لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا هیچ تاوانێکی گەورە لە شاری سلێمانی تۆمار نەکراوە، هێزەکانی پۆلیسیش توانیویانە تەواوی ئه و پلانە جێبەجێ بکەن کە دایانڕشتبوو بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان لە جەژنی نەورۆزدا.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە خەندانی ڕاگەیاند" لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، تەواوی هێزەکانی پۆلیس لە حاڵەتی ئامادە باشیدابوون بۆ پاراستنی ئارامی شاری سلێمانی و توانیومانە ئه و پلانەی بۆ پاراستنی هاوڵاتیان دامانڕشتبوو بە تەواوی جێبەجێی بکەین."
لە بارەی ئاماری ڕووداوەکانیشەوە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند" لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا، چوار حاڵەتی شەڕکردنی گەنجان لە شاری سلێمانی تۆمارکراوە، لەگەڵ یەک حاڵەتی دزیکردن و هیچ تاوانێکی گەورەش له و ماوەیەدا ئەنجام نەدراوە."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هێزەکانی پۆلیس توانیویانە دەست بەسەر 32 ماتۆڕسکیلدا بگرن کە هیچ سەرەتایەکیان نەبووه و بوونەتە هۆی بێزارکردنی هاوڵاتیان لە شوێنە گشتیەکاندا.
- 22-03-2015