قەڵای سەردار عەزیز خانی موکری لە بۆکان
ئامادەکردنی: #ڕۆیا سەردار#
یەکێک لە قەڵا شوێنەوارییە سەرنجڕاکێشەکانی رۆژهەڵاتی #کوردستان#، (قەڵای سەردار)ە، کە چەندین چاخ و سەردەمی مێژوویی لەخۆی دەگرێت.
ئەم قەڵایە دەکەوێتە نزیک شاری #بۆکان# و مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی 1868 دەگەڕێتەوە، کە سەردار عەزیز خان موکری، زاوای ئەمیر کەبیر، دروستی کردووە و دواتر لەلایەن منداڵ و نەوەکانی تەواو و گەورەتر کراوە.
ئەم قەڵایە بەدرێژیی 30 مەتر و پانیی 20 مەتر، 6 کۆشکی هەیە و لەسەر 9 ستوونی دوومەتری دانراون. ئەو کەرەستە بیناسازییانەی لە دروستکردنی قەڵاکەدا بەکار هاتوون، بریتین لە گڵی رۆس، خاکی سپی، خشت و دار.
قەڵای سەردار لەبنەڕەتەوە لەسەر گردێکی مێژوویی دروست کراوە، کە مێژووی گردەکە بۆ سەردەمانی زۆر کۆنتر لە قاجارەکان دەگەڕێتەوە و بەپێی ئەو هەڵکۆڵین و توێژینەوە زانستییانەی ئەم دواییانە، کە بۆ گردەکە ئەنجام دراون، تا ئێستا حەوت قۆناغی نیشتەجێبوون لە سەردەمە شوێنەوارییە جیاوازەکاندا لەم گردەدا دەستنیشان کراون، لەنێوانیاندا دەتوانین ئاماژە بە سەردەمی قاجار و ئیلخانی و سەردەمی ئیسلامی بکەین.
لە کاتی کنە و پشکنیندا ئەو دوو چینەی لەسەر ئەو گردە لابراون، ئەوە دەردەخەن، کە چینی دووەم، دوای سەردەمی قاجار، سەر بە سەردەمی ئیلخانی و مەغۆلەکانە و لەو سەردەمەدا نیشانەی سووتانی هەیە، لە چینەکەی دوای سەردەمی ئیلخانی، سیرامیکی ڕەنگاوڕەنگ و جوان دۆزرایەوە، کە سەر بە سەردەمی ئیسلامییە.
هەروەها لە چینەکانی خوارەوەی گردەکەدا سیرامیک دۆزرایەوە، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە، ڕەنگە سەر بە سەردەمی داگیرکردنی شارستانیەتی (مانا) لەلایەن ئاشوورەوە بێت.
هەروەها لەم بەشەدا دیوار بە خشتی خاوەوە دۆزرایەوە، کە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ڕێک خرابوو. ئەو دیوارانە هاوشێوەی ئەو شوێنەوارانەی ترن، کە لە تەپەی قەلایچی دۆزراونەتەوە.
یەکێک لەو شتە سەرنجڕاکێشانەی لەو چینانەدا دەبینرێت، تۆوی ڕووەکەکانی وەک گەنم و جۆیە، کە لەناو قاپی گڵیندا بوون. چینی دواتر لە قووڵایی 12 مەتر لە ڕووی گردەکەوە هەڵکەوتووە. وا دیارە ئەو دیوارە بەهۆی بوومەلەرزەیەکی ترسناک لەم ناوچەیە داڕمابێت.
ئێستا ئەم قەڵایە، لە شێوەی گردێک لە ناوەندی شاری بۆکان هەڵکەوتووە و 95٪ی بیناکەی وێران بووە. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=