ناونیشانی بابەت: دەستنووسێکی ئەبوبەکر ئەفەندی کوردی لە ئەفریقیای باشوورەوە دەهێنرێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان
ئامادەکردنی: محەمەد هەسنانی
#ئەبوبەکر ئەفەندی#، زانای ئایینی خەڵکی سنووری شارۆچکەی #شەقڵاوە#، نزیکەی دوو سەدە لەمەوبەر، لەسەر داوای ئینگلیزەکان و بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی عوسمانی، گەشت دەکات بۆ باشووری ئەفریقا و لەوێ نیشتەجێ دەبێت، لەلایەن دوو نەوەیەوە دەستنووسێکی باپیرە گەورەیان بە ناوی (بیان الدین) دەهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە دوای ساڵانی ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، ئینگلیزەکان هێرش و هەڵمەتێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەفریقای باشوور دەست پێدەکەن، موسڵمانەکان لەگەڵ ئینگلیزەکان شەڕ دەکەن و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، بەمەش ڕێگەیان پێ درا یەکەم مزگەوت لەوێ درووست بکەن. موسڵمانانی (کیپ تاون) داوایان لە کۆمیساری بەریتانیا کرد، کە زانایەکی شافیعییان بۆ بانگ بکات، ئەمەش لە بەرانبەردا بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا نووسی، ئەویش داوای لە وەزیرە گەورەکەی عوسمانی، سەرۆک وەزیران کرد، کە زانایەکی شافیعی بۆ باشووری ئەفریقیا بنێرێت.
دواجار عوسمانییەکان داوا لە زانای ئایینی ئەبوبەکر ئەفەندی کوردی دەکەن بچێتە باشووری ئەفریقا، بۆیە ئەبوبەکر ئەفەندی ڕازی دەبێت و لە ساڵی 1862ی زایینیدا ڕوو دەکاتە باشووری ئەفریقا، ئەم زانا کوردە یەکەم قوتابخانەی بۆ موسڵمانان لە باشووری ئەفریقا دەکاتەوە و بەشداریی دەکات لە بڵاوکردنەوەی فێرکارییەکانی ئایینی ئیسلامی تا ساڵی 1880 لەوێ خزمەت دەکات و لەو ساڵدا لە شاری کیپ تاون لە باشووری ئەفریقیا کۆچی دوایی کردووە، بەڵام لە دوای خۆی چەند کوڕ و نەوە بەجێ دەهێڵێت و لەسەر پەیامەکەی بەردەوام دەبن و تا ئێستا لەم وڵاتە نیشتەجێن.
لەلای خۆیەوە د. #عەبدوڵڵا سەعید وەیسی#، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی #کوردستان#، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: زانای ناودار مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی سیساوەیی، خەڵکی #خۆشناوەتی#ی سنووری شارۆچکەی شەقڵاوە سەر بە پارێزگای هەولێرە، لە ساڵی 1862، ئەوکات لەسەر داوای سوڵتانی عوسمانی چووەتە باشووری ئەفریقیا و بە پێگەیەکی فەرمی لەو وڵاتە ژیانی بەسەر بردووە و نەوەیەکی زۆری دوای خۆی لە باشووری ئەفریقیا ئێستا ژیان بەسەر دەبەن.
وتیشی: لە چەند مانگی ڕابردوودا، پێشوازیمان لە دوو نەوەی ناوبراو کرد، کە دەستنووسێکی باپیرە گەورەیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە بە ناوی (بیان الدین) ، کە پێش زیاتر لە 140 ساڵ بەر لە ئێستا بووە. زانای ناوداری کورد، مامۆستا مەلا ئەبوبەکر بە هەردوو زمان (عەرەبی و هۆڵندی) نووسیویەتەوە، چونکە ئەو کات باشووری ئەفریقیا لەژێر دەسەڵاتی هۆڵەندادا بووە.
سەرچاوەکان: - شخصیات من الذاکرة الکردي. - پڕۆفیسۆر کارزان کەرکووکی. - یەکێتیی زانایانی ئایینیی کوردستان.[1]