ناونیشانی پەڕتووک: ڕاماڵینی تارماییەکان؛ حەقیقەت لەنێوان ئێمە و ئەواندا
ناوی نووسەر: #مەریوان ئەحمەد کوردی# (Mariwan Ahmed Kurdy)
شوێنی چاپ: هەولێر
ساڵ: 2023
چاپ: یەکەم
پێشەکی پەڕتووک:
ئەدۆنیسی شاعیری بەناوبانگ لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت: (مرۆڤ لەناو خۆیدا و بەسەر خۆیدا شۆڕش نەکات، ھەرگیز ناتوانێ ئەو شۆڕشە بۆ جیھانی دەرەوەی خۆی بگوێزێتەوە) . مرۆڤ بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوەیە، مرۆڤ و دەوربەری، مرۆڤ و گیانلەبەرەکانی دیکە، درەختەکان، دۆڵ و چیا و گردەکان، بەردەوام پێویستیان بە گۆڕانکارییە. وەرزەکان و گۆڕانەکانیان هەر ئەوەمان پێ دەڵێن. مرۆڤ لە سەروو هەموو ئەوانەوە، وێڵە بە دوای گۆڕاندا، بە دوای شتی نوێ و تازەدا.
کورد دەڵێ: (گۆزەی تازە ئاوی خۆشە) . ئینگلیز دەڵێ: (Novelty gives pleasure) (تازەگەری چێژ دەبەخشێت) .
عەرەبیش دەڵێت: (لکل جدید لذة) هەموو تازەگەرییەک چێژێکی هەیە) . مرۆڤ هەر لە بنەڕەتدا بە دوای تازەگەریدا وێڵە، لە هەموو شتێکدا...!؟ بەڵێ لە هەموو شتێکدا.
ئایینیش وەکوو گرنگرترین سەرووت و یاسا و بنەما و بابەت کە ڕەگ و ڕیشەی بەسەر تەواوی سێکتەرەکانی ژیاندا گرتووە و بەریەککەوتنی هەیە لەگەڵ دار و نەدارمان، زەحمەترین شتە کە بەردەوام پێویستی بە توێژینەوە و خوێندنەوە و تێڕامان و تێفکرین و دیدگای نوێ هەیە. بۆ ئەوەی بتوانین هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانە جیهانییەکاندا ژیان بکەین و جێنەمێنین، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بخەینەوە پاڵ ڕەوتی پێشکەوتن و شارستانییەتی نوێ، پێویستە دەست لەسەر گەورەترین و گرنگترین و هەستیارترین پرس دابنێین، کە دەستی بەسەر هەموو شتێکدا گرتووە و نە شارەزایانە لەلایەن پیاوانی خودا و نوێنەرانیی ئایین بەکار دەهێنرێت. محەمەد ماغوتی شاعیری سووری لە شیعرێکیدا دەڵێت: (کێشەی ئێمە لەگەڵ خودا نییە، کێشەی ئێمە لەگەڵ ئەوانەیە بەناوی خوداوە قسە دەکەن.
لە دونیای ئیسلامدا ئەمە پرسێکی هەنووکەیی نییە، لێ لە ئێستادا یەکێکە لە گەرمترین و گرنگترین پرسەکان، پرسی خوداپەرستیی و ئایینداری، حوکمڕانیی و خەلافەت، و بەهەشت و دۆزەخ، و مەرگ و سەربڕین.
عەبدولرەزاق جوبرانی نووسەری بوونگەرای ئێراقی لە یەکێک لە پەڕتووکەکانیدا دەڵێت: پێغەمبەر بۆ ئەوە نەهات بیلال بکات بە کۆیلە، بۆ ئەوە هات بیلال ئازاد بکا و بیکا بە سەردار.
ئێستا کاتی ئەوەیە ئێمە مانا ببەخشینەوە بە شتەکان، بە خودا، بە ئایین، مەرگ، قیامەت، بەهەشت، دۆزەخ، ژیان، دینداری، نوێژ، ڕۆژوو و تەواوی سەروەتە ئایینییەکانی دیکە.
ئەدۆنیس پێی وایە: (مانا بوونی نییە، گەڕانی بەردەوام ھەیە بەدوای ئەوەدا ناومانناوە مانا، ئەگەر مانایەکی تەواو ھەبووایە، دنیا کۆتایی ھاتبوو) . ئیشی ئێمەی مرۆڤ گەڕانە بە دوای ڕاستی و مانادارەکان، مانای ژیانی ئێمەی مرۆڤ ئەوەی لە دەوروبەرماندا هەن، وەک: خودا و هەزاران ئایین، مزگەوت و کڵێسا وپەرستگا و پەیڕەوەکانی، مەلا و شێخ و عالم و سەید و کاهین و سۆفی و دەروێشەکان. بەڵێ گەڕانە بەدوای قورئان و تەوڕات و ئینجیل و ئاڤێستا وسوحووف و ئایەتەکانی. بەلایەنی کەم کاری ئێمە دەرخستنی ڕاستییەکانە. دەستپێکی ئەمەش گومانە، گومان لە هەموو شت، لە خۆمان، لە خودا و ئایین و پێغەمبەرانی، لە ئاسمان و فریشتە و بەهەشت و جەهەنەمەکانی، لە ئەمرم و حوکم و سەربڕینەکانی. ئیمام غەزالی دەڵێت: ئەوەی گومان نەکات بیرناکاتەوە و ئەوەی بیرنەکاتەوە نابینێت و ئەوەی نەبینێت لە کوێری و تاریکیدا دەمێنێتەوە. گومان پلەی یەکەمی دڵنیاییە.
ئەفڵاتوون پێی وایە: (دەستپێکی مەعریفە گومانە) . گومانکردن دەستپێکی گەریدە بوونی مرۆڤە ئەنجامی گەریدەیش دەرخستنی ڕاستییەکانە ، لەوێوە ڕاستییەکان دەردەکەوێ کە گومان سەر دەردێنێ، ئەوەی ڕاستییەکان لە ناو دەبات، گومان نییە، بەڵکوو دڵنیاییە. ئەوەی ڕاستییەکان و ڕاستەقینە دادەپۆشێ دڵنیایی و باورە، نەوەکو گومان و دەرخستنی ڕاستییەکان.
وەهەروەها فەیلەسوفی بەناوبانگی ئەڵمانی (ئیمانویل کات) دەڵێت: هەموو زانینیکمان لە هەستەوە دەست پێدەکات و دەچێتە سەر تێگەیشتن و بە ژیری کۆتایی دێت و هیچ شتێک لە لۆژیک بەرزتر نییە.
لەم سۆنگەیەوە، ئەم پەڕتووکەی بەردەستتە، دەستپێکی ئەم مەعریفەیەیە، سەرەتا و داڵانی گومانکردنە، دەروازەیەکە بۆ گومانگەرایی و دەرخستنی ڕاستییەکان، بێ گوێدانە ئەوەی ئاخۆ دەرەنجامی داننان بە ڕاستییەکان و دیدگای نوێ بۆ خودا و پەیامەکەی چی دەبێت. بەڵی درووستە، بە درێژایی مێژوو ئەوانەی ویستوویانە پەردە لەسەر تارمایی و تاریکیییەکان ڕاماڵن، کپ و قڕ کراون و بە جۆرێک لە جۆرەکان لەنێو براون و کوژراون . زۆر دوور نەڕۆین، لە کورستان و بەتایبەتیش لە شاری هەولێر فتوای کوشتنیان بۆ (عبدالخالق معروف) دەرکرد کە سەێکی بیرفرەوان و نوێگەری بوو ئامانجی گەشەکردنی بیر و هزری مرۆڤەکانبوو ، تا لە بەردەم ماڵەکەیدا لەخوێنیان گەوزاند تاکە تاوانی ئەو کەسە دەرخستنی ڕاستییەکان بوو، و لە میسڕ چیان بەسەر (نەسر حامد ئەبو زێد) نەهێنا، چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا لەناو جەرگەی وڵاتی پێشکەوتن و جیهانگیریدا سەلمان ڕووشدی لەسەر پەڕتووکێک کە سێ دەیە پێش ئێستا نووسیویەتی خەڵتانی خوێن نەکرا...!
هەر بۆیە منیش خەریکی دەرخستنی ڕاستییەکانم لە ڕێگەی ئەم وتارانەی لەکتیبێکدا کۆمکردۆتەوە، من باش دەزانم دەست بردن بۆ پیرۆزییەکان و قسەکردن لەسەریان کارێکی ترسناکە، بەڵام دەرخستنی ڕاستییەکان و ڕامالینی تارمایەکان بۆ من لە بەرژەوەندیی خۆم و ژیان و گیانمەوە گرنگترە.
[1]