لە ناوچەی #عەفرین#، بە تایبەتی لە دەوروبەری چیای لیلۆن (لەلۆن)، گوند یان ناوچەی شوێنەواری و مێژوویی زۆری هەیە، مێژووەکەیان بۆ سەردەمە جیاوازەکان دەگەڕێتەوە.. یەکێک لەم شوێنەوارانە، پەرەستگای #خراب شەمس#-ە.
پەرەستگای خراب شەمس، 25 کیلۆمەتر لە شاری حەلەب دوورە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی قەڵای (سەمعان ئەلعەموودی). ئەم گوندە مێژووییە بۆ ماوەیەکی زۆر شوێنی نیشتەجێ بوونی خەڵک بووە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی کۆچی خەڵکەوە بۆ شارەکان، چۆڵ بووە.
ناوی ئەم شوێنەوارە مێژووییە، لە بوونی چەندین وێنە و نەخشی تایبەتی خۆرەوە هاتووە، کە لە سەر دیوار و سەقفی باڵاخانەکە نەخشێنراون. بە گوتەی سەرچاوە مێژووییەکان لە بەر زۆری وێنەی خۆر لە سەر دیوار و سەقفەکانی ئەم شوێنەوارە لە کۆندا دەشتی خۆر، یان ڕۆژئاوابوونی خۆر یشیان پێ گوتووە.
مێژوونووسان لە سەر ئەم بڕوایەن، مێژووی ئەم شوێنەوارە بۆ سەردەمانی فرە خواوەندی و ئایینە سروشتییەکان دەگەڕێتەوە، چونکە بێجگە لە وێنەی خۆر، وێنەی ئاژەڵیش، وەک سەری گا، تاووس، هەروا وێنەی لق و پۆپی دارە خورما، نەخشێنراوە.
خراب شەمس لە ئێستادا وەک شوێنەوارێکی ئایینی، واتا پەرەستگا تۆمار کراوە.. توێژینەوەکان باس لە سەردەمی ئایینی مەسیحییەت دەکەن و مێژووەکەی بۆ سەردەمی #بیزەنتی# دەگەڕێننەوە، کە وەک کڵێسایەک بە کار هاتووە زۆر هاموشۆی لەسەر بووە، بەڵام لە ڕاستیدا بە هۆی نەخشە تایبەتەکانی سەر دیوار و سەقفی ئەم پەرەستگایە دەکرێ مێژووی زۆر کۆنتری هەبێت.
بە گوتەی عەبدوڵڵا ئەلحەجار (ئەندازیاری بواری شوێنەوار): ئەم کڵێسایە تاکە کڵێسای ئەم دەڤەرەیە کە هێشتا نەردە (محەجەرە)ەکانی بە بەردی تایبەت نەخشێنراون و بە ساغی ماوەتەوە، هەروەها چلچرا یەکی گەورە کە لە سەر دوو بنکەی بەردین بنیات نراوە، ماوەتەوە و نەخشی خۆر و سەری گا و تانجێکی گوڵ و تاووسێکی لەسەر نەخشێنراوە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەم پەرەستگایە پێش سەرهەڵدانی ئایینە ئاسمانییەکانی وەک جوو و مەسیحی، پەرەستگەی ئایینە سروشتییە کوردییەکانی وەک #ئێزدی# بووە، بۆ ئەمەش نەخش و وێنە هەڵکۆڵدراوەکانی ناوەوە و دەرەوی باڵاخانەکە بەڵگەیەکی دانسقە و گرنگن. لە بارەی شێوەی باڵاخانەکەش، دەکرێت لە سەرەتاوە بینایەکی سادەتر و بچووکتر بووبێت، کە دواتر بە پێی تێپەڕینی کات، گۆڕانکاری بیناسازی و نۆژەنکردنەوەی بۆ کرابێت و شێوازی ئێستای وەرگرتبێت.
بەڵگەی زیاتریش بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە، لە نزیکی ئەم شوێنەوارە نزیکەی 85 گوندی کوردیی ئێزدی نیشتەجێن. بە پێی سەرچاوەکانیش ناوی چیای لیلۆن لە زاراوەی ئێزدی هاتووە، لیل بە واتا گوێچکە ماسی دێت، کە لای بڕوادارانی ئایینی ئێزدی پیرۆزە، هەروەها سەرچاوەکان دەڵێن ناوی لیلۆن لە ناوی لۆلۆبییەکان هاتووە، کە دەسەڵاتدارییەتێکی کورد بوون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]