پشتیووانی بۆ شاری کفری
15.07.2023
هۆمەر محەمەد
شاری کفری هەر قوربانیی سیاسەتی بەعەرەبکردن و ستەمکاریی بەعسییەکان نییە، بەڵکوو قوربانی سیاسەتی چەوتی دەسەڵاتدارانی کوردیشە، ڕۆژگارێک ئەم شارە پێگەو لانکەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی باشووری کوردستان بەگشتی و گەرمیان بووە بەتایبەتی، بەپێی پێگەی ستراتیژی و جێوپۆلەتیک مەڵبەندێکی گرنگی بازرگانی و کاروان سەرای ناوچەکە بووە، لە هەموو سەردەمەکانیشدا ئامادەی شۆڕش و پێگەیەکی گرنگی جووڵانەوەی سیاسی و ڕۆشنبیری کوردستان بووە. کاتێک ئەم شارە قەزابوو کەلار تەنیا گوندێک بوو، بەڵام بەهۆی سیاسەتی بەعەرەبکردنەوە کفری پەراوێزخراو کەلار کرایە ئەڵتەرناتیڤ، چونکە شارۆچکەی کفری سەربە پارێزگای کەرکووک بوو، بەڵام کاتێک گوندی کەلار بە بڕیارێک کرایە قەزا، ئامانج خزمەتکردنی کەلار نەبوو بەڵکوو ئامانج ئەوەبوو گوندێک بدەن و شارێک لەکورد بسەننەوە، بەواتایەکی تر شاری کفری لە کوردستان داببڕن و بیخەنە سەرپارێزگای دیالە
لەبەرانبەریشدا گوندێک بخەنەوە سەر پارێزگای سلێمانی، چونکە ئەوسا کەلاریش گوندێکی سەربە شارۆچکەی کفری و پارێزگای کەرکووک بوو.
دەوڵەتی ئێراق کۆمەڵە هۆکارێکی بۆ قوتکردەوە هەتا پێگە جوگرافیی ومێژووییەکەی شارۆچکەی کفری لاواز بکات و ڕۆڵێکی ئەووتۆی نەمێنێت. خەڵکەکەی ناچار بەکۆچ بکات، یەکێک لەوانە کردنی کەلار بەقەزاو ڕاگواستنی گوندەکانی قۆرەتوی سەربە شارۆچکەی خانەقی و زەنگاباد بوو، بۆ ئەوەی ڕێژەی دانیشتووانی کەلاری پێ زیادبکەن و خانەقی و ناوچەکەش بخەنە سەرناوچە عەرەبییەکەی دەرەوەی ناوچەی ئۆتۆنۆمی دوای بەیانی یانزەی ئازاری ساڵی 1970 و ڕاکیشانی جادەی دووسایدی کەرکووک – خورماتووش یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کفری پەراوێز بکەوێت.
سەرباری ئەو سیاسەتە توندەی دەوڵەتیش کەچی خەڵکی شاری کفری و گوندەکانی دەوروبەری چۆکیان دانەداو هێزێکی بەرچاوی جووڵانەوە چەکداری و سیاسیەکەی باشووری کوردستان بوون و بەهۆیەوە زیانی ماڵی و گیانی زۆری بەرکەوت چ بەشەهید بوونی گەنجەکانی لەبەرەنگاریدا چ بەئەنفالکردنی گوندنشینەکانی.
کەچی دەسەڵاتداری کورد و بەتایبەتیش حکومەتی هەرێمی کوردستان نەک هەر پاداشتی نەدایەوە بگرە لە ماوەی حوکمڕانیە نادادپەروەرییەکەیدا دڵرەقانە و بە خراپی مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی ئەم شارە و گوندەکانی کردووە، لەبری ئەوەی بێت بەئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بەرپەرچی سیاسەتی بەعەرەبکردن بداتەوە، خراپتر لە سەردەمی بەعس پەراوێزی خست و گەنجەکانی نائومێدو خەڵکەکەی تووشی هەژاری و دڵەڕاوکێ کردووە! . دەنا هیچی لەدەست نەهاتایە دەیتوانی کۆمەڵگەی زۆرەملێی (صمود) هەڵبوەشێنێتەوە و خەڵکەکەی بچنەوە زێدی خۆیان لەوانەش زۆربەی گوندنشینەکانی سەربەقەزای کفری دانیشتووی ئەو کۆمەڵگەیە بوون.
ئەگەرچی حکومەتی هەرێم لە هیچ شوێنێکی ژێردەسەڵاتیدا دادپەرەوەر نەبووەو بەگشتی ئەزموونێکی شکستخواردووە، لە هیچ مەیدانێکدا خاڵێکی نیشان نەداوە مایەی دڵخۆشی بێت .. بەڵام ئەوەی دەرهەق بەشاری کفری و دەوروبەری دەکرێت بەتەواوی مایەی نیگەرانییە. ئێستاش کە خەڵکی شارەکە بەدەنگ هاتوون شایان بەپشتیووانین، بەڵام ئایا دەسەڵاتداری کورد لەوە نەکەوتووە داواکاری ڕوبەروو بکرێتەوە؟! باشتر نییە خەڵکی شارەکە خۆیان شانی بدەنەبەرو ژینگەیەکی شایان و شایستە بە خۆیان درووست بکەن و چیدی چاوەروانی دەسەڵاتدارانی هەرێم نەبن؟
بەبروای من هێشتا پێگە جواگرافی و شوێنەوارە دێرینەکانی و بەنداوی باوەشاسوارو وزەی داهێنەرانەی شارەکە بایی ئەوەندە بەهێزو بایەخدارن، کە خەڵکی شاری کفری سوودی لێ ببینن و شارەکەیان لەچۆڵ بوون و بەعەرەبکردن بپارێزن و تاڕادەیەک بیبوژێنێتەوە. من بزانم توانای گەنجەکانیان لەمەیدانی کولتوری وهونەریدا خاڵێکی دڵخۆشکارە، هونەرمەندانی ئەم شارە لە بواری شانۆو مۆزیک و وەرزش و دونیای ئەدەب و ڕۆشنبیریدا دەتوانن خەڵکی شارەکانی تریش پەلکێش بکەنە ناوشاری کفرییەوەو لەم خۆپێشاندانەشدا هاوسۆز و پشتیووانیان بن. ئەمانەو زۆرهێزی تریش کەمن ڕەنگە پەیم پێ نەبردبێ.
سەرکەوتووبێت خەباتی مەدەنی و کولتوری گەنجانی کفری[1]