ڕۆژنیوز، جیهاد هەورامی
کتێبە دەستنووسەکانی خانەقای #بیارە# کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، مەترسی لەناوچونیان لەسەرە و بەڕێوەبەری خانەقاکەش دەڵێت: بۆ پارێزگاری کردن لێیان لە هەوڵی دروستکردنی گەنجینەیەکی گەورەداین.
خانەقا و خوێندنگای بیارە لە ساڵی 1885 لە ناوچەی هەورامانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەسەردەستی شێخ عومەر شێخ زیائەدین نەقشبەندی دروستکراوە، وێڕای دەوڵەمەندی بە سەدان کتێبی چاپی نوێ، خاوەنی نزیکەی هەزار کتێبی دەستنوسی کۆنە، کە تاوەکو ئێستا پارێزگاریان لێکراوە و هەوڵی هێشتنەوەیان دراوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو سەدە بەسەر نووسینی سەدان کتێبی ئایینی و زانستی و شەرعی و هاتنی چەندین ڕووداوی نەخوازراو بەسەر ناوچەکەدا، بەڵام ئەو کتێبانە ماون و بەهۆی لەچاپ نەدانەوە و لەبەرنەگرتنەوەیان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
کتێبەکان دەستنووسی زانایانی ئایینی و بواری زانستیی لە هەر چوار پارچەی کورستان و چەند وڵاتێکی ئیسلامییە و بە هەر سێ زمانی کوردی و فارسی و عەرەبی نوسراون و لەکاتی دروستبوونی خانەقاکە بە شێوەی وەقف (بەخشین) نێردراون بۆ کتێبخانەی خانەقاکە.
لەو کتێبانە سود بۆ دوانزە وانەی زانستی و شەرعی وەرگیراوە و بە فێرخوازان وتراوەتەوە و چەندین کەسایەتی ناوداری کورد و کوردستانیش لەم خانەقایە هەڵکەوتوون کە ئەو زانستانەیان وەرگرتوە.
سەرپەرشتیاری خانەقای بیارەش بەناوی مەلا فاخر محەمەد شەقڵاوەیی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماوەیەک پێش ئێستا بە هەوڵی بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکانی سلێمانی و بەمەبەستی زیاتر پارێزگاری لێکردن لەو دەستنووسانە زیاتر لە 400 کتێبیان برد بۆ کتێبخانەی گشتی سلێمانی و لە شوێنێکی زۆر باش هەڵیان گرتووە و پارێزگاری لێ دەکەن.
وتیشی: هەرچەند داواشمان لێ کردن کە هیچ نەبێت لەو کتێبانە نوسخەیەک لەچاپ بدەینەوە بۆ ئەوەی سودیان لێ وەرگرین بۆ زۆرترین فێرخواز، بەڵام بەبیانوی کۆنی و دابەزینی کوالیتی ئەوراقەکان ئەو داوایەمان سەری نەگرت.
لەماوەی ساڵانی ڕابردووش بەهۆی چەندین بارودۆخی ناهەموار کە بەسەر ناوچەکە هاتووە، بەتایبەت لەکاتی بوونی گروپێکی توندڕەوی ئەنسارولئیسلام، دەرگای خانەقا داخراوە و زیانیان بە هەندێک لەو کتێبانە گەیاندووە، هەروەها چۆڵکردنی گوندەکانی هەورامان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە هاوڵاتیانەکەی، لەو کاتەشدا زیان بەو کتێبانە گەیەندراوە.
سەرپەرشتیاری خانەقای بیارە، دەشڵێت: ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین کە لەناو خانەقای بیارە گەنجینە و کۆگایەکی تایبەت بە هەڵگرتنی ئەو کتێبە دەستنوسانە دروستبکەین و وەک میراتێکی کلتوری و ڕۆشنبیری تایبەت بە ناوچەکە بیانپارێزین، کە ئەمەش تەنها هەوڵی خۆمانە و هیچ لایەنێکی حکومی و حزبی هاوکاریمان ناکات.[1]