لە کەمپی قادیانین لە کومەڵگەی باتێلی سەر بە پارێزگای دهۆک.
دەخیل بە ناخێکی بریندارەوە باس لەوەدەکات خۆی و دوو کچە ڕزگاربووەکانی گۆرچیلەکانی خۆیان دەفرۆشن، لەپێناو ئەوەی بتوانن ژن و منداڵەکانی دیکەی لەدەستی داعش ڕزگار بکەن.
دەخیل عەبدو حسێن، دەموچاوی ڕەش هەڵگەڕاوە، دەیان غەم و نەهامەتی لەناوچاوانیدا دەبینرێت، ئه و بەدەم هەڵکێشانی هەناسەیەکی قوڵەوە وتی یەکێک لەکچەکانم لەشاری موسڵ ڕزگارکرا، زۆر نەهامەتیم بینی تا ئەو کچەم بوو بە مرۆڤ، ئێستا شەو و ڕۆژ لەهەوڵدام بۆ ڕزگارکردنی ژن و منداڵەکانی دیکەم.
دەخیل دەڵێت هیچ بڕە پارەیەک لەماڵەکەمدا نەبوو بۆ ڕزگارکردنی کچەکانم، کەسیش پارەی پێنەدام، بڕیارمدا گۆرچیلەکەم بفرۆشم بۆ ئەوەی بتوانم ئەم کچەم لە دەستی چەکدارانی داعش لە شاری ڕەققە ڕزگار بکەم، سەردانی نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعشم کرد لە دهۆک، ئەوانیش پارەیان نەدامێ.
دەخیل باس لەوەدەکات 18 هەزار دولاری پەیداکردووە، دەڵێت چاوەڕوانم نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش لە دهۆک ئه و بڕە پارەیەم بدەنێ، چونکە پێیناوتووم بۆت خەرج دەکەین، بەڵام تائێستا تەنیا سێ کچم ڕزگارکراون، ژنەکەم و سێ کوڕ و کچێکم لە دەستی داعشدا ماون و ئێستا هەزار دیناریشم لەماڵدا نییە بۆ ڕزگارکردنیان.
حسێن قائیدی، بەرێوەبەری نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش لەپارێزگای دهۆک بۆ دواڕۆژ دەڵێت بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت، هەر کەسێک لە دەستی داعش ڕزگار بکرێت مەسروفاتی بۆ خەرج دەکرێت، ئێستاش ئێمە وەکو نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش هەموو مەسروفاتەکانی دەخیل لەئەستۆ دەگرین و بۆی خەرجدەکەین.
دەخیل یەکێک لە کچەکانم لە شاری موسڵ ڕزگارکرا زۆر خەفەتم بینی تا ئەو کچە بوەوە بەمرۆڤ.
دەخیل بەدەم هەنسکی گریانەوە باسی لەوەکرد ئه و کاتەی ئەم کچەم ڕزگارکرا کچەکەم بەمنی وت باوکە، دایک و خۆشکەکانم لە ڕەققە بینیوە، بەپیێ زانیارییەکانم کوڕە بچووکەکەم ئێستا لە تەلەعفەرە و یەکێکیش لە شامە و کوڕە گەورەکەشم شوێنەکەی نادیارە و نازانین لە کوێیە.
دەخیل چیرۆکی دەستگیرکردنی خۆی و خێزانەکەی بەمجۆرە بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە، لە 3ی ئابی ساڵی 2014 لە گوندی وەردییە لە ڕۆژئاوای قەزای شەنگال چەکدارانی داعش هاتنە سەر گوندەکەمان و چوار کچ و سێ کور و دایکی منداڵەکانم ڕفێندران، ئێستا هیچ بڕە پارەیەکم لە بەردەست نییە و کەس هاوکاریشم ناکات، ناچارم گورچیلەم بفرۆشم بۆ ڕزگارکردنیان، هەردوو کچەکەشم دەڵێن ئەگەر پارە نەبوو، ئێمەش ئامادەین گورچیلەکانمان بفرۆشین بۆ ڕزگارکردنی دایک و خۆشک و براکانمان.
ئه و پیاوە داوا لەحکومەتی هەرێم دەکات بەهانایانەوە بچن، دەڵێت 350 سەر مەڕ و تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلەکەم داعش بردنی، تەقەیان لەمنیش کرد، بەڵام خۆمم ڕزگارکرد، ئێستا هیچم نییە، ئەوەندە پارەم نییە یەک کیلۆ تەماتە بکڕم و هیچ کارێکیش ناکەم و شەو و ڕۆژ لەهەوڵدام بۆ ڕزگارکردنی منداڵەکانم.
تەڵال هەسکانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی یەزدا بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی بە دواڕۆژی ڕایگەیاند ئێمە وەکو ڕێکخراوی یەزدا ناتوانین هیچ هاوکارییەکی مادی ئەو کەسانە بکەین کە لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگاردەکرێن.[1]