راگەیەنراوێک لە بەرپرسی ئۆفیسی وتەبێژانی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
هاوڵاتیانی سەربەرزی کوردستان
ئێمە لە (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) پەلاماردانی سەربازی بۆ سەر #کەرکووک# مەحکوم دەکەین، و داواکارین دەستبەجێ جوڵەی عەسکەری ڕابگیریت و هێزەکان بکشێنەوەو وەزعەکە ئاسایی بکرێتەوە، لەم پێناوشدا داوا لەگشت لایەنە پەیوەندارەکان، بە تایبەتیش حکومەتی فیدراڵ دەکەین، ڕێگربن لەهەر پێشیلکارییەک بۆ سەر ماف و ژیانی خەڵکی سەبەرزی ئەم ناوچانە.
ئەم بارودخە ناهەموارەی ئێستای کەرکووک، بەرپرسیارێتیەکەی لەئەستۆی پێشمەرگە داعش بەزێنەکانی کوردستان نییە، بەڵکو دەرئەنجامی سیاسەتی سەرکێشی و بێباک لە واقیع و بەرژەوەندی گەلە، دەرەنجامی هەوڵی گەندەڵکارەکانە، بۆ پەرەدەپۆشکردنی تالانیەکانیان، بە ناوی کەرکووک و کوردایەتیەوە.
لێرەدا ئەرکمان پشتیوانی هیزی پیشمەرگەیە، هاوکاریانە بۆ سەرخستنی ئیرادەی بەرگری لە خەڵک و نیشتمان. بێگومان ئەوەش پێویستی بەپاراستنی هاوخەباتیە لەگەڵ هێزەکانی عیراق و هاوپەیمانان، بۆ ئەوەی جەنگی ڕەوا لە دژی مرۆڤکوژانی داعش پارێزراو بێت.
هاوپەیمانی داوا دەکات دەسبەجێ دیالۆگی ڕاستەوخۆی نێوان نوێنەرانی خەڵکی کوردستان و بەغدا دەستپێبکات، چونکە پێویستە نەهێڵین جارێکی تر عیراق و کوردستان گیرۆدەی گێژاوی شەڕوئاشوب ببنەوەو بوار نەدرێت تاڵاوەکانی مێژوو دووبار بکرێنەوە، لەم ڕووەوە گرنگە هاوپەیمانان و دراوسێکان ڕێگری بکەن لەئاڵۆزی زیاتری دۆخەکە و بە فیڕۆچونی ناڕەوانی گیانی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە.
دڵنیایش دەدەین کە لەم بارودۆخە ناهەموارە دەرباز دەبین، دواجار بە تەکبیری باش و بە یەکڕیزی دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە، کۆتایی بەم سەرکێشی و چاوچنۆکیە دێت و سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکی ئێستا، دڵنیابن مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان پارێزراو دەبیت و خەباتمان لەپێناو گەلەکەمان درێژەی دەبێت، وەک ڕێگەچارەی خێراش، دروستکردنی حکومەتێکی ئینتقالی کە ئەرکی دایەلۆگی بنیاتنەرانە بێت لەگەڵ بەغدا تاوەکو هەڵبژاردنی بیگەرد ئەنجام دەدرێت بەپێویست دەزانین.
نەمری بۆ شەهیدان، شیفا بۆ بریندارەکان
هەر پارێزراو بێت گەل و نیشتیمانە ئازیزەکەمان
ئۆفیسی وتەبێژانی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
16-10-2017