ناونیشان: هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #21-05-2022#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
وەزارەتی نەوتی ئێراق لەم مانگەدا بە دوو نامە و لە دوو ڕێگەی جیاوازەوە هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتن و دوورخستنەوەی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە و خستووەتەگەڕ، یەکەمیان لەرێگەی ناردنی نامەیەکەوە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، کە بچن ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ مامەڵە بکەن و دووەمیش لەرێگەی دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاریی یاسایی بەناوی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و ڕێگەی نوێ بۆ مامەڵکردن لەگەڵ بەغدا بدۆزنەوە. لەڕاستیدا، تاوەکوو ئەم پەنابردنە بۆ ئەم دامەزراوە یاساییە ڕاوێژکارییە نێودەوڵەتییە شتەکان ئاسایی بوون و لە چوارچێوەیەکی سیاسی و بگرە خواستی ئێستای بەغدا بەهۆی دابەشبوونی کورد و شیعە، و پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە ئێراق لێکدەدرایەوە، بەڵام دوایین هەنگاوی وەزارەتی نەوتی ئێراق و پەنابردنی بۆ دامەزراوەیەکی وەک کلیری گۆتلیب (کە یەکێکە لەو گەورەترین کۆمپانیاکانی ڕاوێژکاری یاسایی لە جیهاندا) جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، چونکە مەترسیی جۆراوجۆر لە پشتی ئەم پەنابردنەوە هەیە، کە چەندە بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدارە، دوو هێندەش سەروەریی ئێراق و فیدڕاڵییەتی ئێراق و پێکەوە کارکردنی هاوبەشی نێوان #هەولێر# و بەغدا دەخاتە مەترسییەوە.
=KTML_Bold=هەوڵەکانی ئێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
سەرەتای هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕالیی ئێراق، کاتێک لە 14ی شوباتی ئەمساڵدا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری لەقەڵەمدا، هەرچەندە کاردانەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەجیا و بە هەر چوار سەرۆکایەتییەکەشەوە بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وادیارە هەوڵێکی بێوچان و لەرێگەی جیاوازەوە لە 16ی شوباتەوە بۆ جێبەجێکردنی نێوەڕۆکی بڕیارەکە هەیە وەکوو لە خشتەی یەکەمدا هاتووە، هەرچەندە تاوەکوو ئێستاش وادەردەکەوێت بە دانووستاندن یاخود بە دەرکردنی بڕیار و تاقیکردنەوەی ڕێگەی جیاواز نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێبکرێت! ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتە بەکارنەهێنانی شێوازی دیکە لەلایەن بەغداوە بۆ لاوازیی دەسەڵاتی نێوخۆیی دەگەڕێتەوە، پەنابردن بۆ دامەزراوەیەک یاخود کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری یاسایی وەک کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن دەرخەری ئەم ڕاستییە.
=KTML_Bold=کرۆنۆلۆجی هەوڵەکانی بەغدا بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستانکرۆنۆلۆجی هەوڵەکانی بەغدا بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
=KTML_Bold=بڕوانە فایلی پەیوەندیدار:=KTML_End=
=KTML_Bold=مەترسییەکانی پشت پەنابردن بۆ کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن چین؟=KTML_End=
ڕاسپاردنی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئێراقەوە مەترسییەکی گەورە دەخاتە بەردەم کارکردنی هاوبەشی هەولێر و بەغدا، چونکە کارکردنی کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری یاسایی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ مانایەک بۆ دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، کارکردنی پێکەوەیی هەولێر و بەغدا ناهێڵێتەوە و کێشەکان لە ئاستێکی نێوخۆییەوە دەباتە ئاستێکی نێودەوڵەتی، لەڕاستیدا ئەم پەنابردنەی بەغدا بۆ ئەم کۆمپانیا ڕاوێژکارییە یاساییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەغدا دەسەڵاتەکانی توانا یاخود بەشی ئەوەناکات بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق و ڕاگەیێندراو و بڕیارەکانی خۆی جێبەجێبکات، بۆیەش کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن ڕادەسپێرێت، بەتایبەت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا! هەروەها، بەدڵنیاییەوە لە ماوەی کوورتخایەن و درێژخایەندا ئەم پەنابردنە لێکەوتەی جۆراوجۆری لێدەکەوێتەوە و لێرەدا بەکوورتی لێکەوتەکانی لەسەر ئێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە باسدەکرێت:
- زیادبوونی بێمتمانەیی و دوورکەوتنەوە لە بەڕێوەبردنی هاوبەشی کەرتی نەوت و گاز لە ئێراق.
- زیادبوونی تێچووی کێشەکان (خەرجکردنی پارە) بەتایبەتیش ڕاسپاردنی دامەزراوەیەکی یاسای وەک کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن، کە بەدڵنیاییەوە پارەیەکی باش بۆ ئەم کارەی لەسەر ئێراق وەردەگرێت، لەوانەش هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی خۆی و گرێبەستەکانی پەنا بۆ دامەزراوە و کۆمپانیای ڕاوێژکاری یاسایی دیکەی نێودەوڵەتی ببات.
- دواخستنی کارەکانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
- قوورسکردن یاخود زەحمەتکردنی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کە هەندێکیان هەم لە هەولێر و هەم لە بەغدا کار دەکەن، ئەمەش بێمتمانەیی زیاتر دەخاتە نێو کارکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە ئێراق و هەرێمی کوردستان.
- زیادبوونی خەرجییەکانی پاراستنی کێڵگە و بلۆکە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانەوە.
- هەوڵدان بۆ گۆڕینی گرێبەستە نەوتییەکان، لەکاتێکدا هێشتا پرسی دیکەی وەک قەرز لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و کۆتایی نەهاتووە؟
- زیادبوونی گرژییەکان لە ئاستی سیاسی و نەتەوەیشەوە، لەکاتێکدا ئێراق بە قۆناخێکی سەختی سیاسی، کە دوای نزیکەی 7 مانگ هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە، و لە ڕووی کەشوهەوا و هەژاری و بێکاری و گەلێک کێشەی دیکەوە دەناڵێنێت.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
لە سەرەتاوە تاوەکوو ئێستا، بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵیی ئێراق، و ڕاگەیێندراو و بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتی ئێراق بە گەمەیەکی سیاسی لێکدەدرایەوە، بەڵام لە دوای پەنابردن بۆ کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن، هەرێمی کوردستان مەترسییەکانی بەجیددی وەرگرتووە و بەشێوەیەک کە دوو هێزە سەرەکییەکەی نێوخۆی هەرێمی کوردستان لەیەکدی نزیککردەوە، هەر بۆیەش لەڕاستیدا پرسی یەکلاکردنەوەی کێشەکان لە ڕێگەی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن وا لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە مامەڵە یاساییەکانیان پێش کارکردنیان بخەن، چونکە ئەم جارە ڕێکارەکان نێوخۆیی و تەنیا لە ئێراق نابێت بگرە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا دەبێت و کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەریان دەبێت، هەرچەندە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە چاوەڕوانی هەولێر و بەغدا دەکەن.
ئەو نامەیەی کە 19ی ئایار نێوەڕۆکەکەی ئاشکرابوو، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئێراقەوە چ ئەوەی کە خۆی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی لە هەرێمی کوردستان ناردووە و چ ئەوەی داوای لە کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن کردووە یەک نێوەڕۆکی هەبووە، ئەویش دوورخستنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت و گاز، و مامەڵەکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، هەموو ئەمانەش لەکاتێکدایە کە بڕیاری وەزارەتی نەوتی ئێراق بۆ دانانی کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان کە تەلارەکەی لە هەولێر و دەسەڵاتەکانی لە بەغداوە سەرچاوە بگرێت لە ئارادایە.
لێرەدا، ئەم پەنابردنە بەڕوونی ئەوە دەردەخات، کە ڕاگەیێندراو و بڕیارەکان، چ ئەوانەی دادگەی فیدڕاڵیی ئێراق و چ ئەوانەی وەزارەتی نەوتی ئێراق، و تاقیکردنەوەی ئەم دوو ڕێگە جیاوازەش، یەک ئامانجی لە پشتەوە بووە، کە کۆنترۆڵکردنی نەوت و گازی (سەرچاوەی دارایی هەرێمی کوردستان) ، کە ئەمەش هەمان ئامانجی ئێراقییەکان لە سەرەتای درووستبوونەوەی ئێراقی نوێوە، بەڵام دیارە گۆڕانکاری و کێشە نیوخۆییەکان ڕێگربووە لە جێبەجێکردنیان نەوەکو بڕوابوون بە کارکردنی هاوبەش و بنیاتنانەوەی ئێراق بە یەکەوە!
لەکۆتایشدا، ئێستا پێش ئەوەی خەرجییەکان لەسەر هەولێر و بەغدا زیاتر بێت و گرژییەکان بەرەو هەڵکشانی زیاتر بڕوات، ئەوا پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا و گرتنەبەری ڕێگەی دانووستاندن باشترین بژارەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی کەرتی نەوت و گاز، چونکە پابەندکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە ڕووی یاساییەوە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەلایەن بەغداوە دەبێتە قۆناخێکی نوێ، هەروەها، چیدیکە مانا و متمانە بۆ کارکردنی هاوبەش و بنیاتنانەوەی ئێراقێکی فیدڕاڵ نامێنێت. [1]