$ژیاننامە$
لەساڵی 1984 لەدایک بووەو قۆناغەکانی خوێندنی هەتا زانکۆ بڕیووەو بەکالۆریۆسی لە مێژوودا هەیە. ئەو زیاتر لەبواری ئەدەبیدا دەنوسێت و خاوەنی دوو ڕۆمانی چاپکراوە، دەیان وتاری بۆ گۆڤارو ماڵپەڕە کوردییەکان نوسیووە. هەندێک بەرهەمی چاپ نەکراوی هەیەو لەداهاتودا کار بۆ بڵاو کردنەوەیان دەکات، ئێستا لەکوردستان دەژی.
$بەرهەمە چاپکراوەکانی:$
1- ڕۆمانی #هەڵهاتن#: ئەم ڕۆمانە باس لەژیانی ڕۆژنامەنوسێک دەکات لەبەر بارودۆخی سیاسی ناچار بەخۆ شاردنەوەو هەڵهاتن دەبێت و لەژیانی ئاسایی دور دەکەوێتەوە، تاوەکو خۆی بپارێزێت. ڕوداوەکانی ناو چیرۆکەکە وێنەی گوزەران و ژیانی ڕۆژنامەنوسانە لەکوردستان، نوسەر بەکەڵک وەرگرتن لەهەندێک ڕوداوی ناو ژیانی ڕۆژنامەنوسان، چیرۆک دادەڕێژێتەوە، عیشق لەچیرۆکدا درێژە پێدەری ڕوداوەکانەوەو وێنەی خۆشەویستیەکی قوڵ کە بەناکام دەگات، بۆ خوێنەر دەگوازێتەوە.
ئەم ڕۆمانە چاپی یەکەمی بەناوی (ئەو دیو شوراکانی ئازادی)ەوە بووە، نوسەر لەچاپی دوەمیدا بە ڕونکردنەوەی پێویستەوە دەیگۆڕێت بە (هەڵهاتن). چاپی یەکەمی لە سلێمانی 2007 لەچاپخانەی چوار چرادا بڵاو کراوەتەوە. چاپی دووەمی لەسلێمانی 2013 لەچاپخانەی کاروخ دا بڵاو کراوەتەوە.
2- ڕۆمانی #دوایین هەستی ترسناک#:
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە باس لەواقیع و خەیاڵی ژیانی کەسێک دەکات کە وەکو دوو ژیانی جیاو سەربەخۆ وێناو ئەزمونیان دەکات. هەردو ژیانەکە (واقیع و خەیاڵ)ئەزمون دەکات و ناتوانێت لەیەکیان جیا بکاتەوە، دواجار ناشزانێت کام یەک لەو دوو ژیانەی ئەزمونیان دەکات ژیانە ڕاستەقینەکەی خۆیەتی، لەژێر کاریگەری ئەم ڕوداوە ترسناکەدا دەگاتە ئەو باوەڕەی کە ئەوەی ئەو تێیکەوتووە ئەزمون کردنی ژیانی کەسێک بووە کە لەپێشتردا ژیاوە، کەسێکی تر سەر لەنوێ هاتووەو لەناو لەشی ئەودا درێژە بەژیان دەدات. نوسەر بە دوو چیرۆکی جیاواز کە هەر یەکێکیان ئاماژە بۆ سەردەم و دۆخێکی جیاواز دەکات، ڕوداوەکان گرێ دەدات و هەوڵدەدات پرسیارێکی قوڵ لەزەینی خوێنەردا دروست بکات و هەوڵ بۆ دۆزینەوەو لێتێگەیشتنی بدات.
ئەم ڕۆمانە چاپی یەکەمی لەچاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەهەولێر 2009 چاپکراوە.
چاپی دووەم لە سلێمانی چاپخانەی کاروخ، 2013 چاپکراوە.
3- ڕۆمانی #بەفرینا#:
چیرۆکی ئەم ڕۆمانە باس لەگروپێکی ژنان دەکات کە هەوڵ دەدەن ڕوبەڕووی کلتورو بیروباوەڕی چەقبەستووی کۆمەڵگە ببنەوە. کلتورێک کە بەباوەڕی ئەوان مایەی بەدبەختی و تیاچونە. بەفرینا کە کیژێکی گۆشەگیرەو بەرهەمی دنیایەکی داخراوە لەهەوڵدایە ژینگە ئەوەڵینەکەی خۆی تێپەڕێنێت. بۆ ئەمەش سەرکێشی بەژیانی خۆیەوە دەکات و دواتر کاتێک خۆی دەبینێتەوە، دەبینێت ئەندامێکە لەگروپێکی چالاکی ژنان. لێرەوە تەرزی چیرۆکەکە دەست پێدەکات و هەر لەسەرەتاوە لەهەوڵدایە وێنای ژینگەیەکی داخراوی کۆمەڵایەتی و ئاینی بۆ خوینەر بگوازێتەوەو لەدواتردا ئەو گرفتە نیشان بدات کە گروپەکە وەکو لەمپەرو بەربەست دەیبینین لەبەردەم ژیاندا. دەرئەنجامی کارکردنی ئەم گروپەو هاوکات ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەی کەهەیە سەرهەڵدانی چەندین ڕوداوی ئاڵۆز دەبێت کە دەسەڵاتداران هەوڵ دەدەن بەقازانجی خۆیان و فریودانی خەڵکی بیگێڕنەوە. تا دەگات بەوەی گروپەکە دەسگیر بکرێن. کۆتایی چیرۆک بەهەمان شێوەی سەرەتاکەی بە ڕیتمێکی تراژیدی کۆتایی دێت.
تەوەرە گرنگەکانی ئەم ڕۆمانە قسەکردنە لەسەر بابەتگەلی گرینگی وەکو لاهوت و ئیمان و ژیری و هەقیقەت و خوداو بوون و سیاسەت و عیشق و ئەزمون و بەشێوازێکی فەلسەفی و بابەتیانە دەرگایان بەڕوودا دەکاتەوە. تیایدا تیشک خراوەتە سەر گفتوگۆیەکی ڕژدو بوێرانە لەنێوان مەعریفەی ئاین و ژینگەی ئاینی و لۆژیکی ڕەت کردنەوەی ئاین. لەهەوڵدایە دوفاقی پیاوانی ئاینی و ئەو ژینگە موزەیەفەی تیای دەژین و درستیان کردووە نیشان بدات. بەشێک لە ڕۆڵبینانی سەرەکی کەسانی ئەسیستن. ڕوداوەکانی ناو چیرۆک هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتین، شوێن لەچیرۆکدا شوێنی فەنتازیە، بەڵام ڕوداوەکان و جۆری تێڕوانینی دەستەجەمعیانەی خەڵکی بۆ ژیان دەتوانن دەست نیشانی شوێن بکەن. سەرباری ئەوەی چەندین ڕوداو و تیرۆرو کردەی سیاسی تێدا دەبینرێت. هەروەها تیایدا خوێنەر دەتوانێت ئاشنا بەدیدێکی نەهلیستیانەش ببێت. ئەم ڕۆمانە بەقەبارەی 364 لاپەڕە لەساڵی 2018 لەچاپخانەی حەمدی لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی تەژنە لەچاپ دراوە.