ناونیشاندەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیا :
ئامادەکردن و نووسەر: #حوسێن عەبدولکەریم ڕۆستەم#
دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیا:
بریتیە لە زنجیرە دەریاچەیەک دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی کیشوەری ئەفریقیا، ناوچەی دەریاچە مەزنەکانی پێک دێت لە دەریاچەی ڤیکتۆریا کە سێیهەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا لە ڕووی ڕووبەرەوە، و دەریاچەی تەنجانیقا کە دووەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا لە ڕووی قەبارە و قووڵی و دەریاجەی مالاوی کە هەشتەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا، سەرجەم دەریاچەکان نزیکەی 31000 کم سێجا ئاوی تێدایە، کە زیاترە لە ئاوی دەریاچەی بایکال و زیاترە لە ئاوی هەموو دەریاچە مەزنەکانی ئەمریکای باکوور، و ئاوی دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیا نزیکەی لە 25% ئاوی سازگاری نە بەستووی ڕووی زەوی پێک دێنێت و نزیکەی لە 10% سامانی ماسی جیهانی تێدایە.
ناوچەی دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیادا دەوڵەمەنترین ناوچەکانی ئەفریقیایە بە ئاو و سەرچاوەی سامانی سروشتی، و یەکێکن لە سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری نیل، ناوچەکە دەوڵەمەندە بە کانزای یۆرانیۆم و کۆباڵت و مس و زێڕ و زیو و بەردە دەگمەنەکان، هەروەها تاڤگەکانی ئانگا لە ناوچەکەدا کە توانی دابین کردنی کارەبای هەموو کیشوەری ئەفریقیا هەیە، بەهۆی دەوڵەمەندی ناوچەکەدا هەر لە کۆنەوە وڵاتە داگیرکەرەکان هەوڵی داگیر کردنی ناوچەکەیان داوە.
ناوچەی دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیا لە پێنچ وڵات پێک دێت (بۆرۆندی و ڕواندا و ئۆگەندا و کۆنگۆ و تەنزانیا).
$ڕیزبەندی دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیا لە گەورەوە بۆ بچووک:$
دەریاچەی ڤیکتۆریا
دەریاچەی تەنجانیقا
دەریاچەی مالاوی
دەریاچەی تۆرکانا
دەریاچەی ئەلبێرت
دەریاچەی کیڤۆ
دەریاچەی ئیدوارد
دەریاچەی کیوگا
$دەریاچەی ڤیکتۆریا:$
دووەهەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا و گەورەترین دەریاچەیە لەئەفریقیادا و گەورەترین دەریاچەی ئیستوائیە لە جیهاندا، ڕووبەرەکی 68870 کم2 و قوڵترین بەشی 82م و سێ وڵات دەکەوێتە کەناری دەریاچەی ڤیکتۆریا کە بریتیین لە کینیا و ئۆگەندا و تەنزانیا، دەریاچەکە لە 3000 دوورگە پێک دێت، و
ڕووباری نیل لە دەریاچەی ڤیکتۆریاوە هەڵدەقوڵێت، ڕووبەری دەریاچەکە دابەشکراوە لە نێوان کينيا بەڕێژەی لە (6%)، و ئۆگەندا بەڕێژەی لە (45%) و تەنزانیا بەڕێژەی لە (49%)، گرنگترین ناوچەکانی ڕاوە ماسی دەریاچە مەزنەکانی تێدایە.
$دەریاچەی تەنجانیقا:$
دەریاچەیەکی گەورەیە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەفریقیا و دووهەم گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا لە ڕووی قەبارە و قوڵی ئاوەکەی لە دوای دەریاچەی بایکال لە سیبیریاوە دێت، دەریاچەکە دابەش بووە لە نێوان چوار وڵات (کۆنگۆ، زامبیا، بۆرۆندی، تانزانيا) کۆنگۆ بە ڕێژەی لە 45٪، و تەنزانیا بەڕێژەی لە 41٪، و زامبیا و بۆرۆندی بەڕێژەی لە(14 ٪)، ئاوی دەریاچەکە دەڕژێتە ناو ڕووباری کۆنگۆ پاشان ناو زەریای ئەتڵەسی، ڕووبەری دەریاچەکە 32900 کم2، درێژی کەناراوەکانی 1828کم و تێکرای قوڵی 570 م و قوڵترین بەشی 1470 م.
$دەریاچەی مالاو:$
لە کۆندا پێی دەوترا نیاسا، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیا و ئەو پەڕی باشووری دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیادا، سێیهەم گەورەترین دەریاچەیە لە ئەفریقیادا لە ڕووی ڕووبەرەوە، و بەپلەی پێنچەم دێت لە ڕووی قەبارەوە لە جیهاندا، کەناراوەکانی لە نێوان سێ وڵات دابەش بووە (مالاوي، مۆزەمبیق، تەنزانیا) دەوڵەمەندە بە سامانی ماسی.
$دەریاچەی تۆرکانا:$
لە کۆندا بە دەریاچەی ڕۆدۆلف ناسرابوو،
دەکەوێتە وڵاتی کینیا و بەشی باکووری درێژدەبێتەوە بەرەو سنووری ئەسیوبیا و پێیدا تێدەپەڕێت، گەورەترین دەریاچەی بیابانی هەمیشەییە لە جیهاندا، و لە ڕووی قەبارەوە گەورەترین دەریاچەی سوێرە پاش دەریاچەی قەزوین و ویسکی کۆل و وان لە جیهاندا، ئاوەکەی گونجاوە بۆ خواردنەوە بەڵام تامی خۆش نییە،
$دەریاچەی ئەلبیرت:$
لە پێشدا بە دەریاچەی مۆبۆتۆ سیسی سیکۆ ناسرابوو، یەکێکە لە دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیادا، حەوتەمین گەورەترین دەریاچەیە لە ئەفریقیادا و بیست و حەوتەمین دەریاچەیە لە ڕووی ڕووبەرەوە لەسەر ئاستی جیهان، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کیشوەری ئەفریقیا لە سنووری نێوان ئۆگەندا و کۆنگۆ دیموکراتی، درێژی دەریاچەکە 160کم و پانی 30 کم و قووڵی دەگاتە 51م و نزیکەی 619م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە.
$دەریاچەی کیڤۆ:$
یەکێکە لە دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیایە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و ڕواندا لە ڕژئاوای ئەلبرتین، ئاوەکەی دەڕژێتە ناو ڕووباری ڕۆزیری کە بەرەو باشوور دەڕوات بەرەو دەریاچەی تەنجانیقا، ڕووبەری دەریاچەکە 2700 کم، و 1460م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، و لە 58 ٪ ئاوی دەریاچەکە دەکەوێتە ناو سنووری کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، قوڵترین بەشی 480م.
$دەریاچەی ئیدوارد:$
بچووکترین دەریاچە مەزنەکانی ئەفریقیایە، دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقیا، لەسەر سنووری نێوان کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و ئۆگەندا، یەکێکە لە سەرچاوەکانی ئاوی ڕووباری نیلە، زۆربەی دەریاچەکە دەکەوێتە ناو خاکی کۆنگۆی دیموکراتی، درێژی دەریاچەکە 64 کم و پانی 51کم و ڕووبەری 2,150 کم² و 920م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە بەزۆری ڕاوە ماسی تێدا دەکرێت.
$دەریاچەی کیوگا:$
دەریاچەیەکی گەورەیە دەکەوێتە ناوەڕاستی وڵاتی ئۆگەندا درێژی 200کم و پانی زۆر کەمە و قووڵی 5.7م و لە زۆربەی بەشەکانی لە 4م کەمترە، و دەریاچەکە 914م لە ئاستی دەریاوە بەرزترە، ڕووباری نیلی سپی بە دەریاچەکە تێپەڕدەبێت تا دەگاتە دەریاچەی ڤیکتۆریا.[1]