ناونیشانی بابەت: برووسکەیەکی دەگمەنی #حەپسەخانی نەقیب# بۆ مەندووبی سامیی بەریتانی
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
ڕۆژی شەشی ئەیلوولی 1930، پشکنەری ئینگلیز لە بینای موتەسەریفییەتی #سلێمانی# لە بینای سەرا، لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی شاری سێمانی لە کۆبوونەوەدا دەبێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان لەنێواندا ئەنجام بدات، بۆ دیاریکردنی نوێنەری سلێمانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق. کاتێک پشکنەری ئینگلیز لەگەڵ ئەواندا لە کۆبوونەوەدا دەبێت، خۆپیشاندەران بینای موتەسەریفییەت بەردباران دەکەن، لە ئەنجامی بەرەنگاربوونەوەدا، دەیان کەس دەکوژرێن و بریندار دەکرێن، هەروەها ژمارەیەک کەسایەتیی ناوداریش دەسگیر دەکرێن.
#کەمال مەزهەر#، لە پەرتووکی کورد و #کوردستان# لە بەڵگەنامە نەهێنییەکانی حکوومەتی بەریتانیا، ئاماژەی بەوە کردووە، #حەپسەخانی نەقیب#، ئافرەتی دیاری کوردی باشووری کوردستان، نەیتوانیوە لە ڕووداوەکانی شەڕی بەردەرکی سەرا دوورەپەرێز بوەستێت، یەکەم کەس بووە لەسەر خوێنی شەهیدانی ڕاپەڕینی شەشی ئەیلوول بە شێوازێکی کەموێنە هاتووتە دەنگ. حەپسەخان ڕۆژی حەوتی ئەیلوولی ساڵی 1930، واتا تەنیا یەک ڕۆژ دوای شەڕەکەی بەردەرکی سەرا و گرتنی شێخ قادری هاوسەری، برووسکەیەکی ناردووە بۆ مەندووبی سامیی بەریتانی و بێ سڵاو، بەم جۆرە دەست بە قسە پڕ لە شانازییەکانی دەکات:
دەینووسێت: لە ( نەقیب زادە حەفسەوە، بۆ شکۆدار مەندووبی سامیی بەریتانی ) ڕۆژی حەوتی ئەیلوولی 1930 لە سلێمانییەوە. هەڵبژاردنەکان بە شێوازێکی دڕندانەی بێزراوی ئەوتۆ ڕادەپەرموێنرێن، کە هیچ گەلیکی جیهان لە ڕۆژگاری بەربەرییکاندا لە وێنەیان نەبینیوە. کام یاسا ڕێگە دەدات گەلێک لە کاتی هەڵبژاردندا تیرۆر بکرێت؟ کێ لە ئێوە یاسا پارێزە و کێش لە ئێوە یاسا دەخاتە ژێر پێوە؟ کام یاسا ڕێگەی داوە لە کاتی هەڵبژاردنردندا چەک دژی جەماوەر بەکار بهێنرێت؟ ئیمڕۆ شاری سلێمانی گەیاندراوەتە دۆخێکی دژواری بەربەریی ئەوتۆوە، کە بۆی هەیە سەرتاپای مێژووی هەر کەسێکی بەرپرس لەکەدار بکات.
لێژنەکەتان (لێژنەی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنەکە- ک.م.) کەوتە وتووێژلەگەڵ کەسانێک، کە هیچ سەنگێکیان لەم وڵاتەدا نییە، جەماوەر کاتێک بەمەیان زانی، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی خۆیان کۆ بوونەوە، ئەمیش مافی یاسایی خۆیانە، کاتێک ئەوان (واتا پیاوانی میری- ک.م.) دیتییان زۆربەی هەرەزۆری خەڵکەکە دژیانن، پەنایان بردە بەر سەرباز و ڕەشاش و دەسڕێژیان لێکردین، شەست حەفتایەکیان لێ کوشت و بریندار کرد، کام یاسا ڕێگەی ڕەفتارێکی وەها دەدات؟ ئەی چۆن ئەوانەی وایان کرد، دەتوانن پاکانە بۆ کارەکەیان بکەن؟ ئێمەی کورد بێزاریی خۆمان بەرانبەر ئەو کارە دەڕندانەیە دەردەبڕین و هەتا خوێنی کوردایەتیی لە دەمارەکانماندا بمێنێت هەر باسی دەکەین، ئایا ئێوە یاسا پارێزن؟ ئەگەر وابێت کێن ئەوانەی یاسایان پێ شێل کرد؟ ڕژانە ناو ماڵی منیشەوە و کەوتنە پشکنین و ڕووی چەکەکانیان کردبووە سنگی ئافرەتان. ئەم پشکنینە بووە هۆی فەوتان و تاڵانکردنی شتوومەکە بەنرخەکانم. من داوای مافە ڕەوانی خۆم لە سەرجەمی ئەو کەسانە دەکەم، کە یاسایان پێشێل کرد و ڕێزی ماڵەکەمیان نەگرت. دوای ئەو هێرشە جانەوەرییە هێزە چەکدارەکان کەوتنە گرتنی پیاوە ناسراوەکانمان، ئەوانەی بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر ڕەوانەی بەغدا کران. تکا لە شکۆدارتان دەکەم، ئەم برووسکەیەم وەربگێڕنە سەر (زمانی ئینگلیزی- ک.م.) و وێنەی پێشکەشی (کۆمەڵەی گەلان) لە جنێف بکەن.
حەپسەخانی نەقیب، کچی مەعرووف بەرزنجی، نەوەی #کاک ئەحمەدی شێخ# و ئامۆزای #شێخ مەحموود حەفید# مەلیکی کوردستان و هاوسەری شێخ قادری حەفید، لە ساڵی 1891 لە شاری سلێمانی هاتووەتە دنیاوە، بۆیە پێی دەڵێن حەپسەخانی نەقیب، چونکە مەعرووف بەرزنجی باوکی (نەقیب) بووە. ئەم پلەی (نەقیب) ەیەشی لەلایەن حکوومەتی عوسمانییەوە پێ بەخشراوە، بەو هۆیەوە کە نوێنەری (سادات- شێخان) بووە، لە تەمەنی 62 ساڵیدا لە 12ی نیسانی ساڵی 1953 بە نەخۆشیی شێرپەنجە، کۆچی دوایی کرد و لە لەگردی سەیوان لە شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا.
$سەرچاوە:$
-لاپەڕەکانی (193- 194- 195) پەرتووکی کەمال مەزهەر، کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نەهێنییەکانی حکوومەتی بەریتانیا، بەرگی یەکەم: ئا: عەبدوڵڵا زەنگەنە-شەهلا تاهیر حەیدەری.
-ئیبراهیم پاشای بابان.
-خاک.
-وێنە کۆنەکانی سلێمانی.[1]