زنجیرەی دۆسێیە فەرهەنگی و فیکریەکان
دۆسێی ژمارە 11
#عەبدولڕەحمان سدیق#
ڕیفۆرم یان یاریکردن بە وشە؟!
نووسینی: #محەمەد هەریری#
چاپی ئەلکترۆنی یەکەم: ئۆگۆستی 2020
دیزاینی بەرگ و ناواخن: هادی هونەر
-ڕەخنەی من لە مەنهەجیەتی ڕیفۆرمی عەبدوڵڕەحمان سدیق و هەموو شەحروریەکان و قورئانییکان ئەوەیە، کە لە ڕیفۆرمخوازی پەیڕەوی مەنهەجیەتێکی زۆر فشۆڵ ولاواز دەکەن، ئەویش بریتییە لە یاریەکی زمانەوانی لە هەڵگێرانەوەی مانا، وگؤڕینی مانای وشەیەک، نکوڵی لە مانای دێرینی وشەیەک، ودەیان یاریتری نالۆژیکی، کە ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی چەند کەسێکی پێ فریو بدەیت، بەڵام ناتوانی تا سەر قەناعەتی بپارێزیت!
سەرەڕای ڕەخنەکانیشم لەو مەنهەجیەتە، هێشتا من لە چەندین بۆنەدا بەرگریم لە عەبدوڵڕەحمان سدیق کردوە کاتێ تەکفیر و سووکایەتی پێکراوە لەلایەن تووندڕەوان لەسەر مەنهەجەکەی.
ئەوەی من زۆر پێی پەستبووم لە بیرو فیکری عەبدوڵڕەحمان سدیق، یەکەم بێدەنگی و نزیکییەتی لە دەسەڵاتی گەندەڵ، دووەم دژایەتی کردنی عەلمانیەت و دیموکراتیەت و حوکمی مەدەنیەتی، بە بیانووی ئەوەی حوکمی ئیسلامی مەدەنییە و هیچ جیاوازی دینی ناکات لە نێوان موسڵمان و ناموسڵماندا! ئەوەش وەهمێکە وەک باقی وەهمەکانی مەنهەجیەتە وشەکاریەکەی.
لەو دۆسێیە ڕەخنە لەو مەنهەجیەتە دەگرین، خاڵەکانی دەدەینە بەر باس و ڕەخنە، باسی هەڵوێستەکانی عەبدوڵڕەحمان سدیق دەکەین لە گەندەڵی و حوکمی ئیسلامی و سێکیولاریزم و حوکمی مەدەنیەت. هیوادارم خوێندنەوەیەکی هاوسەنگ بێت لەسەر بیروڕاکانی بەڕێز عەبدوڵڕەحمان سدیق.