لە سۆران ئێسکە پەیکەری مرۆڤێک دۆزرایەوە کە هی هەزاران ساڵ پێش زایینە
30/03/2023
سۆران
لە سنووری شارۆچکەی سۆران ئێسکە پەیکەری مرۆڤێک دۆزرایەوە کە مێژووەکەی بۆ سێ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، هەروەها گۆزەیەک کە بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە بەکارهاتووە دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی چاخی ئاسن دەگەڕێتەوە.
بەهۆی هەڵکەندنی شەقامی سەرەکی گوندی سکتان لە سنووری شارەدێی دیانا بۆ ڕاکێشانی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، لەلایەن تیمەکانی هەڵکەندنی ڕێگاکە ئێسکە پەیکەری مرۆڤێک و گۆزەیەک دەدۆزرێنەوە، لەلایەن تیمێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنینیان بۆ دەکرێت، هەروەها زانیاری تەواو لەبارەی ئێسکە پەیکەرەکە و گۆزەکە دەخەنەڕوو.
عەبدالوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران لە شوێنی دۆزینەوەی ئێسکە پەیکەری مرۆڤەکە وتی: تیمی هەڵکەندنی پڕۆژەی ئاو تەنیا گۆزەکەیان دۆزیوەتەوە، بەڵام ئێمەهاتین ڕوپێوی شوێنەکەمان کرد و ئێسکەپەیکەری مرۆڤێکمان دۆزییەوە کە مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە.
وتیشی: ئێسکە پەیکەرەکە هی مرۆڤێکی تەواوە کە تەمەنی پەنجا ساڵانە و درێژییەکەی 180سم، هەروەها مێژووەکەی بۆ چاخی ئاسن دەگەڕێتەوە واتا هەزارو 200 ساڵ تا 550 ساڵ بەر لەزایین، شێوازی ناشتنی مرۆڤەکە لەگەڵ ئێستا جیاوازە و سەری لە ڕۆژهەڵاتە و قاچی ڕاستی خراوەتە سەر قاچی چەپی، هەروەها لەناو ماڵی خۆیدا نێژراوە وەک ئاماژەیەک بۆ سۆز و خۆشەویستی مرۆڤەکانی ئەوسەردەمە کە پێیان وابووە بەم شێوەیە لەناو خۆیاندا دەمێنێتەوە.
سەبارەت بە دۆزینەوەی گۆزەکەش بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران، ئاماژەی بەوەکرد، چەند پارچە گلێنەیەک دۆزرابوونەوە، بۆیان دەرکەوت بۆ دانەوێڵە بەکارهاتوون، لەبەرئەوەی قەبارەی گلێنەکە 90 سم و تیرەکەی 70سم و زارکی 24سم و ئەستووری 3سم، هەروەها سادەیی و ئەو کەرستانەی لەناویدا بووە ئەوە دەسەلمێنن کە بۆ هەڵگرتنی نیسک و نۆک و گەنم و جۆ بەکارهاتووە.
ماوەی سێ ڕۆژە تیمی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران کاری هەڵکۆڵین و پشکنین بۆ ئێسکەپەیکەری مرۆڤەکە و گۆزەکە دەکەن، بەوتەی خۆیان دوای تەواو دەرهێنانی ئێسکەپەیکەرەکە دەینێرن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ پشکنینی زیاتر و دڵنیابوونەوە لە مێژووی تەواوەتی .
لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سۆران هەزار و 100 شوێنی شوێنەواری تۆمارکراون و زیاتر لە دوو هەزار پارچەی شوێنەواریش لە مۆزەخانەی بەڕێوەبەرایەتیەکە هەڵگیراون و پارێزراون، کنە و پشکنینیش بۆ شوێنە شوێنەوارییەکان بەردەوامە و تیمی بیانیش لە کنەو پشکنینەکاندا بەشدارن.
پێش بوونی بەڕێوەبەرایەتی هەبیت 51 شوێن هەبوو تا ئێستا زیاتر لە هەزارو 100 شوێن تۆمار بکەین، یارمەتیدەر دەبێت بۆ درووستکردنی کرۆنۆلۆژیان لۆمان ڕوون بووە ژیان لێرە هەبووە. [1]
=KTML_Link_External_Begin=https://www.kurdipedia.org/docviewer.aspx?id=478618&document=0001.MP4=KTML_Link_External_Between=کلیک بکە بۆ بینینی: لە سۆران ئێسکە پەیکەری مرۆڤێک دۆزرایەوە کە هی هەزاران ساڵ پێش زایینە=KTML_Link_External_End=